Categories
Kurdish

بۆ هاوڕێی دێرینم: موحەمەدی شێخ ڕەشیدی دێلێژە

بۆ هاوڕێی دێرینم: موحەمەدی شێخ ڕەشیدی دێلێژە :

07/06/2020

چۆن بتوانم یادی ژیانی سەربەرزانەت بکەمەوە؟

ساڵی 1979 و سەرەتای ساڵی 1980یە، جەنگی ئێران و عێراق دەستیئ پێکردووە ، ئاڵۆزی نێو شارەکان و فشاری هێزی ئاسایش و خۆفرۆشانی کوردیش ئەوەندەی تر بارودۆخەکەی خراپکردووە، چالاکی و کاری سیاسی گروپ و ڕێکخراوەکانی وەکو کۆمەڵە و یەکێتی کارگەران و پێشەوا و وەحەدەت ئەلقاعیدە و گروپی مارکسیی-لینینیەکانی عێراق-ی کە زیاتر بە گروپی ” کار ” دەناسران و من و چەندەها هاوڕێی دیکە کارمان تێدادەکرد، پەراوێز خستووە.

لەگەڵ فشاری بەعس و چڕبوونەوەی جەنگی نێوان ئێران و عێراقیش ڕۆژ بە ڕۆژ مانگ بە مانگ ساڵ بە ساڵ کوونە مشك دەبووە قەیسەریی و ئەنجامدانی بچوکترین چالاکی سیاسیی و ڕێکخراوەیی دەبووە کاری خۆکوژیی ، خۆت و خێزانت و هاوڕێیانت تێیدا دەبوونە قوربانیی.

فشارە گشتیەکان تا دەهات زیاتر دەبووەوە، هێڕشەکانی بەعسیش تا دەهات چڕتر دەبووەوە ، ترس و نیگەرانییەکانیش تادەهات قوڵتر دەبووەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاسۆی ژیان ، خونچەی هیواکان ، پەیوەندی هاوڕێیانە، کارکردنی نهێنیانە، خۆڕاگریی لەخۆبوردووانە، زۆری دیکە لەمانە، لە هەڵکشان و گەشانەوە و درەوشانەوەدا بوو.

بۆ گروپێکی بچوکی وەکو ئێمە لە هەلومەرجێکی ئاوادا کە سەنگی ڕێکخراوەییمان زیاتر لە نێو شارەکاندا بوو هەر لە کۆبوونەوە و شاردنەوەی هاوڕێیانمان و لەتایپدانی هەردوو ڕۆژنامەکەمان ، کار و العمل، بەیان و…. بڵاوکردنەوەیان و گەیاندنە دەستی هاوڕێیانمان لە شارەکانی دیکە، بۆ ئێمە زۆر گران و مەترسیدارتر دەکەوتەوە چونکە ئێمە نەك هەر دەبوایە خۆمان لە هێز و ئاسایشی بەعس بپارێزایە بەڵکو دەبوایە بە هەمان شێوە لە یەکێتی نیشتمانیش بە ئاگابوینایە کە ژیانی دوو هاوڕێمان و چەند هاوڕێیەکی نزیکی تریشمان ، لە مەترسیدا بوو کە هەڕەشەیان لێکرابوو .

کار گەیشتە ئەو رادەیەی کە کەسانێك مەترسیان لەناو شاردا لەسەربوو ملیان بۆ دەرەوەی شار ، گوندەکان، شوێنەکانی ژێر ڕکێفی هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی دەنا، بەڵام بۆ ئیمەیەك کە دژ بە دەسەڵات و سەراپای بزوتنەوەی چەکداری کوردایەتی بوین، نەك هەر ئاسان نەبوو کە گوندەکانی ژێر کۆنترۆڵی یەکێتی هەلبژێرین بۆ سەلامەتیمان ، بگرە کە ناچار بووین کە دوو هاوڕێی دەرکەوتومان ، مەلا ڕەوف [ مەلا ڕەوفە شەل ] و لەتیف کەریم واحید-یش بهێنینەوە ناوشار و لەوێ بیانشارینەوە.

