Categories
Kurdish

بۆچی جیهان دەبێت تێبینی پەیوەندی نێوانی سعودییە و چین و هاوپەیمانەکانی بکات و ئەمە چۆن پەیوەندی بە تایوانەوە هەیە

بۆچی جیهان دەبێت تێبینی پەیوەندی نێوانی سعودییە و چین و هاوپەیمانەکانی بکات  و ئەمە چۆن  پەیوەندی بە تایوانەوە هەیە

نوسینی: Andrew MacLeod

و: زاهیر باهیر

27/04/2023

کابینەی سعودیە لەم دواییانەدا بڕیاری پەیوەستبوون بە Shanghai Cooperation Organisation (SCO) ، ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای بە سەرۆکایەتی چین پەسەند کرد.  ئەمەش دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی کە ڕیاز [پایتەختی سعودیە] بە هەموو وزەی یەدەکییەوە لە شەڕی ئۆکرانیا هەڵبژاردنی  لایەنەکان دیاری بکات.  بەشێکی ئەم کارەی سعودیە بەهۆی ڕەتکردنەوەی مامەڵەکردنە لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییە لە لایەن  جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کە برینداری کردووە، لە ڕووسیا و چین نزیک دەبێتەوە، بەتایبەتی کە چینییەکان نێوەندگیری نزیکبوونەوەیان لە نێوان شانشینی سعودییە و ئێراندا کردووە.

SCO لە ساڵی 1996 هاتە ژیانەوە و خۆی وەک “شەنگەهای پێنج” لە کۆماری گەلیی چین، کازاخستان، گرگیستان، ڕووسیا و تاجیکستان پێکهێنا.  لە ساڵی 2001 ژمارەکە زیادی کرد بە هاتنی دەوڵەتی ئاسیای ناوەڕاست و ناوی خۆی گۆڕی بۆ SCO کە ڕێکخراوێکی هاوکاری سەربازی و سیاسی و ئابوورییە.  لەو کاتەوە زۆربەی دەوڵەتانی دیکەی ئاسیای ناوەڕاست پەیوەندییان پێوە کردووە زائیدەن  مەنگۆلیا وەک چاودێرێک و هاوکاتیش لە شێوەیەکی ڕەخنەگرانەدا.  لە ساڵی 2017دا، پاکستان و هیندستانیش هاتنە ناوەوە.

لە ساڵی 2023دا SCO نزیکەی 50%ی دانیشتوانی جیهانی لە دەوڵەتانی ئەندام و دەوڵەتانی چاودێر یاخود هاوبەش/شەریك گرتەوە، هەروەهاو نزیکەی 30%ی ئابووری جیهانیش لە حاڵەتی ئاسایی بە پێوانەی دۆلاری پوخت.  کەمێک زیاتریش لە 40% لە purchasing power parity (PPP) ، هاوسانی هێزی کڕین . ئەمەش پێوەرێکە کە هێزی ئابووری دەپێوێت کە بەپێی تێچووی کاڵاکان لە وڵاتێک یان کۆمەڵێک وڵاتدا ڕێکخراوە.

ئەمە لە کاتێکدا G7 ، گروپی 7 ، نوێنەرایەتی ژمارەیەک دانیشتوانی  زۆر کەمتر دەکات و تەنها نزیکەی 27%ی ئابووری جیهانی دەگرێتەوە بە گوێرەی پیوەری هاوسانی هێزی کڕین ،  PPP.

. ڕیکخراوی هاوکاری شەنگەهای، SCO  کاریگەری ئابووری زیاتری هەبووە لە G7 و لە ساڵی 2021دا نوێترین کۆمەڵەی مانۆڕی سەربازی هاوبەشیی خۆی ئەنجامدا.  لە ئێستاشدا سعودیەی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی سامانەکان بەشداری دەکات.   SCO  زۆرجار مانۆڕی سەربازی هاوبەش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجام دەدات و مانۆڕی داهاتووش لە کۆتایی ساڵی 2023دا پلانی بۆ دانراوە. ئەم مانۆرەی داهاتوو سەرنجڕاکێش دەبێت بزانین سعودیە چۆن بەشداری سەربازی دەکات.

