نەوشیروان موستەفا وەکو هێمای هزریی
03/05/2017
نەمدەویست جارێکی دیکە بگەڕیمەوە سەر ئەم باسە و کە ڕەنگە بە دڵی هاوەڵان و برادەرانی گۆڕان، نەبێت ،کە دڵنیام زۆرینەیان لە دڵسۆزیی و نەبوونی ئاڵتەرنەتیڤێکی دیکە بوونەتە گۆڕان، ئەمە جگە لەوەی کە من وەکو باوکی سێ منداڵ بە جددی دڵم لەلای منداڵەکانی کۆچکردوو نەوشیروان موستەفایە کە بەداخەوە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بێ باوك و بێ دایك مانەوە .
ئێستاش کە دەگەڕیمەوە سەر ئەو باسە بۆ هیچ سوکایەتییەك بە نەوشیروان و برادەرانی گۆڕان نییە تەنها دەمەوێت هەندێك ڕاستی ڕوونبکەمەوە گەرچی ساڵانی پێشتر من ئەوانەم هەر وتووە بە تایبەت لە ساڵی 2011 وە .
کەسانێکی زۆر لە ناوەوەی گۆڕان و دەرەوەشی بە کۆچی دوایی نەوشیروان، زۆر خەمبار بوون. هەمیشە هەر وابووە ئەوەندەی کورد بە سۆز ( عاتیفە) قسە دەکات چارەکێکی ئەوە بە هۆش و بیرکردنەوەوە قسە ناکات ، ئەمە جگە لەوەی پیاهەڵدانی کۆچکردوان و بە شان و باڵ هەڵدانیانا و گەیاندنیان بە کەشکەلانی فەلەك زیاتر کولتورمانە، لەوەی بڕوا و باوەڕ پێبوونمان، بێت . هەر ئەو کوڵتورەشە کە ڕەرخنەگرتن ، لە هەڵسوکەوتی “سەرکردەو ڕابەر و سەرۆك” و ڕێڕەوەکەیان، کاتێك کە دەمرن قەبوڵ ناکرێت. ئەم ڕەخنانەش لە لایەن بەرانبەرەکانییەوە ، بە هەر هۆکارێك بن، هەرس ناکرێن و دەئاخنرێنە خانەی تەهیوین و تەحقیر و تەخوین و ڕێز نەگرتن لە کوڵتور و مرۆڤانی کۆچکردوو . ئەمانەمان لەم ڕۆژانەدا لە لایەن گەلێك کەسەوە بینی تەنانەت هەندێك برادەر ڕووبەڕووی هەڕەشەش لە لایەن ” کوڕانی گەلەوە ” لە فەیسبوکدا، کە دیارە کۆمەڵێكن لە گۆڕان ، بوونەوە.
ئەم جۆرە ئیرهابی فکرییە لە لایەن ئەو دەستەیەوە و لەلایەن دەستەی نوسەرانیی ڕؤشنبیریش گەر لای ئەوان پاساوەکەی هەرچی بێت ، لای خەڵکانی وەکو من نەك هەر قەبوڵ نییە، بەڵکو هیچ کەسی دیکەش نابێت قەبوڵی بکات .
کەسانی ڕؤشبیری لیبراڵ کە هەم خۆیان بە ڕۆشنبیر و بە پسپۆر لە زمانناسی و زمانزانی و هەمیش بزنسمان، دەزانن، کە هێڵنجدەدات و دەڕشێتەوە دژ بە کۆمۆنیستەکان و یەخەی ئەنارکیستەکانیشی گرتۆتەوە. ئەم ڕؤشنبیرە ڕێگای بەخۆی داوە و ئەوەی ناشیرینە وتویەتی .
ئاخر ناکرێت کە تۆ پێگەیەکی فکریت نەبێت ، هەڵوێستێکی عەمەلیت نەبێت ، تۆ لەو پەڕی لایەنگیریی نەوشیروان موستیەفا و گۆڕانەوە ببیتە ڕەخنەگریان و دواتریش لە دوای مردنی نەوشیروان ببیتە دۆستایان و ئاوا بڕشێیتەوە بەرانبەر هەرکەسێك کە ڕەخنەی لە ڕابوردوو و ئێستاو ئایندەی نەوشیروان و گۆڕان گرتبێت!!!.
ئاخر کاکی نوسەر تۆیەك نەتوانیت یەك بڕگە، تەنها یەك بڕگە ، بنوسیت و ئەوەندە کۆڵەواربیت لە زمانا، بێ ئەوەی چەندەها وشەی عەرەبی و ئینگلیزی تێکەڵاو نەکەیت!! هاوکاتیش تۆ خۆت بە پسپۆڕ لە زمانی کوردیدا بزانیت!!.
ئاخر تۆیەك کە لە ماوەیەکی کەمدا خاوەنی 3 هەڵوێستی جیا بیت ، چۆن دەتوانیت خۆت بە توێژەرەوە و شیکەرەوەی بارودۆخی کوردستان بزانیت!!، با نەك هەر ماستەر بکەیت لە هەر بوارێکدا، تەنانەت ، با پڕۆفیسۆریش بێت [ کورد زۆر پڕؤفیسۆر بە گرنگ دەزانێت ] . ئاخر مەگەر گێلە خوێنەر باوەڕ بەوە بهێنن کە تۆ لە بواری زمان و بواریی توێژینەوەی سیاسی و بارودۆخی کۆمەڵاییەتیدا شارەزایت هەیە .
ئاخر تۆیەك لە پۆستێکدا دەستخۆشی لە قەتڵ و عامکەرانی قەسابخانەکەی پشتئاشان و قەڕناقان ، بکەیت ، کەچی لەولاوە بۆ کوردانی باشور و باکور و ڕۆژاو فرمێسك هەڵڕێژیت و بپاڕێیتەوە و دژایەتی دیکتاتۆرییەت و فاشیەت بکەیت!!، دیسانەوە مەگەر هەر گێلە نوسەر و گێلە خوێنەوارەکان باوەڕت پێبکەن تۆ وەك کابرایەکی دیمۆکراتی و دۆستی دادوەریی کۆمەڵایەتیی بناسن و ئەو وتارانەشی کە دەیاننوسیت ، لە متمانە و قەناعەتتەوە ، لێت وەرگرن !!
تۆیەك کە وەکو من هیچ نیت ، کەچی بەو پەڕی مەغروریی و ڕازییبوون لە خۆوە، هەڕەشە لە برادەرەکانی فەیسبوکت دەکەیت کە گەر ئاوا بن ….. تۆ ‘ ئەنفرێندیان ‘ دەکەیت [ تەنانەت لەمەشدا نەتتوانیوە بە کوردی بنوسیت ] وەکو ئەوەی برادەرایەتیی و هاوەڵگرتنی فەیسبووك بە پارە ڕابگیرێت ، کە تۆ برادەرەکانت لە برادەرایەتی خست ئیتر ، موچەکانیان لای تۆوە دەبڕێت!!
تۆ ڕەنگە لە بزنسەکەتا سەرکەوتو بیت ، چونکە دەزانین بزنس و دەوڵەمەندبوونیی لەسەر چ بناخەیەك دروست دەکرێت، بەڵام لەم سیانەی دیکەیانا : توێژینەوە و زمانناسی و مرۆڤدۆستی ، بەداخەوەم کە دەڵێم سەرکەوتوو نیت .