مانگرتنی کرێکاران لە ئیسرائیل ڕاگیرا
04/09/24
دوێنێ، دوو شەمە ، کە لەسەر بانگەشەی سەندیکایەکی سەرەکی ئیسرائیل مانگرتن لە کاتژمێری 6 ی سەر لەبەیانی بە کاتی ئیسرائیل دەستی پێکرد ، بەڵام هەر دوێنێ شەو بە بڕیاری دادگە لە سەعات 2.30 سەر لەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی ئیسرائیل ڕاگیرا و ڕێگایان پێنەدرا کە بەردەوام بن لە مانگرتنەکەدا بە بیانوی ئەوەی کە مانگرتنەکە نایاساییە و زیان بە ئابووری ئەوێ دەدات.
مانگرتنی دوێنێی کرێکارنی ئیسرائیلی گەر چی درێژەی نەکێشا و بەداخەوەش بە زۆری هەر کرێکارانی کەرتی دەوڵەتی مانیان گرت بەڵام ڕۆڵی خۆی هەبوو ، هەر هیچ نەبێت ناڕەزایی و هەڕەشەیەکی گەورەی بۆ سەر حکومەتەکەی نێتەنیاهو دروست کرد. دوای ئەوەش پاڵپشتێکی گەورەش بوو بۆ داخوازی ئاگربەستی و خێزان و دۆستانی دیلەکان.
هاوکاتیش ئەوە بەڵگەیەكە لە هەزاران بەڵگە کە بۆچی دەبێت دژایەتی دەوڵەت و دەسەڵات بکرێت، چونکە دەوڵەت هەموو شتێکی لە دەستدایە و هەر هەمووشی بە گوێرەی یاسا یاخود بە زۆر بەکاردەهێنیت لە مانەوە و بەرقەراربوونی خۆی و سیستەمەکەدا ، کە خودی خۆی پایەی سەرەکییەتی. دژایەتیکردنی سیستەمی سەرمایەداری بێ دژایەتیکردنی پایە سەرەکییەکەی چەمکێکی ئایدۆلۆژی ڕووتە و باشترین خزمەت بە سیستەمەکە و مانەوەشی دەکات .