Categories
Kurdish

زۆر زوو بوو بەخە گیان، هەر زۆر زوو

زۆر زوو بوو بەخە گیان، هەر زۆر زوو

زاهیر باهیر

11/02/2023

ئازار و لەدەستدانی کەس و هاوڕێ نزیکەکانمان یەخەمان بەرنادەن،  ئەویان دەمانداتە دەست ئەمیان و ئەمیان دەمانداتە دەست ئەویان ، تەمەنی هەندێکیشمان لە هەڵکشاندایە و تا زیاتریش بمێنین زیاتر دەبینین ، بەڵاج چی دەبینینن ، ئێمەی تەمەن هەڵکشاو بە دەگمەن خۆشی و شادییەکان دەبینین… زیاتر خەم و ئازارەکان …. لەدەستدانی هاوەڵ و هاوتەمەنەکانمان ….چی دەبینین نەبوونی و برسیبوونی خەڵکانێکی زۆر و هەڵکەندنیان لە شوێنی خۆیان …. کوشتاری تاك و بە کۆمەڵی دەستی جەنگەکان ، کارەساتە سروشتییەکان…….مەخابن مردن دەڵێی قەرزی لە لامانە و خۆشی تەمەنێکی کورتی ماوە و پەلە پەلەێتی  لە پەلکێشان و هۆشکێشانی ئازیزانمان، تاکو لیستی  ناوی زیاتری پیاوە جوانەکانی شار لە دەفتەری “قەرزەکەیدا”  ئەژمارتر بکات.

پێش ئەوەی کە لە گۆو هەڵسوکەوت بە تەواوی بکەویت کە هەفتەیەك پێش کریسمس بوو زەنگت بۆ لیدام هەر ویستت چەند قسەیەك بکەیت و هەواڵم لە نزیکەوە بزانیت … وتت لە مانگی یەکدا لەگەڵ چەند برادەرێکدا دێیتە ئەڵمانیا و فەرەنسا لەوێش خۆت  نیشانی دکتۆر دەدەیت …

پرسیارم کرد:  تەندروستیت چۆنە بەخە؟  وتت خراپ نییە ، هەر وادەبێت .  من دەمزانی کە زۆر خراپە و خۆتیش دەتزانی، بەڵام هەرگیز ئارەزوت نەدەکرد نە ئەمجارەش و نە جاری پێشووش، ساڵی 2016 ،  کەسانی نزیکت بیزانن ، نەك لەبەر ئەوەی کە دەتویست وەکو نهێنییەك بیشاریتەوە،  بەڵکو  تۆ نەتدەویست ئێمەی نزیکت خەفەتبار بکەیت … ناهەقیشت نەبوو ئێمە جگە لە هەڵکێشانی ئاهێکی سارد … شەونخونییەکی بێ داد .. خەفەتخواردنێکی بێ هودە و پڕ لە یاد….  چی ترمان بۆ دەکرا؟…

شار خامۆشە و خامۆشتریش دەبێت … لە کەسە ئازا و جوان و بە هیمەتەکان بەتاڵتر دەبێت … تاکەکانی نەوەی “ئاڵتوونیی” یەکە یەکە بە هۆکارێك لە سەرەی مەرگ و لە پێخەفی مردن  نزیکدەبنەوە … ئەستێرەی ژیانی شکۆمەندییان بەرەو ئاواچوون دەچێت .. بیرەوەری و ئاواتەکانیان بەرەو  نەمان و بێ ئومێدی ملدەنێت  و بزردەبێت. ..ئای چ ژیانێکی غەدار و دونیایەکی بێ وەفایە… ئێستا ئەو شارەیە و هەر ناڵێیت شارەکە و کەسەکانی ئەوسایە…

