دەبێت سوپاسگوزاری زۆرێك لە زانا و مامۆستا ئاینییەکانی چەرخی ڕابوردو و پێشتر بین
20/02/2025
زۆر جار کاتێك بیردەکەمەوە چەند پرسیارێك لە لام دروست دەبێت:
یەك: بۆچی مامۆستا و زانا ئاینییەکانی ئەمە سەردەمە ئەوەندە سووکایەتی بە ئیسلام و دینی موسڵمانان خوداکەیان دەکەن و کردویانە بە مۆتەکە بەسەر دڵی خەڵکەوە ، کردویانە بە دڕندەیەك کە لەسام و بوونیی، هەرگیز دەرناچیت مەگەر خۆتی لێ ڕزگار بکەیت. ئاژاوەیەکی گەورەیان لەناو خێزان و کۆمەڵدا دروست کردووە ، کەسیان خۆشناوێت دووڕوو پارە و موڵکپەرستن ، هەموو هاتو هاواریان بۆ جیهاد و جنسە ، بۆ کاری خراپەیە ، بۆ بەکوشتدانی یەکدییە ، یەک زەرە لە کاری مرۆیانە بە جیا لە سزا و پاداشتی ئەو دونیا نزیك نابنەوە.
دوو: شەح نەکردنی قورئان و وتەکانی موحەمەدی پەیامهێنەر وەکو خۆیان لە لایەن زانایان و مامۆستایانی ئاینیی سەدەکانی پێشووەوە بۆ موسڵمانان، بۆچی نەیان ویستووە ئەمە بکەن و وانەی لەسەر بڵێنەوە وەکو ئەوەی کە ئێستا دەکرێت. پرسیارەکە لای من ئەوەیە : ئایا ئەوان بە مەبەست خەڵکیان لە لایەنە خراپەکانی قورئان و وتەکانی پەیامبەر ئاگەدار نەکردۆتەوە ؟ ئایا ئەوان کە زۆر قوڵبوونەتەوە لە و دین و قورئانەدا لێی تێگەیشتون و باوەڕیان پێی نەماوە و چی تر نەیان ویستووە کە خەڵکیشی پێبکەنە دوژمنی یەکدی؟ ئایا ئەوان هەر حەزیان بە ئاشتی و ئاشتەوایی و چاکە و ژیانی خۆشی خەڵکەکە بووە یا هەر هیچ لە دینەکە تێنەگەیشتون؟ ئایا ئەگەر ئەو زاتانە بمانایا دینی سەردەم چۆن دەبوو هەر ئاوا وەکو کۆن دەمایەوە، یاخود وەکو ئەمەی ئێستای لێدەهات؟
من کە گوێ لە مەلایەکی ئەم سەردەمە دەگرم هەمیشە ئەو پرسیارانە و زۆری تر بە مێشکما دێت، بەڵام هاوکاتیش ئەوە بەختەوەرم دەکات کە گەنج بووین دینمان لە لایەن خێزان و دەور و بەرمانەوە وەکو ئەوەی کە ئێستا هەیە پێ ڕانەگەیەندراوە.
هەر ئاواش ئەوە بە خۆم دەڵێم کە دەبێت ئێمە هەمیشە سوپاسگوزاری ئەو زانا و مامۆستا ئاینیانەی سەردەمی پێشوو بین ، کە هیچ وەخت نەیان ویستووە کە خەڵك بکەنە دوژمنی یەکدی ، ئاژاوە لەناو گوند و شارنشین وخێزاندا لەسەر نوێژ و ڕۆژ و ئایەتەکان و وتەکاننی پەیامهێنەر بنێنەوە . لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕیشم وایە ئەوانە هەر زۆر زۆر شارەزای هەمو قورئان و وتەکانی پەیامبەر و شەرع و تەواوی مەزهەبەکان بوون .
لەو زانا گەورە و مامۆستا دینیانە : شێخ عومەری قەرەداخی ، شێخ مستەفای شێخ نەجیبی قەرەداخی ( ماوەیەك قازی بەغداد بووە) ، شێخ بابەعەلی تەکێیی ( قەرەداخ) حاجی شێخ نوری کوری باوکی بەهادین نوری ، مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس ، شێخ موحەمەدی خاڵ ( قازی کۆنی سلێمانی) ، مەلای گەورەی کۆیە، شێخ موحەمەد شێخ عومەر قەرەداخی ( خەتیبی کۆنی سلێمانی ) ، مامۆستا سەید عارف ، شێخ مستەفای شێخ مارفی قەرەداخی،شێخ موحەمەدی شێخ جەلال قەرەداخی ، شێخ فاتیحی کوڕی .
بێ گومان دەیەها زانا و مامۆستای ئاینی دیکە هەبوون ، ببورن کە من ناوەکانیانم لە یاد نییە یا نایانناسم ، بەڵام ئەوە ڕێڕەو و کاری ئەوان بووە کە لە دێڕەکانی پێشتردا باسم کردن ، کە هەمیشە چاکەیان بۆ دەور و بەر و خەڵکی دیکە ویستوە، باشترین مامەڵەشیان لەگەڵ مەسییحییەکان و جوولەکەنکان و دین و مەزهەبە جیاوازەکانی دیکەدا کردووە. من بەشبەحاڵی خۆم سوپاسگوزاریانم کە ئاشتی کۆمەڵایەتییان پاراستووە کە ئاشتی هەموو تاکەکانی وەکو ئێمە بووە و یادیشیان بەخێر دەکەم