ئایا بێ دەوڵەتی فەوزایە و فەوزا دروست دەکات یا خودی بوونی دەوڵەت خۆی؟
13/07/2024
لە باسی دروستبوونی کۆمەڵگەیەك بە لەناوچوونی دەوڵەت، یەکسەر خەڵکی ئەوەی بە خەیاڵدا دێت کە نەبوونی حکومەت و دەوڵەت یانی ئاژاوە و بێ ژیانی خەڵک و بەرەڵایی و دروستبوونی دزی و کوشتن و بڕین ، واتە یانی لە گرێژەچوونی کۆمەڵگە و زۆری تر . بەڵام لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی ڕاستە .
بۆچی ؟
یەك: خەڵکی وا تێدەگەن کە بوونی حکومەت و دەوڵەت زەروورەیەکی مێژوییە و شیرازەی ژیان بەوەوە بەندە . خەڵکی ئەوەی لەبیر دەچێت کە دەوڵەت و دەوڵەتداریی قۆناخێکی کورتە لە مێژوی دوورودرێژی بەشەرییەتدا . هەر دوور نەڕۆین 70 بۆ 80 ساڵ لەمەوبەر حکومەت و دەوڵەت لە شوێنە دوورەدەستەکانی کوردستان و عێراق-دا وجودی نەبووە خەڵکی زۆر بە خۆشی و بە ئاشتی بەیەکەوە ژیاون ، ئەم قۆناخەی ژیانی خەڵکی هەموو نەتەوەیەك لە سەراپای دونیاندا پێیدا ڕۆیشتون .
دوو: لای ئەوان بێ حکومەتی یانی ئاشووب و کوشتن و بڕین و تێکە و لێکە. ئەوەیان لەبیر دەچێت کە هەرە زۆرینەی خەڵکی لە هەموو نەتەوەیەکدا و لە هەموو شوێنێکدا خەڵکی باش و ڕێکوپێکن و ئاشتیخوازن و خۆشگوزەرانییان دەوێت نەك شەڕ و دووبەرەکی و کوشتار و بڕینەوەی یەکدی . ئەو شەڕو دووبەرەکی و جێنەسایت و مەحفبوونەی کۆمەڵێکی زۆری خەڵك و وێرانکردنی ژینگە و ژیان هەر هەمووی لەسەر دەستی حکومەت و دەوڵەتدا ڕوودەدات .
سێ : ئەوان دەڵێن بەیانی حکومەت و دەسەڵات نەمێنێت خەڵکی خەڵکی دەخوات و دزی دروست دەبێت ، بەڵام ئەوەیان لەبیر دەچێت کە بۆچی خەڵك شەر دەکات ، دزی دەکات ، یەك ئەوی تر دەکوژێت، چاوچنۆك و بەچاو تەنگ دەبێت کاتێك کە پاوانەکردنی سامان و سەرەوەتی وڵات لە لایەن هەر کەمینەوە بە پشتیوانی حکومەت و پاراستنیان بوونی هەیە. ئەوە ڕاستییە کە حکومەت و دەسەڵات نەمێنێت لە سەرەتادا بۆ ماوەیەکی زۆر کەم ڕەنگە زۆرشت ڕووبدات ، بەڵام پاش ئەوەی کە خەڵکی بۆی دەردەکەوێ کە چی تر دەسەڵات و حکومەت لە گۆڕێدا نابن، ژیان لەسەر شێوە نوێیەکەی دەق دەگرێت ئیدی خەڵکی ئەوەستێ لەوەی کە کردویانە و بەردەوام دەیکەن .
چوار ئاژاوە چییە؟
ئایا ئاژاوە هەر دزی و مرۆڤ کوشتنە ؟ ئایا بوونی خودی حکومەت ئاژاوە نییە و ئاژاوە دروست ناکات؟ ئایا خودی حکومەت ئاژاوەچی نییە؟
ڕەنگە لایەنێکی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بکەوێتە سەر پێناسەی ئاژاوە و لێکدانەوە و تێڕوانین بۆ وشەی ‘ئاژاوە’ ئاژاوە خۆی.
با بە نموونە کۆمەڵی بریتانی وەرگرین : ئاژاوەکان: ئاژاوەی کۆمەڵایەتی و نێو کۆمەڵ وەکو زیاتر لە ژیانی 2 ملیۆن کەس کە زۆریان کار دەکەن، لەسەر سێنتەرەکانی خۆراك و کەرەکسانی خۆراك بەخشینەوە . 7.8 ملیۆن کەس لە لیستی چاوەڕوانی بینینی دکتۆری تایبەت بە نەخۆشی و نەشتەرگەری و چارەسەری نەخۆشییە جیا جیاکانی شێرپەنجە. بوونی 87،567 هەزار بەندی لە بەندیخانەکاندا. نزیکەی 4 ملیۆن منداڵ یا لەژێر هێڵی برسێتیدا ژیان دەبەنە سەر، یا لەسەر لێواری ئەو هێڵەن. ژمارەیەکی زۆری خەڵکانی بێ خانووبەرە کە ژیان لە نێو لۆچی دوکان و نێو تونێلخانەکانی قیتاردا ژیان دەبەنەسەر ، کە لە ئەمساڵدا ژمارەی ئەوانە بە ڕێژەی لە سەدا 37 چووەتە سەرەوە. ڕۆژانە ژنێك ، گەنجێك ، پیرێك بە چەقۆ یاخود بە فیشەك دەکوژرێت ، داخستنی سێنتەرەکانی لاوان ، بێ بەشبوونیان لە فێربوونی سەلیقەو کاری هونەری و کردنی وەرزش و هاوکاریکردنی یەکدی و ……. فڕێدانیان بۆ سەر شەقامەکان و بەردەم خانوو ماڵەکانی گەڕەك و نەکردنی هیچ شتێکی سوودبەخش . زێدبوونی تەوژم و فشاری رایسیزم و فاشیسزم و جوداخوازی و ناسیونالیستی و …تد دروستکردنی جەنگە ناوخۆیی و نێوانی وڵاتەکان و بە کوشتدانی هەزاران کەس و بریندابوون و هەڵکەندنی هەزارانی دیکە . ناڵینی زۆرێک لە خەڵک بە نەخۆششی دەرونییەوە بە هۆی قورسی و فشاری سەر کار و ژیان… تد
ئایا ئەمانە هەموی ئاژاوە نیین؟ ئایا ئەمانە کە لە کۆمەڵێکدا دەبینرێت کێ سەرچاوە و هۆکارەکانێتی ، غەیر حکومەت و دەسەڵات؟!!!