سیاسەتی دووفاقەیی و نامرۆڤانەی ئەمەریکا و دەوڵەتانی غەرب
11/12/2024
ڕەنگە بۆ زۆرێکمان ئەوە ئاشکرابێت کە ئەمەریکاو دەوڵەتانی غەرب لە غەربیشدا بەتایبەتی بریتانیا، لەگەڵ سەرکوتکەرترین و دیکتاتۆررترین وڵاتانی جیهاندا پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان هەیە . لەو دەوڵەتانە : تورکیا، ئیسرائیل، سعودییە، هیندستان و پاکستان و عێراق و میرنشینەکانی کەنداو و پۆڵۆنیا و … تد کە بەرژەوەندی ئابووری و سیاسییان لەسەرو هەموو مافێکی مرۆڤی ئەو وڵاتانەوەیە ، ئیتر هەرچەندێك بانگەشەی مافی مرۆڤ و دیمۆکراسی بکەن پولێکی قەڵب ناهێنیت.
با لێرەدا سەرنج لە سەر هەلوێستیان دەربارەی حەماس و دەستەی تەحریری شام بدەین کە دوو سیاسەتی جیاواز ، دوو هەلوێستی جیاجیان هەیە.
حەماس: حەماس ماوەیەکی زۆر نییە کە بە گروپێکی تیرۆریستی لای ئەمەریکا و دەوڵەتانی غەرب ناونوس کراوە. دوای 7 ئۆکتۆبەری 2023 وە لە لایەن غەرب و ئەمەریکا و ئوسترالیا و کەنەدە و زۆر وڵاتری دیکەدا ناویان لە لیستی گروپی تیرۆریستیدا تۆمار کرا.
دەستەی تەحریری شام : دەستەیەکی تیرۆریست، پاشماوەی قاعیدە و داعشن یا لە ئەوان جیابوونەتەوە دەستیان بە خوێنی هەزاران کەسانی مەدەنی بێ تاوان لە عێراق و سوریا و هەرێم و تەنانەت لە هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپی وەکو بریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا سوورە . خودی ئەبو محەمەدی جۆلانی ڕەنگە بە دەستی خۆی دەرزەنێکی کوشتبێت .
جیاوازی نێوانی ئەم دوو گروپە، حەماس و دەستەی تەحریری شام : ڕاستە هەردوکیان دوو گروپی تیرۆریستن بەڵام جیاوازییەکی گەورە لە نێوانیاندا هەیە . حەماس : خواستی دروستبوونی دەوڵەتی ئیسلامی نەبووە و نییە ، لە بەرانبەر ژناندا وەکو داعش و قاعیدە و پاشماوەکانی توند و تیژ نەبووە و نین ، حیجابیان بەسەردا فەرزناکات ، داوای جێ بەجێکردنی تەواوی شەریعەتی ئیسلامی ناکات ، خەڵک سەرنابڕن، نایانەوێت سنوری دەسەڵاتیان فراوان بکەن بەداگیرکردنی شوێن و وڵاتی دیکە. هەروەها هەڵگری زیاتری ئایدێنتەتی نەتەوەییە تاکو ئیسلامی، سەرکوتی مەسیحییەکانی ئەوێ ناکات .
هەرچیش گروپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکانە لەوانە دەستەی تەحریری شام پێچەوانەی ئەو خالانەی کە ناونوسم کردن لە سەرەوە کار و چالاکی دەکەن .
دەستەی تەحریری شام کە لەم ڕۆژانەدا هاتوونەتە سەر حوکم ، ئەمەریکا و بریتانیا و هەندێك وڵاتانی دیکە لە مقۆ مقۆی ئەوەدان کە ناویان لە لیستی تیرۆریستان هەڵگرن ئەمە لە کاتێکدا کە هەر خودی ئەبو محەمەد جۆلانی لە لایەن ئەمەریکاوە 10 ملیۆن دۆلار تەنها بۆ ئاوبەرکردنی شوێنەکەی تەرخان کرا .
جا تەماشای ئەم سساسەتە بکەن ، هەتا هەفتەیەك لەمەوبەر ئەو سزاگەورەیەی خۆی و گروپەکەی دەدرا و ئێستاش قسە لەسەر لێخۆشبون و پاکبونەوەی لە ” گوناهە” کانی و تاوانانەی کە کرددویەتی لە ماوەی ئەم 21 ساڵەدا دەکرێت .