ئەم نزیکبوونەوەیە لە پەکین بە تایبەتی گرنگە بەو پێیەی کە چین لەم دواییانەدا متمانەی دیپلۆماسی خۆی بەهێزتر کردووە بە کەوتنە نێوانی سعودیە و ئێران و نزیکبوونەوەیان.

 ناکۆکییە جۆراوجۆرەکانی ئێرانییەکان و عەرەب یەکێك لەو هۆکارانە بووە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران بە ناسەقامگیری و پارچەپارچەیی ماونەتەوە و نەتوانن بەخوردێکی ناوچەیی بۆ کێشەکانیان ببیننەوە.

بەشێک لە ستراتیژیی فراوانتر

شەڕی کارەساتبار لە یەمەن تەنیا نموونەیەکە. ئەو بەیەکادانە شەڕێکی بە وەکالەت بووە لە نێوان سعودییەکان و ئێرانییەکان بۆ پاوانەکردنی ناوچەکە. لە کاتێکدا کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیە لە ئێران کەمترە، بەشێک لە ستراتیژیەتی سعودیە ئەوە بووە کە نرخی نەوت بە شێوەیەکی دەستکرد نزم بهێڵێتەوە، باشترە لە خوار 65 دۆلاری ئەمریکی (52 پاوەند) بۆ هەر بەرمیلێک بێت کە هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەوە ئەو  نرخە بێت کە ئێران پێویستی پێیەتی بۆ هاوسەنگکردنی بوجەکەی.

کەواتە، شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە کە ڕاستەوخۆ دوای تێکەوتنی  چینییەکان بۆ ڕێککەوتنی ئێران/سعودیە مامەڵەی ئۆپێک، کارتێلی نەوت، ڕووی دا کە هەردوو وڵات ئەندامین و کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی ڕاگەیاند.  بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش لە ئەنجامدا کە فشارەکانی  هەڵاوسانی پارە لەسەر ولاتانی  ڕۆژئاوا دەهێڵێتەوە بەڵام  ئابووری ڕووسیا وەکو ئاو دەڕوات.

زۆرێک لە ڕۆژئاوا پێیان وایە زۆرینەی جیهان دژی شەڕی پوتینن لە ڕووسیا و دەیانەوێت سزاکانی سەر ڕووسیا کاراییان هەبێت.  هەرچەندە یەکەی هەواڵگری ئابووریناس تازە شیکارییەکی بڵاوکردۆتەوە کە دەریدەخات پشتگیریکردن لە ڕووسیا لە جیهانی پێشکەوتوودا گەشە دەکات، بەشێکی بەهۆی یادەوەرییەکانی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپیەوەیە.

هەژموونی چینی گەشە دەکات

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی چین، Xi Jinping ، شی جینپینگ، جەنگی ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت بۆ تاقیکردنەوەی ئیرادەی ڕۆژئاوا، بەکارهێنانی تەقەمەنی مەخزەنەکان هەروەها  هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ئەو چەکانەی ڕۆژئاوا بە ئۆکراینییەکانی دەدات، هەموو ئەمانەش لەکاتێکدا نزیک دەبێتەوە لە ئامانجی ڕاگەیەندراوی دەوڵەتەکەی  ‘شی’ کە بریتییە لە یەکگرتنەوەی چین لەگەڵ  دوورگەی تایوان.

هیندستان وەک ئەندامێکی SCO و Quad (هاوپەیمانی شل و شێوای ئوسترالیا، هیندستان، ژاپۆن و ئەمریکا)، ئەو کارە دەکات کە بە باشترین شێوە دەیکات – یاری بە هەردوو لای شمشێرەکە دەکات.  سەرۆکوەزیران نارێندرا مودی، کاتێک لەم دواییانەدا پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا هیندستان زیاتر بەرەو جەمسەری کاریگەری چین ڕاکێشراوە، یان جەمسەری ئەمریکا، وتی: “ئێمە جەمسەری سێیەم دروست دەکەین.”