تۆ، بەخە، یەکێک بویت لە پیاوە جوانەکانی شار… لە  کەسە ئازا و جەسور و بە هیمەتەکانی ” نەوەی ئاڵتونی” و شاری بەرگریی … تۆ کەسێك بویت بە کاڵت دەوت کاڵ و بە کوڵاو کوڵاو …… نەفسبەرز ،  بەوەفا…. کوڕی تەنگانە و هاوکاری و بە تەنگەوەهاتن بوویت … بۆ پاراستن و بەرگری و داکۆکی وەکو قەڵایەكی پتەو وابویت … ورەبەززیت و ڕادەستنەبوونت بە کارەساتەکانی ژیان …. بە دیمەن و ڕووداوە نەخوازراوەکانی…  بە پشوو بە هیمەت بویت …. لە دەستدانی  جوتێك خاڵ و باوك دووبرای زۆر لاو و گەنج : سەردار و ڕێبوار .. خاڵۆزا و و ئامۆزا و  خزمانی زۆر نزیك و  جگە لە برادەرە ئازیزەکانت و گیرانی دایکت و ڕەوانەکردنی بۆ جنوب …تۆ شاهیدحاڵی هەر هەموو ئەمانە بویت…. کەچی نەك هەر ورەی پێ بەرنەدایت ، نەك هەر ڕادەستی نادادوەری کۆمەڵایەتی و خوو نەریتی شێخایەتی و تیرەگەریی نەکردیت … نەك ڕق و کینەی بەناهەقی یا بە ئیرەییردنی  لا دروست نەکردیت ..، بەڵکو پەیگیرتری کردیت ، بەورە تر و جەسوورتری کردیت ، سەرت بۆ کەس نەوی نەکرد…. هەمیشە قسەی خۆتت هەر  دەکرد …. تەنانەی لە دەستەویەخەبوونی ئەم نەخۆشییە نەگریسەشدا تۆ هەر ڕادەستی نەبویت ، ئەگەر کەسێك بیتوانیایە لە شێرپەنجە و کاریگەرییەکەی لەو قۆناخەدا ڕزگاری ببوایە ، ئەوە تۆ دەبویت بەخە ، دەتبەزان و کۆڵت پێدەدا …. بەڵام مەخا سەد جار مەخا ئەو دەردە کە گەیشتە قۆناخێك هیچی لەگەڵدا ناکرێت …..

بەخە، هەتا  لە ژیاندا بویت بەو ڕێگایەی کە خۆت باوەڕت پێی بوو دژایەتی زوڵم و زۆرت دەکرد …. قسەت لەسەر ئازادی و دادوەری کۆمەڵایەتی و پاکێتی و ژینگەدۆستی و خۆشگوزەرانی خەڵکی دەکرد …. هەیتێكت پرسە و سەردانی خێزانانێک بوو کە جگەرگۆشەکانیان لە دەست دابوو … هەیتێکت ئامادەبوونت لە کۆڕ و سمینیارەکاندا بوو… خۆتیش بە بەردەوامی لە قەلەندەرخانەکەتدا سەرقاڵی داوەتی کەسانێك بویت کە شتێکیان پێیە…. بیرێکی نوێ لە خانەکانی مێشکیاندایە …. ئەزموونێکی دەوڵەمەندی کۆن و نوێ  لەژوور سەریاندایە ….مەرج نەبوو لەگەڵ فکر و بۆچونتا بهاتنایەتەوە… مەرج نەبوو لەسەر ئەو بابەتە بێت کە خۆت بتویستایە ….. هەر بەوانەوە نەدەوەستایت بەڵکو ناو بەناویش یا خۆت کەمپەینی کۆکردنەوەی پارە و پۆشاك و پێداویستییەکانت بۆ  دانیشتوانی ڕۆژئاوای کوردستان و لێقەوماوەکانیان کە لە کەمپەکاندا بوون دەکرد یاخود لەو کەمپەینانەدا بەشداریت دەکرد … ئەمە جگە لە کەمپەینێك هەم بە نوسین و هەم بە قسە و هەم بە هەوڵی جددی بۆ ئازادکردنی گیراوانی بادینان … بۆ ڕزگاریی و قورتاربوونی زیندانییەکان … بۆ یادکردنەوەی ئازایەتی و جەربەزەیی ڕۆژنامەوانان کە لەسەر دەستی دەسەڵاتی خۆماڵیی دا گوڵی پشکوتوی ژیانیان هەڵوەران….. بەخە  لەمانە هەموویاندا، تۆ شوێندەستت دیاربوو ……

شار خامۆشە و بەرەو  خامۆشتر دەچێت ، ئیتر هاتنەوەی منیش بۆ ئەو ” نیشتمانە” کە بۆن و بەرامەی ئێوەی لێ دەهات و بە خۆشی ئیوەوە بوو کەمتر و بێ هیواتر دەبێت …. ئازارەکانیشم ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر و  قوڵتر دەبیت… هەموو جارێك کە هاتوومەتەوە ژمارەی ئەو ئازیز و هاوڕێیانەی کە دەمویست بیانبینم لە کەمبوونەوەدا بوو …ئەوا بۆ ئەم جارەیان تۆشی چویتە سەر … بەڵام تۆش وەکو زۆرێکی دیکەیان هەر ژمارە نابیت ، بەڵکو ژیانێك دەبیت ، دەفتەرێکی سەدان لاپەڕەیی پڕ لەیاد و بەسەرهات و یادەورییەکان دەبیت …..

