بیرۆکراتییەت پایە و بناخەی گەندەڵییە
11/09/2024
لە سیستەمەێکی بیرۆکراتی و هەڕەمیدا بێ گومان گەندەڵی چڵ و پۆپەکەیەتی . ئافاتی کۆرۆنا زۆری کوشت هەر بە تەنها بە گوێرەی تۆمارکردنی ناوی ئەوانەی کە تۆمارکراون لە بریتانیا 232،112 کەس گیانیان سپاردووە. بە هۆکاری کەمتەرخەمی حکومەتی سەردەم و نەکردنی ئامادەکاری و بوونی کەم و کوڕییەکی زۆر لە بەشی تەندروستیدا ڕەنگە ژمارەکە لەوەی سەرەوە زیاتر بووبێت چونکە کەسانێك مردوون بێ ئەوەی کە تۆمار کرابێتن، ئەمانەی کە تۆمار کراون یا لە خەستەخانەکاندا مردوون یاخود لە ماڵەوە و خانەوادەکەیان ئاگەداری شوێنی ڕاگەیاندراوی کردۆتەوە کە بە کۆرۆنا مردون . لەم بارەشدا بۆ وڵاتێکی وەکو بریتانیا کە شەشەم وڵاتی دەوڵەمەندی جیهانە لای زۆرێکمان جێگەی سەر سووڕمان بوو .
خانەوادەی قوربانییەکان و بە هاوپشتی و خەڵکانی دیکە توانییان حکومەت ناچار بکەن بۆ دانانی لیژنەی لێکوۆڵینەوە لەو ژمارە زۆرە. بۆ ئەمەش توێژینەوەکان و لێکۆڵینەوەکانی لیژنەکە دەریخستووە کە لە گرێبەستەکانی کۆڤید کە حیزبی موحافیزینی بریتانی [ پارتی تۆری] کردونی بە بەهای 15 ملیار پاوەند یا دیارنییە یاخود جێگەی پرسیار و گومانە .
ئەو توێژینەوەیە دەریخستووە لە کۆی ئەو گرێبەستانەی کە لە مانگی شوباتی 2020 وە لە سێ ساڵدا بە بەهای یەک ملیار پاوەند واژۆکراون، داتاکانی حکومەت دەریدەخەن کە 48.1 ملیار پاوەند لە پەیوەندی لەگەڵ پەتاکەدا خەرجکراوە، کە بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ پشکنینی Covid و پێداویستییەکانی خۆپاراستنی کەسیی خەرجکراوە، هەروەها یەک لەسەر سێ (32%)ی ئەو خەرجییە مایەی گومان و تێڕامان و نیگەرانی جددییە.
پێداچوونەوە بە زیاتر لە 5000 گرێبەست لە سەرانسەری 400 دەزگای گشتیدا 135 گرێبەستی مەترسیدار دەستنیشان دەکات کە بەهای 15.3 ملیار پاوەندە کە لێکۆڵینەوە شایستەی ئەوەیە بەهۆی دەستنیشانکردنی گومانی گەندەڵیان زیاترە، کە بریتین لە نەبوونی کێبڕکێ، دواکەوتن یان ڕێگرتن لە بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەریان، هەروەها بوونی ناکۆکی بەرژەوەندی لە پێدانی گرێبەستەکاندا. ئەم زانیاریانە لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بەریتانیادا هاتووە.
بەلانی کەمەوە 28 گرێبەست کە بەهای 4.1 ملیار پاوەند بوو، بۆ ئەو کەسانە بوون کە پەیوەندی سیاسییان لەگەڵ پارتی پارێزگاراندا بووە زانرا و ناسراون. ئەمەش نزیکەی یەک لەسەر دەی ئەو پارەیە کە بۆ کاردانەوەی پەتاکە خەرج دەکرێت.
پەنجا و یەک گرێبەست بە بەهای 4 ملیار پاوەند بە “هێڵی ڤی ئای پی” [ واتە لە ڕێگای ناودارانی پارتی و سیاسەت مەداران و حکومەتەوە] دا تێپەڕین. لە ڕێگەیەوە هەندێک لە دابینکەران ئەولەویەتیان پێدەدرا، لەو ژمارەیەش 24 گرێبەست بە بەهای 1.7 ملیار پاوەند لەلایەن سیاسەتمەدارانی پارتی موحافیزینەوە [پارێزگاران/تۆری] یان ئۆفیسەکانیانەوە ڕەوانە کراون.
یەک ملیار پاوەند خەرجکرا بۆ پێداویستی پاراستنی کەسیی لەلایەن 25 دابینکەری VIP-lane کە دواتر بە ناشایستەی بەکارهێنان دادەنران. هێڵی ڤی ئای پی لەلایەن دادوەرێکی دادگای باڵا لە بڕیارێکی ساڵی 2023دا بە نایاسایی دەرکەوت . هەشت گرێبەست کە بەهای 500 ملیۆن پاوەند بووە بۆ ئەو دابینکەرانەی کە تەمەنیان لە 100 ڕۆژ زیاتر نەبووە. واتە ئەو نوسینگانەی/ کارگانەی کە ئەو گریبەستەیان پێدراو لە 100 ڕۆژ کەمتر لە دەرکەوتنی ئافاتی کۆرۆناوە دامەزاراون.