لە بارودۆخێکی ئاوادا زۆر جار کە هاوڕێیان بە ناوی نهێنی یاخود هەر بە ناو یەکدی دەناسن، کاری سیاسی ناچارت دەکات کە ئیتر دەبێت فیزکلی یەکتر بناسن. من پێشتر بە ناوی ‘ هاوڕێ صەلاح’ نەك هەر تۆم دەناسی و بەڵکو کاراکتەر و چالاکی و خەباتیشتم دەزانی .

باش نایەتەوە یادم یا سالی 1982 بوو یا سەرەتای 1983 بۆ ماوەیەکی کەم کە بارودۆخی شار هەر یەکجار خراپ بوو بریارمان دا کە تابیعەکەمان هەرچۆن هەیە بۆ ماوەیەکی کەم لەگەڵ هەندێك بڵاوکراوەی گروپدا لە شار دەرکەین و بیگەیەنینە شوێنیکی ئەمین . ئەم کارەش بە هاوڕێ برایم ئیسماعیل کاکە حەمە سپێررا.

دوای ماوەیەك بڕیارمان دا کە تابیعەکە بهێنینەوە بۆناو شار بۆ تەبعکردنی ژمارەی داهاتوی ڕۆژنامەکەمان. کاری هێنانەوەشی بە من سپیررا.

ئیتر کات و شوێن دادەنرێت ، من لە سلێمانییەوە دێم و تۆش بە تابیعەکەوە لە دێلێژە دووردەکەویتەوە و لە چاوی خەڵکی دێ وندەبیت و لە پشتی جادەکەوە بەیەك دەگەین. من تۆ بە صەلاح دەناسم و تۆش من بە صدیق. پاش دەمەتەقێیەکی کورتی بەڵام گەرم و گوڕ، پێش ئەوەی کە هیچ کەس من و تۆ ببینێت و منیش دەبیت بە زووترین کات بگەڕێمەوە بۆ سلێمانی، پێش تاریکبوون و تابیعەکە بگەینمە ماڵی هاوڕێیەك کە بڕیارە بۆ ماوەیەك لە ماڵی ئەوان بیشارینەوە.

من وا دەزانم کە تابیعەکە دەچێتە ژێر تایە سپێرەکەی ناو بوتی سەیارەکەمەوە، بەڵام کە تایە سپێرەکەمان دەرهێنا و ئەومان خستە ژێر تایەکە ، بۆمان دەرکەوت کە تایەکە تابیعەکە داناپۆشێت بەڵکو لاو نیو یاخود بە قۆقزی جێی خۆی دەکاتەوە ، ئەمەش زۆر خەتەرە چونکە هەر ئەوەندە لە خاڵی پشکنینی تاسڵوجە، بوتەکەم پێهەڵدەنەوە ئیتر یەکسەر دەبینرێت و هەموو شت تەواو دەبێت.

تۆ دەڵێیت: دەڵێی چی هەر دەیبەیت؟ منیش دەڵێم چار نییە دەبێت بیبەم چونکە پێویستمان پێیەتی لەناو شار . تۆ دەڵێیت ئاخر ئەم کارە زۆر مەترسیدارە، بە ڕای من مەیبە و هەوڵدەدین چارێکی تری بۆ بدۆزینەوە. من هەر پیداگریی لەسەر بردنەوەی بۆ ناو شار دەکەم .

من پێتدەڵێم هاوڕێ تۆ برۆ خۆت بشارەوە و هیچ شتێك لە ماڵدا مەهێڵە نەبا من بگیرێم و بڕوخێم. کە تەماشات دەکەم ڕەنگت گۆڕاوە نەك لەبەر ئەوەی کە دەترسیت ، لەبەرئەوەی کە ئەو قسەیەی من کە وەکو ئیحتیاتێكردنێك بوو، لەوەی دەکرد کە متمانەمت لا کەم بکاتەوە. دەڵێم هاوڕێ نیگەران مەبە، لە ئێستادا 3 گریمان هەیە گریمانی یەکەم کە لە سەدا 50 دەرباز دەبم گریمانی دووەم لە سەدا 50 یە من بگێرێم ، گەر گیراشم هێشتا گریمانی ڕوخانی من لە سەدا 25 ، بەڵام تۆ دەبێت ئاوا بکەیت کە من وتم. بڕۆ لە دێ دەرچۆ مەگەڕێرەوە بۆ ناو دێ تاکو هەواڵی سەلامەتی گەیشتنی منت پیدەگات.

