ئەوەی کە مرۆڤ سەرسام دەکات و عەقل گیرۆدەی بیرکردنەوەیەکی زۆر چڕ و پڕ دەکات
15/06/2025
ئەوەی کە مرۆڤ سەرسام دەکات و عەقل گیرۆدەی بیرکردنەوەیەکی زۆر چڕ و پڕ دەکات کەوتنە خوارەوە چەند ساروخێکی ئێرانی لە ناو سەدان ساروخدا بۆ ناو بینا و ئەپەرتامێنتی دانیشتوانی مەدەنی تەلئەبیب نییە ، بەڵکو قاتوقڕکردنی سووپاسالارە جەلادەکانی ئێرانە کە سەراپایان و زۆرێکیش لە زانایانی نوەوەی و تێشکانی دەیەها بارەگا و بنکەی بەهێزی سەربازیی و سوپایی و هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی نوەوی ئێرانیییە لە زەرفی تەنها دوو کاتژمێردا هەر هەمووشی لە یەك کاتدا.
ئەوەی ڕوویدا بەڵگەی فشەڵی و بنکۆڵیی حوکمی ئاخوندەکان و تەنینی ڕایەڵەی سیخوڕی ئیتلاعات و ئەوانی دیکە و تەنانەت تا ئیستیعلامانی خودی خامەنەیشە بە دەزگەی سیخوڕی موساد. ئێمەی هەژار هیچ لەو نهێنییە گەورەیە نازانین و ئیسرائیلیش ڕەنگە تا دەیەیەکی دیکە ئەو زانیاریانە دزە پێ نەکات .
من خۆشحاڵ نیم بەم شەڕە، شەڕێکە کە نەك دانیشتوانی خودی ئێران و ئیسرائیل باجە سەرەکییەکەی دەدات بەڵکو هەر هەموومان لە هەر شوێنێک بین بە جۆرێك لە جۆرەکان باجەکەی دەدەین لە گرانبوونی نەوت و غاز و کارەبا و هاتووچۆی سەفەر و هۆڵیدەیی کرێی خانوو و سلفەی عەقار و سەرکەوتنی کولفەی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیانیش.
هاوکاتیش من ئەوە دەبینم کە گەلانی ئێران 47 ساڵە هیچ نەفەسدانێکیان بۆ نەماوەتەوە ، هەناسەیەکی ئازادیانە هەڵنامژن ، پارووە نانێك بە بێ ترس و دڵەڕاوکێ ناخەنە دەمیان ، وێرای ئەوەی کە دەزانن کە وڵاتەکایان وڵاتێکی گەورەی بەرهەم هێنەر و کشتیاری و خاوەن کانزایەکی سروشتیی زۆر و زەبەندەیە . دەزانن کە سەراپای پارەکەی قووتی ئەوانە کە ئێران توانی شەڕی لە 5 وڵاتدا پێبکات : خودی ئێران خۆی ، یەمەن ، لوبنان، سوریا، عێراق-یش تا ڕادەیەك. کە ئەمانە ملیارەها دۆلاری تێچووە .
شتێکی دیکەش ئەزموون و رووداوەکانی زۆرێك لە وڵاتانیش ئەوەی سەلماندووە کە بە خۆپیشاندان و پرۆتێست چەندێك درێژیش بێت وەکو لە خودی ئێران ڕوویدا ، لە عێراق، لوبنان، سوریا ، ڤێنزویلا ، تورکیا ، ڕوسیا ، فەرەنسا و پۆڵۆنیا و بولغاریا و …. ڕوخاندنی ڕژێمەکانی زۆر مەحاڵ کرد .
کەواتە دوو هێز و تەنها و دوو هێز دەتوانن ڕژێمی وڵاتان بگۆڕن بە ڕوخاندنی حکومەتەکانیان . یەکەمیان : هێزی کرێکارانە ئەوەیش بە مانگرتنی سەرانسەری بۆ ماوەیەکی درێژ کە ئەمەش لە هیچ وڵاتێکدا لە 50 ساڵ ڕەنگە 100 ساڵیش لەمەوبەرەوە ڕوی نەداوە ، ئیدی نازانین لە ئایندەدا. دووەم: هێزەکانی وەکو ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان وەکو وڵاتانی ئەوروپی و ئیسرائیل.
بەداخەوە کە ئێمە لە بەردەم تەنها ئەو دوو بژاردەیەداین نەك بژاردەی سێیەم . هەر لەبەر ئەوەش بوو کە خەڵکانێکی زۆر لە داگیرکردنی عێراقدا لە لایەن ئەمەریکا و بریتانیاوە دەهاتنە سەر شەقام و ئاهەنگیان دەگێرا . ئێستا لە ئێرانیشدا لە تەبرێز و هەندێك گەڕەکی تاران هەمان شت دەبینین کە ڕەنگە ئەمە قۆناخی یەکەمی ڕاپەڕینی ئێرانییەکان بێت ، قۆناخی دووەم ڕەنگە چەند ڕؤژێکی دیکە دەست پێکات کە گەر هێڕشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت [ کە زۆر زەحەمەتە چونکە لە سوودی سەرمایەداری جیهانی مانەوەی ئێرانە وەکو جەمسەری شیعە دژ بە سوونە و سعوددییە و لەکار نەکەوتنی کارگە و کۆمپانیاکانی چەك و تەقەمەنین ] ئەوە خەڵك لە ئێراندا راپەڕین دەکەن .
کردنی ئەو ڕاپەڕینە و هەرەسهێنانی ڕژێمی ئاخوندەکان لەسەر دەستی خۆیاندا و هەرچی دروست بکەن بە گەورەترین سوود بۆ هەموو خەڵکی ئێران و کورد لە هەر چوار پارچەکەدا دەگەڕێتەوە .
بەداخەوە کە ئەو هێزانەی کە لە ئێراندا هەن نەك هەر نەیان توانیوە ئامادەکاری بکەن لەو بارەوە بەڵکو ڕاگەیاندنی خراپیش بڵاودەکەنەوە . تەنها هێزێك کە لە ڕاستیدا بەرنامەیەکی عەمەلی تا ئێستا باسکردبێت کە خاڵەکانی زۆر باشن بەرنامەکەی پژاکە کە ڕەنگە پێچەوانەی رای پەکەکە و کەجەکەش بێت .
خۆئامادەکردن و قسەکردن لەسەر خۆڕێکخستن لر گروپی لۆکاڵی و ڕێکخراوی جەماوەریانەدا و هەروەها خۆپاراستن لە ئەزموونە قێزەوەندەکانی وەکو هەرێمی کوردستان هەنگاوی یەکەمە بۆ پلانی ئایندە کە دانیشتوانی وڵاتی ئێران خۆیان دەتوانن بڕیاری لەسەر بدەن و دایبنێن کە چی بکەن و چییان پێویستە لەم قۆناخەدا.