سندووقە ڕەشەکەی ئاکەپە و ئەردۆگان و باخچەلی
01/04/2025
لە 27 شوباتد لە ئۆجەلانەوە پەیامێك بە هاوکاری دەم پارتی ئاشکرا کرا کە گوایە پەیامەکە سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتییە و تورکیا ئاشتی دەوێت . پەیامەکەی ئۆجەلان هیچ شتێکی سەبارەت بەوەی کە پرۆسەی ئاشتی لە ئارادایە تێدا نەبوو جگە لە فرمانکردن بە پەکەکە بۆ چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی بێ بەند و مەرج بەو شێوەیەی کە ئەردۆگان و باخچەلی دەیانەوێت . تاکە کاراییەکی ئەرێنی کە ئەو پەیامە هەیبووبێت بێ دەنگکردنی چەك بوو کە پەکەکە ڕایگەیاند، کە کارێکی ئێکجارر باش بوو و هیوادارم کە ئەوە بەردەوام بێت بەدەر لە هەر هەوڵ و فشارێکی ناوخۆی پەکەکە و دەرەکیی .
کارادانەوەی نەرێیانەی پەیامەکەی ئۆجەلان وێڕای شرۆڤەیەکی ئیجابی بۆی لە لایەن شرۆڤەکەرانەوە زۆر بوون، دەتوانم بڵێم یەکێك بوو لە پاڵنەرەکانی ڕێکەوتنی هەسەدە لەگەڵ کۆنە داعشەکانی حوکمڕانی ئێستای تورکیا.
ئەوە زیاتر لە پێنج هەفتە بەسەر پەیامەکەی ئۆجەلان و 31 ڕۆژیش بەسەر بێ دەنگکردنی چەك لە لایەن پەکەکەوە تێپەڕی ، بەڵام نەك پرسی ئاشتەوایی و پرۆسەی ئاشتی لە هیچ شوێنێکەوە دەرنەکەوت بەڵکو لەم ماوەیەدا ئەوەندە هێڕش کراوەتە سەر ناوچەکانی کوردستان و پەکەکە لە باشوور و باکوور و ڕۆژئاوا ، ئەوەندەش ڕاگەیاندن لە لایەن خودی ئەردۆگان و باخچەلی و وەزیری دادی تورکیا و وەزیر بەررگریی و سوپا و سەرکردەکانی دیکەوە لەم ماوە کورتەدا ڕاگەیەنرا، ڕەنگە زیاتر بن لەوەی کە لە 6 مانگی پێش بەناو پرۆسەی ئاشتی ڕاگەیەندراون .
ڕاستی و هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا هەرگیز قسەیان لەسەر ئاشتەوایی و پرۆسەی ئاشتی نەکردووە ئەوەی ئەوان ناوی ئاشتەوایی و پرۆسەی ئاشتییان لێناوە ڕادەستبوونی بێ هیچ مەرج و بەندێکی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی بوە ، کە ئەمەش بە حسابی ئەوان ئاشتی تەواو دەهێنیت بۆ تورکیا و مەترسی تیرۆر نامێنێت . ئەمە لە بانگەوازەکانی باخچەلی و ئەردۆگان و ئەوانی دیکەیاندا تاکو دوێنێش دەبینرێت.
نهێنییەکی گەورەیە و مەتەڵێکی ئاڵۆزە و کەس بۆی هەڵنایەت ، کلیلی ئەم مەتەڵە و سەرەداوی ئەم نهێنییە لای سندوقە ڕەشەکەیە ، دەم پارتی-یە و تەنها ئەوان و ئەردۆگان و باخچەلی و ڕەنگە بارزانییەکانیش و ئەمریکا و دەزگەی سیخوڕی ئەمەریکا بزانن کرۆکی ئەم ئاشتەوایە چییە .
سەیرەکەش ئەوەی کە پەکەکە داوا لە دەم پارتی ناکات ئەوە چی بوو کە ڕوویدا؟ ئۆجەلان چۆن ئەو پەیامەی دەرکرد؟ بە زۆر یاخود مێشکیان شۆردۆتەوە؟ ئەمە لە لایەکەوە ، لە لایەکی دیکەوە ئەو پرسیارەش ناکات باشە ئۆجەلان توانی پەیامێک بۆ ئێزیدییەکان بنێرێتە دەرەوە و هاوکاتیش لە ڕێگای عومەری برازاشیەوە لەم ڕۆژانەدا بەناو پەیامێک بنێرێتە دەرەوە، بۆچی ناتوانێت پەیامێك سەبارەت بە روونکردنەوەی یەکەم پەیامی و بارودۆخی پرۆسەی ئاشتی و ئاشتەوایی بنێرێت بۆ پەکەکە و هەموو لایەنەکانی وەکو هەسەدە و وڵاتپارێز و تەڤگەر تاکو ئەم نهێنییەیان بۆ ئاشکرا بێت و ئەم مەتەڵەیان بۆ هەلبێت؟
بۆ ئەو پرسیارە ناکەن بۆچی دەم پارتی پەکەکەی نەبینی؟ ئایا لەبەر ئەوە بوو کە پەکەکە ڕێسەکەیان لێدەکاتەوە بە خوری کە لە کاتێکدا دەم پارتی زۆر لایەنی دیکەی بینی ؟ ئایا دەم پارتی و پلانکەران دەترسان کە نهێنییەکە ئاشکرا ببێت و پەکەکەش ڕازی نەبێت بە پلانەکە؟؟؟