بەم شێوەیە من و تۆ ڕێکدەکەوین و بە دڵێکی خەمبارەوە تەوقە و خوداحافیزیی لە یەکدی دەکەین من بەرەو سلێمانی دەگەڕیمەوە، نازانم و ناشبێت بزانم تۆ پلانت چییەو بەرەو کوێ دەڕۆیت.

ئیتر ئەمە سەرەتای ئاشکرابوونی من و تۆیە و ڕایەڵەی نزیکبوونەوەی من و تۆ لەو کاتەوە دەستپێدەکات و دوورو نزیك ئاگامان لەیەکدییە .. ئاگام لە ناڕەحەتی ژیانتە ، کارکردنی سەخت و شەوانەی کاری سەختتە، چێشتنی خەمی دووریی هاوسەر و منداڵانتە ، تۆ لە لایەکەوە لە هەوڵی خۆژیان و چونێتی هێنانی زەینەب و ڕازو کامۆدایت و لە لایەکی ترەوە کۆڵێك خەموو پرسی هەژارانی ئەم دونیایەت لە خۆت ناوە و بەشداریت لە کەمپەین و خەبات دژ بە زوڵم و زۆر ، دژی بە نادادپەروەری کۆمەڵایەتیی و نایەکسانی و خەبات بۆ هێنانەدی دونیایەکی باشتر ، دونیای ناچیانیەتی ، دونیای نا هرراشی ، نا هەرەمی .

مەخابن ژیان هەر لە سەرەتاوە دۆستت نییە ، کاتێك کە لە ڕاکە ڕاکەی بەعس وپیاوانی رزگارت دەبێت بەرو دێلێژە مل دەنێیت تاکو لەوێ هەوای ئازادیی هەڵمژیت ، ژیان لیرەشدا هەر لەگەڵتا، نیە ، پێچەوانەی ئارەزووەکان و هیواکانت لەهەنگاوناندایە . بەڵام تۆ کەسێکی کە هەرگیز ناتەوێت رادەست بیت ، هەرگیز ناتەوێت بۆی ماڵی بیت ، ژیان دەریایەکە و تۆ بەڕوی شەپۆلەکانیان مەلە دەکەیت ، تۆ دژ بە شەوەزەنگەکانی خەبات دەکەیت ، تۆ دژ بە ئاراستەکەی و رووداوە باوەکانی، هەوڵ دەدیت …

کاتێك کە ئەم هەنگاوانە دەنێیت ، کاتێك کە ئەم ئاراستەیە دەگریت، کاتێك کە تۆ کۆڵنادەیت … لەو لاوە هێزێکی ترت لێ ڕاستدەبێتەوە ، لەو لاوە بەهانە و بیانوی ترت بۆ دەدۆزرێتەوە ، لە لایەن بەعسەوە نا ، ئەمجارەیان لە لایەن هێزی کوردایەتییەوە ، یەکێتی نیشتمانییەوە بە بیانوی ئاڵای شۆڕش- وە نەك بە بیانوی ئەندامبوونی گروپی ” کارە” وە لەگەڵ چەند هاوڕێ و خزم و برادەری تردا دەگیرێن و بەعسئاسا ئەشکەنجە دەدرێن. وەکو خۆت بۆت گێڕامەوە ئەگەر گیانبەختکردوو ‘ حەمەڕەش و شێخ دلێر شێخ موستەفا نەبوونایە ، هەر لەژێر ئەشکەنجەدا دەیانکوشتن .

