ئایە وەبەرهێنانی زیاتر و ئابووری قەبەتر دەتوانێت بارودۆخی ژیانی کرێکاران بە گوێرەی ئەو گەشەکردنە ئەمیش بباتە پێشەوە؟
11/09/2024
زۆرێك لە ئابووریناسەکان بەتایبەت ئابوریناسی گەورەی چەرخی ڕابوردوو جۆن مەینارد کینز لە سالی ١٩٣٠ دا وای پێشبینی دەکرد کە لە ماوەی چەندساڵی دوایدا نشوونماکردنی ئابووری لە ڕێگەی وەبەرهێنانی زیاترەوە کرێی کرێکار زۆر بەرزتر دەکاتەوە و گیروگرفتی ئابوری لەڕێگای کارکردن و بەرهەمهێنانی زیاترەوە ، لابەلا دەبێتەوە. ئەو پێشبینی دەکرد و دەی وت ” لەسەردەمی نەوەکانمانا، لە وڵاتی گەشەکردوی ئابووریدا ستاندەری ژیان ٤ بۆ ٨ جار لە ئێستا باشتر دەبێت” تەنانەت پێشبینی ئەو تا ئەو ڕادەیە ڕۆیشت کە دەیوت دەوڵەمەند و هەژار خۆشی لە ژیان دەبینن و ٣ بۆ ٤ کاتژمێر لە هەندێك شوێندا ڕۆژانە کار دەکەن، بەمەش وەختی زیادەیان دەبێت بۆ چێژ وەرگرتن لە وەختە بەتاڵەکانیان .
ئەوە ڕاستە کە لە وڵاتانی گەشەکردوی ئابووریدا سەعاتی کارکردنی ڕۆژانە هاتۆتە خوارەوە ، کرێی کار بەرزبووەتەوە، کرێکاران هۆڵیدەی دەکەن و هەندێك مافیان بەدەستهێناوە کە لە ساڵانی سییەکانی چەرخی ڕابوردوودا لێی مەحروم بوون ، بەڵام زۆر دوورە لەوەی کە کینز پێشبینی دەکرد .
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکیی یو ئێنی ڕێکخراوی کرێکارانی جیهانی هێشتا کرێکاران بڕی کارکردنی ڕۆژانەیان ٤٠ کاتژمێرە پیاوانی کرێکار ٤٦ سەعات لە ڕۆژێکدا کار دەکەن .
هەرئەو ڕێکخراوە هەفتەی ڕابردوو هۆشداری دا کە “پشکی داهاتی جیهانی کار کە نوێنەرایەتی ئەو بەشەی کۆی داهاتی کرێکاران دەکات، لە ساڵی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٢ بە ڕێژەی ٠.٦ لەسەدا دابەزیوە و لەو کاتەشەوە وەک خۆی ماوەتەوە”. لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە کرێکاران داهاتی ٢.٤ تریلۆن دۆلار (١.٨ تریلۆن پاوەند)یان لەدەستداوە. واتە دەبوایە ئەو پارەیە بخرایەتە سەر کرێی کرێکاران تاکو ژیانیان باشتر بووایە. ئەم پارە کاشەش بۆ کوێ چووە؟ ئاشکرایە بۆ زیادکردنی زیاتری قازانجی کۆمپانیا زەبەلاحەکان ڕۆیشتووە..
با لێرەدا ئاماژە بە یەکێك لە ئابووری گەورە و بەهێزی وڵاتێک لە جیهاندا بدەین کە بریتانیایە . بە گوێڕەی ئامارە نوێیەکان دەبینین لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لاوازبوونی هێزی/ پاوەری موزایەدەی کرێکاران ڕوویداوە. لە بەریتانیا گەشەی ڕاستەقینەی مووچە لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان بە تێکڕا ٢.٩% و لە ساڵانی نەوەدەکاندا ١.٥% و لە ساڵانی ٢٠٠٠دا ١.٢% بووە. لەم ماوەیەدا گەشەی بەرهەمهێنان لە هەر کاتژمێرێکدا کە کاردەکات بە تێکڕا 2.1% بووە، لە ئەنجامدا زیادبوونی مووچە بە بەراورد بە گەشەی بەرهەمهێنان لە دواوە بووە. تەنانەت لە دەیەی ڕابردوودا کاتێک کە کرێی ڕاستەقینە لە بەریتانیادا وەستاوە، بەڵام بەرهەمهێنان نەوەستاوە.
کەواتە بەگوێرەی واقیع و ئامارەکان پێشبینییەکەی کینز و سەراپای ئابووریناسە لیبراڵەکان کە بۆ داهاتووشی دەکەن کە چەندێ بەرهەمهێنان لە زیادییدا بێت لەپاڵ وەبەرهێنانی زیاتردا هیچ هیوایەك نادات کە سەعاتی سەرکار لە واقیعدا بێتەخوارەو، واتە ئەگەر کرێکاران لە ڕۆژێکیشادا ٥ سەعات کاربکەن هێشتا ئەوەندەی ٨ سەعاتەکەی پێشتر بەرهەمدەهێنن .
لە ئێستادا لەوە دەکات گۆڕانکاری لە یەك دوو دەیەیەکی داهاتوودا ڕووبدات کە زیرەکی دەستکرد مەیدانەکانی ئابووریی داگیرکرد ئیتر هێزی کرێکار لە کەمبوونەوەدا دەبێت و زۆربەیان بێ کار دەمێننەوە. لەم بارەشدا دەوڵەت ناچارە کە هەفتانە یا مانگانە بڕێك پارە بە هەموو کرێکارانی بەتاڵە بدات تاکو توانای کڕینی کاڵاکانی کۆمپانیاکانیان هەبێت دەوامی پێبدەن.