توێژینەوەیەك دەریخستووە کە نیوەی دەردانی CO2 لە جیهاندا لە 36 کۆمپانیای سووتەمەنی بەردینیەوە دێت
05/03/2025
توێژەران دەڵێن داتاکان کەیسەکان چڕتر دەکەنەوە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان لێپرسینەوە لە بەشداریکردنیان لە قەیرانی کەشوهەوادا بکەن
شیکارییەکان ئاشکرایانکردووە، نیوەی دەردانی کاربۆنی گەرمکەرەوەی کەشوهەوا لە جیهاندا لە سووتەمەنی بەردینیەکانەوە دێت کە تەنها لەلایەن 36 کۆمپانیا بەرهەمدەهێنرێن. ئاماژەشیان بەوەشکردووە، داتاکانی ساڵی 2023 دۆسیەی بەهێزتر کردووە بۆ لێپرسینەوە لە کۆمپانیاکانی سووتەمەنی بەردینی بۆ لێپرسینەوە لە بەشداریکردنیان لە گەرمکردنی جیهانیدا.
تێڕوانینی پێشووی ڕاپۆرتی ساڵانە لە دۆسیە یاساییەکانی دژی کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەران بەکارهێنراوە. لە ڕاپۆرتەکەدا دەرکەوتووە، 36 کۆمپانیای گەورەی سووتەمەنی بەردینی کە بریتین لە ئارامکۆی سعودی، کۆڵ هیندستان، ئێکسۆن مۆبیل، شێڵ و چەندین کۆمپانیای چینی، خەڵوز و نەوت و گازیان بەرهەمهێناوە کە بەرپرسن لە زیاتر لە 20 ملیار تۆن لە دەردانی CO2 لە ساڵی 2023دا.
ئەگەر ئارامکۆی سعودی وڵاتێک بووایە، ئەوا چوارەم گەورەترین پیسکەری جیهان دەبوو لە دوای چین و ئەمریکا و هیندستان، لەکاتێکدا کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل بەرپرسیارە لە نزیکەی هەمان دەردانی گازی ژەهراوی وەک ئەڵمانیا کە نۆیەمین گەورەترین پیسکەری جیهانە، بەپێی داتاکان.
ئەگەر جیهان چانسێکی باشی هەبێت بۆ سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ 1.5C، دەبێت تا ساڵی 2030 ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی لە جیهاندا بە ڕێژەی 45% دابەزێت، ئەمەش ئامانجی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتییە. بەڵام هێشتا ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی لە زیادبووندایە، ئەمەش ئەو کەشوهەوا توندەی کە ژیان و بژێوی ژیانی لە سەرانسەری هەسارەکەدا دەبات، سوپەر بارگاوی دەکاتەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ڕایگەیاندووە، پڕۆژە نوێیەکانی سووتەمەنی بەردینی کە لە دوای ساڵی 2021 دەستیپێکردووە، لەگەڵ گەیشتن بە پلەی سفر لە پاکی دەردانی گازی ژەهراوی تا ساڵی 2050 ناگونجێت، زۆربەی ئەو 169 کۆمپانیایە لە بنکەدراوەی کاربۆن لە ساڵی 2023 دا ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوییان زیادکردووە، کە گەرمترین ساڵ بوو کە لەو کاتەدا تۆمارکراوە.
کریستیانا فیگێرس، بەرپرسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان کاتێک ڕێککەوتنە گرینگەکەی پاریس لە ساڵی 2015 دا پێشکەشکرا، وتی: “ئەم کۆمپانیایانە جیهان بە سووتەمەنی بەردینی دەهێڵنەوە و هیچ پلانێکیان نییە بۆ خاوکردنەوەی/ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان”. ئاماژەی بەوەشکردووە، “زانستەکە ڕوونە: ناتوانین بچینە دواوە بۆ سووتەمەنی بەردینی زیاتر و دەرهێنانی زیاتر. بەڵکو دەبێت بەرەو پێشەوە بچین بۆ ئەگەرە زۆرەکانی سیستەمێکی ئابووری بێ کاربۆن کە بۆ مرۆڤ و هەسارەکە کار بکات”.
ئەو 36 کۆمپانیایە کە بەرپرسن لە نیوەی دەردانی گازی ژەهراوی جیهانی لە ساڵی 2023 دا کۆمپانیاکانی دەوڵەتی وەک چین ئینێرجی، کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران، گازپرۆمی ڕووسیا و ئەدنۆکی ئیماراتی لەخۆدەگرن. کۆمپانیاکانی خاوەن پشکەکانی ئەو گروپە بریتین لە کۆمپانیای پترۆبراس کە بارەگا سەرەکییەکەی لە بەڕازیل و کۆمپانیای ئینی کە ئیتاڵیایە. ئەو 36 کۆمپانیایە لەلایەن کۆمپانیاکانی سەر بە دەوڵەتەوە زاڵن، کە 25 کۆمپانیایان هەیە، دە لەو کۆمپانیایانە لە چینن کە گەورەترین وڵاتی پیسکەری جیهانە.
خەڵوز سەرچاوەی 41%ی دەردانی گازی ژەهراوی بووە کە لە ساڵی 2023 ژماردراوە، نەوت 32%، غاز 23% و چیمەنتۆ 4%.