حکومەتی بەریتانیا زیاتر لە 30.7 ملیار پاوەندی وەک گرێبەستی بەها بەرز بەبێ ڕکابەری بەخشیوە [ بێ مونافەسە و خستنەبەرچاوی کەسانی دیکەوە] – کە یەکسانە بە نزیکەی دوو لەسەر سێی هەموو گرێبەستەکانی Covid بەپێی بەهای ئەوەی بۆ دانراوە . وەزارەتی تەندروستی و چاودێری کۆمەڵایەتی 14.9 ملیار پاوەندی لە پارەی گشتی لە ماوەی دوو ساڵدا سڕییەوە، واتە فەرامۆش کران وەکو ئەوەی کە هەر نەبووبێتن. ئەم بڕە پارەیەش هاوتایە بە کۆی خەرجییەکانی حکومەت بۆ پێداویستییەکان و ئامێرەکانی پاراستنی کەسیی.
نزیکەی دوو لەسەر سێی هەموو گرێبەستە بەها بەرزەکانی Covid بەپێی بەها ڕکابەرییان نەبووە، کە ساڵێکیش بەسەر پەتاکەدا تێپەەڕیوە دەسەڵاتدارانی گرێبەستی بەریتانیا هێشتا زۆرجار بەبێ کێبڕکێ خەڵاتەکانیان دەدا تەنانەت لە کاتێکدا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا وەک ئیتالیا دەگەڕانەوە بۆ پێشنیاری کێبڕکێ.
توێژینەوەکە پەنجەش دەخاتە سەر کەم و کوڕی دیکە و سووکە بەراوەرد کردنێك لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا . لەم بارەدا ئامارەکانی کۆمەڵەی چاودێری چڕ ئاماژە بەوە دەکەن کە بەریتانیا تەنها 7.3 قەرەوێڵەی چاودێری مەترسیدار، واتە ئیمێرجنسی ، بۆ 100 هەزار کەس هەبووە کە پەتاکەیان گرتووە، لە کاتێکدا ئەڵمانیا 28.2 قەرەوێڵەی بۆ 100 هەزار کەس و کۆماری چیک 43.2قەرەوێڵەی هەبووە .
هاوکاتیش سەبارەت بە کەمی توانا، ئیمکانییەت ڕاپرسییەک کە بە لێکۆڵینەوە لە 1683 کەس کە پیشەکەیان چاودێری تەندروستییە ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە 71%ی پزیشکانی ڕووداو و کتووپڕی A&E و 62%ی پزیشکانی فریاکەوتن خۆیان ئاوا بینیوە کە ناتوانن چاودێری ئەو کەسانەی کە دەیکەن چاودێری و بەتەنگەوەهاتنیان بەرز بکەنەوە کە چارەسەریان دەکەن. لێکۆڵینەوەکە گوێی لە ئیدیعاکان بوو کە ئەم کەمی توانایە بەڕاستی بووەتە هۆی خراپتر دەرئەنجامەکان و 186،686 کەس وەک مردن لە بەریتانیا تۆمارکراون بە حاڵەتەکانی پەیوەست بە Covid لە نێوان ئازاری 2020 تا شوباتی 2022 کە 60% بۆ 70%یان لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە.
لەمانەش خراپتر بەڵگە هەبوو کە بیستراوە سەبارەت بە خراپ بەکارهێنانی ئاگادارییەکانی “زیندووی مەکەرەوە” و ڕەچاونەکردنی کاریگەرییە ناڕێژەکانی Covid لەسەر گروپە ڕەشپێستەکان، ئاسیاییەکان و کەمینە نەتەوەییەکان، کە چارەکێک لە ستافی پەرستاری بەشی تەندروستی بریتانیا، NHS و زیاتر لە 40%ی… پزیشکەکان بەشی تەندروستی پێکدەهێنن.
لەگەڵ ئەم هەموو گەندەڵی و دەڵاڵانە و بەرتیل و ناسیاوییەدا و دوای مردنی ئەو ژمارە زۆرە کە ڕەنگە نیوەی ئەوانەی کە مردوون نەمردنایە گەر خەستەخانەکان و شوێنەکانی دیکە بە ڕێكوپێکی و بێ کەم و کوڕی بوونایە ، یاخود ئەو کەرەسانەی کە بەکارهێنراون باش و لە ئاستی مەنع کردەنی میکرۆبی کۆرۆنادا بوایە ، یان ئەو پیرو پەكکەوتانەی کە لە خانەی پیرانداندا بوون و کرۆنایان گرتبوو نەنێردنایە بۆ خەستەخانەکان و تێکەڵ بە نەخۆشەکانی دیکە ببوونایە ، بێگومان ژمارەکە زۆر کەمتر دەبوو لەوەی کە بە فەرمی باسی لێوە دەکرا. لەگەل هەموو ئەمانەشدا تا ئێستا هیچ نیشانەیەك نییە کە سەرانی حکومەتی پێشوو وەزیرەکان و بەرپرسەکان کە لەم گەندەڵییەوە و مردنی ئەم هەموو خەڵکەوە ئاڵاون دادگایی بکرێن و سزای خۆیان وەرگرن . ئەمەیە سەروەرێتی یاسا !!!!