وە لەکاتێکدا کە هەموو ئەمانە دەگوزەرێن ئوسترالیا، بەریتانیا و ئەمریکا هاوبەشی نوێی ئەمنی خۆیان لە ئاوکوس (Aukus ) ڕاگەیاند، چاوێکیشیان لەسەر گریمانی ململانێی چین بوو لەسەر تایوان.

 فراوانکردنیSCO   لای چین مەشقکردنی ئەم دواییەی ماسولکەی دیپلۆماسی خۆی، هەمووی بۆ پشتگیری لە ئامانجەکەیەتی کە وەک زلهێزێکی جیهانی سەیر بکرێت – و ئامادەکردنی هاوپەیمانییەکانیەتی بۆ ئامانجە ستراتیژییە ڕاگەیەندراوەکەی بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ تایوان.

ئەمە بۆ تایوان مانای چییە

لەم دواییانەدا پەکین بیری جیهانی خستەوە کە لە ساڵی 1971، بڕیارنامەی 2758ی نەتەوە یەکگرتووەکان پێگەی ئەوی وەک حکومەتی یاسایی چین پشتڕاستکردەوە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکان، پێدەچێت فراوانبوونی SCO، و مشتومڕ لەسەر ڕۆڵ و مانای بڕیارنامەی 2758 گرنگتر بێت.

ڕۆژێک پێش پەسەندکردنی بڕیارنامەی 2758ی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1971، خاکی دانپێدانراوی چین هەردوو چین و تایوانی لەخۆگرتبوو.  دەبوو هەردووکی بگرێتەوە چونکە حکومەتی تایوان حکومەتی نێودەوڵەتی دانپێدانراوی هەموو چین بوو.  بڕیارنامەی 2758 حکومەتی دانپێدانراوی لە تایپەیەوە [Taipei پایتەختی تایوان ] گۆڕی بۆ پەکین، بەڵام هیچ لێدوانێکی لەسەر سنوورەکانی خاکی چین نەدا و هەربۆیە سنوورەکان نەگۆڕاون.

دەستووری تایوان هێشتا ئیدیعای چین دەکات، و هێشتا “بڕگەی ئینتقالی” بۆ هەڵبژاردنەکان تا یەکگرتنەوە لەخۆدەگرێت.  یەکگرتنەوە ئامانجێکی دیاریکراوە لە دەستووری تایواندا.  دوو پارتە سیاسییەکەی تایوان بۆچوونی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە یەکگرتن لەگەڵ چین، یان سەربەخۆیی لە چین.

چین لە ڕێگەی SCO و ئامرازەکانی دیکەوە هاوپەیمانەکانی ڕێكدەخات بۆ پشتگیریکردن لە هەڵوێستی خۆی لەسەر تایوان لەکاتێکدا خیتابەکانی خۆی گرنگتر دەگەیەنێت.  لە کۆتایی هەفتەی 8ی نیسانی 2023دا مەشقی سەربازی لە دەوروبەری دوورگەکەدا ئەنجامدا، دواتر ڕایگەیاند کە لە 16ی نیساندا هاتنی کەشتییەکان لە ناوچەیەکی باکووری تایوان قەدەغە دەکات بەهۆی “ئەگەری کەوتنەخوارەوەی داروپەردووی موشەکی”.

ئەمریکا هاوپەیمانە سەرەکییەکانی بەهێزتر دەکات کە دەتوانن لە ڕێگەی ناتۆ و ئاوکوسەوە (Aukus )   پشتگیری لە هەڵوێستی خۆیان بکەن لەسەر تایوان بەڵام پشتگیرییەکان لە جیهانی گەشەسەندوودا دزەدەکات ، لە کەمبوونەوەدایە..

 ئێستا جیهان زیاتر ئاڵۆزتر بووە.

Leave a Reply