بەخە: لەو کاتەی کە دوا هەناسەی ژیانت دەدا و  و مەرگ دەستی لە بیناقاقەت گیرکرد بوو …. دەمویست  بگەڕیمەوە بۆ کۆتاجار چاوم پێت بکەوێت، بەڵام دواجار پەشیمان بوومەوە … نە دڵم بڕوایی دەهێنا کە لەسەر پێخەفی مەرگ .. جەستەیەکی کەم هۆش و بێ حەوسەڵە و بێ هێز .. مێشکێك کە وەک ئەوەی هەموو دەیتاکانی سڕابێتەوە ببینم … چونکە  نەمویست دوادیمەنی شەکەت و ماندوو و بێ هۆشت ، بێ گۆشت لە دووتوێی خەیاڵ و مێشکمدا هەتا زیندوم… کامیرای مێشك و  چاوم وێنای گرتبێت … دوای ئەوەش من دەتوانم لەم دواچرکەی ماڵئاواییەتدا چیت بۆ بکەم؟ من هەرگیز نەمتوانیوە و ناشتوانم وەکو هاوڕێ نزیکەکانت : تەحسین قادر، شۆڕش ئەمین ، هۆمەری ئەنفال [ هۆمەر موحەمەد] ، وریای خاڵت و هەندێك کەسی تر کە ڕەنگە من بە ئاگا نەبم … شتێکت بۆ بکەم .

تۆ ڕۆیشتیت و بە ڕۆیشتنت بەرەیەك .. دەنگێك دژ بە گەندەڵیی ، دژ بە زوڵـم و زۆر ….. بە نادادوەریی… بە خوو نەریتی عەشایەریی ، تیرەگەریی …کەمدەبێتەوە بەڵام بێ کۆتایی و بە لاوازیی نامێنتەوە …. تۆ ڕۆیشتیت ئیتر دایکت ، دادەنەزیر، بە چ کوڕێکی دڵی خۆی خۆش کات …تۆ سێهەم کوڕی بویت کە لەدەستی دا…. ئیتر کێ دەرگای قەلەندەرخانەکەت ئاواڵا بکات … کێ مشتومڕی نێو قەلەندەرخانەکەت گەرم بکات …. کێ یاد و یادەوەرییەکانی هونەرمەندان و ئەدیب و شاعیرە ناوازەکان بەیاد بکات … کێ خزمەتی گوڵ و باخەکەی خانووەکەی شیوی قازیت بکات….کێ هەمیشە دڵ و هۆشی لای عەتا چاوشین و دارەکەی و تابلۆکەی بێت  … دڵنیام جادەی نێوانی شار و شیوی قازی –یش غەریبیت دەکات ….. خەڵكی هەموو  قەرەداخ و شار… هەموو ئەوانەی تامەزرۆی ئازادیی و دادوەریی کۆمەڵایەتین ، کەسیان  لەبیرت ناکات … وای بەخە گیان چ زامێکت تێکردین … چ کەلێنێکت بۆ دروستکردین…

گەر بمانەوێت یادت بکەینەوە … یادوەرییەکانت ڕاگرین و زیندوویان کەینەوە … ئەوە تاكە ڕێگایەك بۆ کردنیان دژایەتی ستەم و ستەمکارییە ، دژایەتی هەموو جۆرە دەسەڵات و دەسەڵاتدارییە … دژایەتی هەموو جۆرە حکومەت و دەوڵەتێکە کە پایەی سەرەکی ئەم سیستەمەیە و ڕاگری هەموو ئەو کارەسات و نەهامەتیەیە…

دەی با یادت بەخێرکەین… یادەوەرییەکانت بەرز بنرخێنین و کار لەسەر ئەوەی پێشتر وتم بکەین. هاوکاتیش دڵم لەلای دادە نەزیر و نەغەدەی هاوسەرت و منداڵەکان و خوشکانت: دڵسۆز و ئاسۆس و بەناز و پورەکانت و کاکەحسەین-ی خاڵت و سەراپای  هاوڕێ نزیکەکانتە.

Leave a Reply