ئاخر دەکرێت هیزێك هەبێت، گرروپێك لە کوردستانا هەبێت بە چەکدار و ناچەکداریانەنەوە دڵسۆزی و بەئەمەکی و نانبدەیی و لە خۆبوردوویی خەڵکی دێلێژە هەر هەموویان ، فەرامۆش بکەن؟ ئاخر چۆن دەبێت گوندێك قوربانییان بە هەموو شتێك داوە بۆ پێشمەرگە و بۆ برینداریان و بۆ شاردنەوەی موختەفییەکانیان و هەڵگرتن و لە چاڵنانی چەکەکانیان و ڕێنمایکەرو نیشاندەری ڕێگاو بانیان و جێ و شوێنی حەوانەوەیان و…… کەچی هێشتا بێیت بە بێ هەبوونی تەنها بەڵگەیەك هەندێك لە گەنجەکانی بگریت و بیانخەیتە بەر ئەشکەنجە؟ دێلێژە گوندێکی تایبەت بوو ئێستاش هەر تایبەتمەندی خۆی هەیە، گەنجانی ئەو کاتەی دێلێژە کەسانێک بوون بە دەیاها میل پێشی گەنجانی گوندەکانی دیکەیان ، جگە لە هەورامان دەدایەوە . ئاخر خەباتی یەکێتی ئەوە ڕێڕەوەکەی بوو بۆیە حوکمدارێتیەکەشی جێی سەرسورمان نییە.

من و تۆ تا دەهات نزیکتر دەکەوتینەوە و بە بەردەوامی لە پەیوەدنیدا بووین. ئیدی زیاتر و زیاتر دەمناسیت … دمزانی کە تۆ کێوێك لە ئازایەتیی و ورە بوویت، قەڵایەك لە بەرگریی و بەگژاجوونەوە بوویت، دەشتێکی کاکی بە کایی لە خۆڕاگریی و خۆگریی بوویت، چەند قازانێکی جۆشداراو لە دڵسۆزی و بڕوا ومتمانە بوویت، دەریایەك لە دڵفراوانی و خۆنەویستیی بوویت، دارستانێك لە سەوزیی و دەفعکردنی پێویستی هەموو کەس بوویت.

تۆ کەسێك بویت ئازا و بوێر، لێوانلێو لە دڵسۆزی و راستگۆیی بۆ هاوڕێ کەس و کار، سەرربەرز و بە هەڵوێست، بە ئەمەك و بەدەمەوەچووی هەر کەس کە پێویستیان پێت هەبووبێت .

بە داخەوە وەکو پێشتر وتم ژیان لە هاوشانتەوە ڕێی نەدەکرد، بۆیە هەر بە دوای هێنانی منداڵەکاندا تۆ بۆ نزیکەی 15 ساڵە باری تەندروستیت تێكجوو و کە دەبوایە زووتر دڵە گەورەکەت لە کار بکەوتایە، بەڵام لێرشدا ئازایەتیی و خۆڕاگریی خۆت ماوەیەکی تر ژیانێکی دۆزەخئاسای پێ رەوابینیت.

دواجار پارساڵ بوو کە هاتم بۆ لات و ئەو دوو سێ شەوە وەختێکی یەکجار خۆشمان بردە سەر بەدەم شەنوکەوکردنی ڕابوردوو و یادوەرییەکانی کۆنە هاوڕێیان و لایەنەکان. هەتا درەنگانێك بەیەکەوە دادەنیشتین قسە و باسمان دەکرد ، من هەر خەمی تۆم بوو کە هیلاك نەبیت و ڕۆژی دوایی باجەکەی بدەیت ، تۆش لەتەك هەموو ئەو ئازارانەدا حەزت نەدەکرد کە بەجێم بهێڵیت و بچیت بنویت، دیار بوو لەوە دەترسایت کە ڕەنگە ئەمە دواجارمان بێت کە یەکدی ببینینەوە.

کە گەڕامەوە بۆ لەندەن تۆ هێشا هەر تەندروستیت باش بوو و زۆر بە هیوابویت کە بەرەو باش بوون بڕۆیت ، بەڵام مەخابن دوای ماوەیەکی کەم ئیتر هەفتەیەك لە ماڵەوە و هەفتەیەك لە خەستەخانە بویت ، تا لەم دواییەدا بەداخەوە کە ئەم نەخۆشییە نەك هەر لە پەلوپۆی خستی ، بەڵکو لە گۆیشی خستی .

هاوڕێی هەمیشە لە یادم ، بە داخەوەم بۆ لە دەستدانت بەڵام جێگای شانازیت بۆ هەموومان کە دەتوانین سەربەرزانە ناوت بهێنین و یادی ژیانت بکەینەوە.

Leave a Reply