ئەردۆگان ئەم یارییەی دۆڕان و بۆ هەمیشەش دەڕوات
28/03/2025
ئەردۆگان لە ماوەی 22 ساڵ دەسەڵاتیدا هەر یارییەکی کردبێت لە زۆربەیاندا براوە بووە بە تایبەت لە ساڵی 2015 وە هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە . بەڵام یاری ئەمجارەی بە گرتنی ئەکرەم ئیمامغلۆ نەك یاری بە ئاگر کرد، بەڵکو ئاگرێكی کردەوە نەك هەر خۆی تێیدا دەسوتێ بەڵکو ئاکەبە و ئیخوانەکانی جیهانی عەرەبی و کوردستانیشی پێوە دەسوتێت ، یارییە ئاگرینەکەی دۆڕاند، حوکمەکەیشی دەدۆڕێنێت و سەری ئاکەبەش بۆ هەمیشە لە قووڕ دەنێت.
ڕۆیشتنی هیچ گومانێکی تێدا نییە ئەوەی کە گومانی تێدایە کاتەکەیە بەم زووانە و بە تەکانی خۆپیشاندەران ، یاخود لە بانگەوازی هەڵبژاردنێکی پێش وەختدا کاتێک ئەمە دەکات ئەگەر ئاشتەواییەکی درۆیانە لەگەڵ کورددا بکات ، یاخود لە ساڵی 2028 دا کە تەنها کەمتر لە سێ ساڵی ماوە ، ئەو کات بای بای تەواویمان لێدەکات و ئێمەش لە دادگای هەیك [ Hague] مەرحەبای گەرمی دەکەین.
ئەم گورزەی ئەمجارە کە بەری کەوت وەکو گورزەکانی گازی پارکی 2013 نییە. ئەو لە 2013 دا توانی خۆپیشاندەران سەرکوت بکات لە 2015 دا پەکەکەی بئاڵێنێتەوە لە شەڕەکەوە ، لە 2016دا کودەتایەک دروستبکات و هەرچی مەترسی کودەتای سەربازیی و هەڵبژاردن بێت هەمووی لەبار بەرێت ، بریارە یەک بەدوای یەکەکانی لە ئازادیی تاك و کەمکردنەوەی مافی ژنان و لێ سەندەنەوەی هەموو ئازادییەك لە ڕؤژنامەوان و نوسەران و توێژەرەوان و هەموو لایەك بسەنێتەوە، دەستوەردان لە چەند وڵاتێکی دونیادا و هاوکاری شەڕی ناوخۆی لایەنێکیان ، دروستکردنی لەشکرێکی بەکرێگیراوی ناسووپایی و بەهێزکردنی داعش تا گرتنی موسڵ و دووبەشی عێراق و هاوکاریی ئەوان و گروپە تیرۆریستەکانی دیکە لە سوریا…..بکات.
ئەو زەمەنە ڕۆیشت کە هەموو ئەمانە هەریەك بە جۆرێك لە جۆرەکان هاوکاری درێژبوونەوەی تەمەنی حیزبەکەی و حکومەتەکەی بوون. لە ئێستادا زۆرێک لەو نەوەیەی ساڵی 2013 مردون ونەماون ، ساڵەهایەکی زۆر بەسەریدا تێپەڕیوە، کە 12 ساڵە ، بەڵام ساڵی 2028 ئەگەر پێشتریش هەڵبژارند نەبێت ئەوە زۆر نزیکە ، ئەم نەوەیەی کە ئێستا لەسەر شەقامە هێشتا هەر گەنج دەبن ، زاکیرەی خەڵکیش لە خراپەکارییەکانی ئەرۆدگان و حوکمەکەیدا هەر وەکو دوێنێ دەبێت و وا بە ئاسانی لەبیر ناکرێن . بۆیە هەڵبژاردنی ئایندە ئیدی هەر کاتێك بێت ئەوە ئەردۆگان و حیزبەکەی لە دەرەوەی حوکمڕانی دەمێننەوە مەگەر کورد فریای بکەوێت، کە هیوادارم کورد بە چەواشەکارییەکانی ئەردۆگان و بە وەعدە درۆینیەکانی هەڵنەخەڵەتێن .
ڕۆیشتنی ئەردۆگان ، ڕۆیشتن و لاوازبوونی ئیخوانەکانە، داعشەکانی حوکمڕانی ئێستای سوریایە ، لاوازبوونی پارتی و قەتەرییەکانە واتە ئیخوانەکانی کوردستان .
گۆڕانکاری لە تورکیا و لە ئێراندا گۆڕانکاری زۆر گەورەن لە ناوچەکەدا و شکستی ئیسلامی دەسەڵاتخواز و نەمانی گرپە تیرۆریستەکانە. جۆرێك لە ئاسایش و ژیان بۆ خەڵکی ناوچەکە گەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت دەگەڕێتەوە بە ڕوودانی ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە .