هه‌ڵوێستمان به‌رانبه‌ر ڕۆژاوا ده‌بێت هه‌ڵوێستی ڕه‌خنه و هاریکاریی بێت
زاهیر باهیر- له‌نده‌ن
30/01/2016
وتارێکی زۆر له خه‌ڵکانێکی جیا جیاوه ، کورد که‌متر ، به‌ڵام بێیانه زۆر زیاتر سه‌باره‌ت به لایه‌نه پرشنگدار و باشه‌کانی ئه‌زموونی ڕۆژاوا و سه‌رجه‌می ڕوداوه‌کانی نوسراوه. من خۆم یهكێکم له‌و که‌سانه‌ی که چه‌نده‌ها وتار و به ده‌یه‌ها دیمانه‌ی تهلهفزووێنی و ڕادوێی ئه‌نارکستانی فه‌ره‌نسی و یۆنانی و ئیتاڵی و شوینه‌کانی دیکه و له‌گه‌ڵ ڕۆژانامه و گۆڤاری بێیانه‌دا کردوه و له چه‌نده‌ها میتینگیش نه‌ك هه‌ر له بریتانیا به‌ڵکو له وڵاتانی دیکه‌ش که هه‌ندێکیان بۆ من گیراوه قسه‌م له‌سه‌ر به‌هاو نوێیه‌تی بزوتنه‌وه‌یه‌کی ئاوا که لانی که‌م 60 ساڵه دهرنهکهوتوهتهوه جگه له‌وه‌ی زاپێتێستا ، ئه‌مه بێ له به‌شداری کردنم له ده‌یه‌ها کۆبونه‌وه و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی و خۆپیشاندان که بۆ هاوکاری ڕۆژاوا و قسه‌وباسی له‌سه‌ر کراوه . هاوکاتیش سه‌رکه‌وتوبووم له کردنی ئه‌زموونی ڕۆژاوا به خالێکی نێو ئه‌جه‌نده‌ی میتینگه گرنگه‌کانی ساڵی 2014 و 2015 ی ڕۆژی په‌رتوکی ئه‌نارکستان له له‌نده‌ن. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوه هۆکارێک که له شاره‌کانی دیکه و هه‌ندێك وڵاتانی دیکه‌ش کرایه ئه‌جه‌نده‌ی ڕۆژی په‌رتوکی ئه‌نارکستان.
هه‌ڵبه‌ته قسه‌ی من به ته‌نها له‌سه‌ر ڕۆژاوا نییه به‌ڵکو به‌شی باکوری-شه که من هیوایه‌کی زۆرم پێوه گرێداوه و تا ئێستاش هه‌ر وایه ، بۆ ئه‌مه‌ش دووجار چومه‌ته باکور و له‌سه‌ر چونهکانیشم ڕاپۆرتی دوور و درێژم نوسیوه.
ئه‌م درێژدادڕییه‌ی سه‌ره‌وه‌م بۆ باسکردنی خۆم و ههڵنانم و منهتکردنم به‌سه‌ر ئه‌و دوو بزوتنه‌وه‌یه‌دا ، باکور و ڕۆژاوا نییه، ( ببورن گه‌ر ئه‌و ده‌نگه له خوێندنه‌وه‌یدا بداته‌وه) به‌ڵکو ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه که‌خوێنه‌ری ئه‌م وتاره بزانێت که من له هه‌ڵوێستی هاریکاریانه و کۆمه‌که‌وه ، یا هه‌ڵوێستی کورد وته‌نی ” دۆستم ئه‌وه‌یه ده‌مگرێنێت و دوژمنم ئه‌وه‌یه دهمخهنێنێت” ، سه‌رنجه‌کانم ده‌خه‌مه پێشچاوی خوێنه‌ر. هاوکاتیش په‌یمانیش ده‌ده‌م تا نه‌بینم ئاڕاسته‌ی ئه‌و دوو بزوتنه‌وه‌یه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ده‌ڕوات که بانگه‌شه‌ی ده‌کات ، ئاماده‌م به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ته‌نانه‌ت به ڕۆحی خۆشم خزمه‌ت به‌و بزوتنه‌وانه بکه‌م. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ، گه‌ر خوێنه‌ریش به هه‌ڵوێستێکی دژ به‌و دوو بزوتنه‌وه‌یه‌ی، ده‌زانێت و هه‌ر شتێك ده‌ڵێت گه‌ردنی ئازا بێت و خۆشی له ژیاندا هه‌ر ئازاد بێت، چونکه من باوشم به‌و دوو بزوتنه‌وه‌یه‌دا له‌به‌ر کوردایه‌تیکردن و قه‌ومچێتی نه‌کردوه ، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌ردوك بزوتنه‌وه، تا ڕاده‌یه‌ك ڕێڕهيوێکی ئهنارکستیانهیان گرتوه و به‌تاڵیش نیین له که‌مو کوڕی .
ئه‌وه‌ی که ماوه‌ته‌وه بیڵێم ، پێشئه‌وه‌ی بچمه سه‌ر کرۆکی باسه‌که‌م ، ئه‌وه‌یه که هه‌وڵده‌ده‌م به ویژدانه‌وه و به به‌ڵگه وه قسه بکه‌م مه‌به‌ستیشم به‌ئاگاهێنانه‌وه‌یه، تاکو فشارێك له ده‌ره‌وه له‌سه‌ر به‌رپرسان و داڕێژهنهرانی پلان ، بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و که‌لێنانه‌ی که له بزوتنه‌وه‌کاندا به تایبه‌ت ڕۆژاوادا هه‌یه، دروستبێت. سه‌کۆی ئه‌نارکیستانی کوردستان، که من برادهێکیم، ساڵی پار و پێشتریش له ڕێگای چه‌ناڵه فه‌رمییه‌کانی بزوتنه‌وه‌که و ئۆرگانه‌کانییه‌وه و قسه‌کردن له‌گه‌ڵ به‌رپرساندا ڕه‌خنه‌کانی خۆی پێڕاگه‌یاندوون ، نه‌ك جارێک به‌ڵکو دوو چاریش به‌ڵام ، به‌داخه‌وه که ئه‌وان هه‌ر وه‌ڵامیشیان نه‌داینه‌وه چجای ئه‌وه‌ی که بڵێن هاوڕێیان ئه‌وه وایه یا وانییه.
که‌موکوڕییه‌کان بۆچی ؟
ئه‌وه‌ی که بزوتنه‌وه‌یه‌کی پاکژ و بێ که‌موکوڕی بوێت ، یا له دونیای که‌تواریی نه‌گه‌یشتووه ، یا هه‌ر ده‌یه‌وێت هه‌موو که‌س و بزوتنه‌وه‌که‌ش به‌ویست و ئاره‌زوی ئه‌و بڕوات. خودی ژیان ڕاستهڕێگایهکی بێ پێچ و په‌نا نییه، وه‌کو پێشتریش له وتارێکی دیکه‌مدا په‌نجه‌م بۆ ڕاکێشاوه ، بزوتنه‌وه ، بزوتنه‌وه‌ی خه‌ڵكه و خه‌ڵکیش پێکهاته‌ی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵه و تاکه‌کانیش به ده‌یه‌ها داوه‌وه به خراپییه‌کان و پاشه‌ڕۆی ئه‌م سیسته‌مه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه. هه‌ر چۆن بته‌وێت و هه‌ر هه‌نگاوێک به‌کرده‌وه بگرینه‌به‌ر تاکو هه‌ندێك شت له ئێستادا ڕه‌تبکه‌ینه‌وه هه‌وڵه‌کان له سنورێکی دیاریکراو ده‌رناچێت ، ئیدی له‌هه‌ر شێوه‌یه‌کدا بانگه‌شه‌ی پاکێتی خۆمان و کامڵی ئهنارکستێتی و سۆشیالیستی خۆمان بکه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی که ژیانمان له نێو سیسته‌مه‌که‌دا سنورێکی دیاریکراوی بۆ نهخشاندوین، خۆڕزگارکردنمان لێی، کارێکی مه‌حاڵه، مه‌گه‌ر ژیانێکی دێوانه‌یی بێ هووده‌یی بژین.
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه‌ش به‌رانبه‌ر به ڕۆژاو و باکور و کۆمه‌ڵی کوردی و تاکی کورد، هه‌ر ڕاسته . ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که گه‌ر تۆزێك به ویژدانه‌وه له‌و بزوتنه‌وه‌یه ڕابمێنین و ئه‌مجا دادگایی بکه‌ین ، ده‌بێت نه‌ک هه‌ر باره‌که‌ی/کۆڵه‌که‌ی به‌ڵکو سهربارهکانیشی ، به‌تایبه‌ت له بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژاوادا ببیبین وه‌کو : بوونی له شه‌ڕدا به‌به‌رده‌وامی، مه‌ترسی شه‌ڕی ناوخۆ و هاتنه‌وه‌ی ئه‌سه‌د و ده‌وڵه‌تی فاشی تورکیا و ئابڵوقه‌دانی ئابوری و سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆه‌مه‌ڵایه‌تی و هه‌بوونی دوو پارتی سیاسی هیراشی که به‌ته‌واوی له پشتی ئه‌و بزوتنهوانهوهن تا ڕاده‌ی دانانی پلان و پرۆژه بۆیان ….گه‌لێکی دیکه . هه‌موو ئه‌مانه قورسیی دیکه ده‌خه‌نه سه‌ر شانی ئه‌و بزوتنه‌وانه، به‌تایبه‌ت ڕۆژاوا ، هه‌ر ئه‌م هۆکاره‌ش وای لێده‌کات ئه‌گه‌ر بێ ئه‌و کێشانه‌ی سه‌ره‌وه گه‌ر یه‌ك که‌موکوڕی هه‌بێت ، ئه‌م کێشانه‌ی دیکه سه‌نگ و ژماره‌ی گرفته‌کان بیگومان زیاد ده‌که‌ن.
ئه‌و که‌سانه‌ی که ڕه‌خنه له‌و بزوتنه‌وه‌یه ده‌گرن به دابڕینی له باره کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سیاسییه‌که‌ی که بزوتن و پێشهوچونی بزوتنه‌وه‌که‌ی سنوردار کرده‌وه و له‌و زه‌مینه‌یه‌ی که بزوتنه‌وه‌ی “به‌هاری عه‌ره‌بی” تیادا ڕویدا و سه‌ره‌نجامه‌که‌ی، به بێ ڕه‌چاوکردنی ئه‌و بارودۆخانه‌ی سه‌ره‌وه، هه‌وڵه‌کانیان یه‌كلایه‌نه‌یه. هه‌روه‌ها حساب نه‌کردنی نه‌بوونی ئه‌و هاریکارییه پته‌وه‌ی که به بزوتنه‌وه‌ی که‌ته‌لۆنیا له ئیسپانیا و ئه‌وه‌ی زاپێتێستای 1994 و هه‌تا ئه‌وه‌ی وڵاتی نیکهراگوای ساڵانی هه‌شتاکانی چه‌رخی پێشوو، کرا، ڕه‌خنه‌کانیان زڕه و بێ به‌ره ، ته‌نها ڕه‌خنه‌یه و هاریکاری و کۆمه‌کی له‌گه‌ڵدا نییه ، ته‌نها سوکایه‌تی پێکردنێتی و داوه‌ریی تیادا نییه.
له بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژاوادا دوو هه‌ڵسه‌نگاندن گرنگه و ده‌بێت به هه‌ند وه‌ربگێرێن ، ڕه‌نگه ئه‌و کاته حوکمێکی باشتری به‌سه‌ردا بده‌ین. یه‌که‌میان: ئایا کاره خراپه‌کانی زۆرتره له کاره باشه‌کانی یا پێچه‌وانه‌که‌ی ڕاسته؟ ئایه کێشی کاره خراپه‌کان له کاره باشه‌کانی سهنگتره یاخود پێچه‌وانه‌که‌ی؟. لای من کاره باشه‌کان که ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه ئه‌نجامیداون و ئه‌وانه‌ی که به‌دیهێناوه به به‌راورد له گه‌ڵ کاره خراپه‌کاندا و ئه‌و چالاکییانه‌ی که کراون له دیدی مندا ، کاره باشه‌کان زۆر زیاترن ، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی کاره هه‌ڵه‌کان نه‌گه‌یشتونه‌ته قۆناغێک که ڕاستکردنه‌وه‌یان مه‌حاڵ بێت . دووهه‌م: ئاڕاسته‌ی ئه‌و بزتنه‌وه‌یه. لای من ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه هێشتا ڕاسته‌ڕێگای خۆی وننهکردووه و به‌و ئاقاره‌دا ده‌ڕوات که بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کات، لانیکه‌م تاکو ئێستا ئه‌مه وایه ، داهاتوش په‌نجا په‌نجایه و به‌لابردنی ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی که له سه‌ره‌وه باسمکرد یا لابه‌لاکردنه‌وه ئه‌و کێشانه ، ده‌توانرێت ڕێژه و هیوای سه‌رکه‌وتنی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه زیاتر بێت، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌رکی که‌سانی سۆشیالیست و ئازادیخوازان و چه‌پ و کۆمۆنیست و نقابییهکانه که کۆمه‌کی پێبکه‌ن تاکو سه‌رکه‌وتن مسۆگه‌ر بکات.
که‌موکوڕییه‌کان چیین؟
ده‌بێت له ڕاپۆرتی سه‌فه‌ره‌که‌ی مانگی ئایاری 2014 مه‌وه بۆ ڕۆژاوا ، ده‌ستپێبکه‌م که له دوو به‌شی سه‌ره‌کی پێکهاتبوو، یه‌که‌میان سه‌باره‌ت به‌و واقیعه‌ی ئه‌و کاته بوو که له ڕۆژاوادا ده‌گوزه‌را و چۆنێتی دروستبوونی پێگه ئابوریی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کانی بوون که وه‌کو وێنه گرتنه‌وه‌یه‌کی حه‌قیقی ئه‌وێ وابوو . به‌شی دووهه‌می، که ” مه‌ترسی و پێشبینیه‌کان” بوون ، که پێموانییه له‌به‌ر درێژی ڕاپۆرته‌که که زیاتر له 50 لاپه‌ڕه بوو، خوێنه‌ر زۆر دیقه‌تی له‌و به‌شه گرنگه‌ی ڕاپۆرته‌که‌م دابێت . لای خۆمه‌وه ئه‌و به‌شه‌م زۆر به گرنگ ده‌زانی ، چونکه داهاتوی ڕۆژاوام له‌و مه‌ترسیانه‌دا ده‌بینییه‌وه ، که ده‌ستنیشانم کردبوون ، جگه له مه‌ترسی هێزی داعش که تا ئه‌و کاته نه‌بووبووه هێزێکی وا تۆکمه‌ی مه‌ترسیداری دوژمنی هه‌موو گیانله‌به‌رێك و هه‌تا ژینگه‌ش .
به‌شێکی زۆری ئه‌م گرفتانه‌شی که ئێستا ڕووبه‌ڕووی ڕۆژاوا ده‌بنه‌وه و ڕه‌نگه داهاتوی ئه‌و ئه‌زموونه گه‌وره و به‌هاکانی، دیارببکهن ، به‌شێکیان ئه‌و گرفتانه‌ن که من په‌نجه‌م بۆ ڕاکێشاون به‌ڵام گه‌وره تر و ئاڵۆزتر و مه‌ترسیدارتر بوون، له واقیعی ئه‌گه‌ره‌کانی منه‌وه گوێزراونه‌ته‌وه بۆ واقیعه‌که‌ی خۆیان و بوونه‌ته حه‌قیقه‌ت.
هه‌ندێك له‌و کهمووکوڕییانه بچوکن و له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا ده‌توانرێت چاره‌سه‌ربکرێن. ئه‌وانی دیکه‌یان گه‌وره‌ن و تا ڕهدهیهكیش ئاڵۆزن و کارێکی زۆری ده‌وێت تاکو به‌سه‌ریاندا سه‌رکه‌ویت. گرفته‌کان هه‌ر ئه‌وه نیین که ڕۆژانه بێن و بڕۆن تاکو ئێمه بتوانین لێیان گه‌ڕێین و بیانده‌ینه ده‌ستی ڕۆژگار. بهپێێچهوانهوه، هه‌ندێکیان ئه‌وه‌نده گه‌وره‌ن که کارایی خۆیان له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌کان به قورسی داده‌نێن و ته‌نانه‌ت ئاینده‌شیان دیاریده‌که‌ن له‌و ئاراسته‌یه‌ی که ده‌یگرنه به‌ر .
من لێره‌دا گرفته‌کان له چه‌ند خاڵێکدا کۆهدهکهمهوه تاکو خوێنه‌ر به ئاسانی لێیان تێبگات:
- میدیا و زمانی به‌کارهێنراو:
گه‌ر به‌وردی هه‌واڵه‌کانی ‘ ڕۆژنیۆز’ و ئه‌وانه‌ی که ده‌خرێنه سه‌ر فه‌یسبوك و دیمانه‌کان و هه‌ندێکی دیکه‌یان بخوێنیته‌وه و گوێ له که‌ناڵی ‘ستێرك’ بگرین، ده‌بینین که زمانێکی ڕایسستانه به‌کارده‌هێنرێت . به به‌رده‌وامی ئێمه ده‌بینین ده‌ڵێت ‘ پۆلیسێکی تورك’ ، ‘هێزی تورك’ ،’ هێزه تورکه‌کان’ ، ‘ جه‌ندرمه‌کانی تورك’ ، ‘ حکومه‌تی تورك’ یا ‘ ده‌وڵه‌تی تورك’ زۆری تر له‌مانه به‌کارده‌هێنرێت . من ده‌زانم که ئه‌وانه‌ی ئه‌و جۆره زمانه به‌کارده‌هێنن ڕایسست نین ، به‌ڵام پرۆفیشناڵیش نین ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ربڕینی ئه‌و زمانه له هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌که‌وه، بێت، له خانه‌ی ڕایسیسمدا خۆی ده‌بینێته‌وه و له‌گه‌ڵ په‌یامی ئۆجه‌لان و داخوازی ئامانجی ئیستای په‌که‌که و په‌یه‌ده‌دا یه‌كناگرێته‌وه . ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که ڕه‌نگه ڕاستیشی تیادا نه‌بێت. باشه تۆ چوزانی که ئه‌و ‘ پۆلیسه’ ئه‌و ‘ جهندرهمهیه ‘ ئه‌و ‘ که‌سه کوژراوه’ یا ‘ بکوژه’ تورکه؟ ئه‌ی بۆ کورد نه‌بێت ؟. هه‌تا تورکیش بێت ده‌بێت بوترێت ” پۆلیسێکی ده‌وڵه‌تی تورکیا ، جه‌ندرمه‌یه‌کی هێزه فاشییه‌کانی حکومه‌تی تورکیا” .
گومان له‌وه‌دا نییه که خه‌ڵکانێكی زۆری کوردیش ده‌سه‌ڵاتداره و له ده‌سه‌ڵاتدایه و خزمه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌ته ده‌که‌ن ، با به کوردیش قسه‌نه‌که‌ن و نه‌هی کوردبوونیشیان بکه‌ن ته‌نانه‌ت پارتی دینی کوردی هه‌یه و به‌رگریی له ئاکه‌په ده‌کات .
خۆبه‌دوورگرتن له به‌کارهێنانی ئه‌م جۆره زمانانه له‌و میدیایه‌دا زه‌رورییه و ده‌بێت زمانیان له‌و جۆره وشه و دهستهاژانه، پاکژ بکه‌ن . من تێناگه‌م بۆچی له هه‌مان میدیادا وشه‌یه‌کی سێکسیزم یاخود سوکایه‌تی به ئافره‌ت نابینرێت ، به‌ڵام له‌م بواره‌ی دیکه‌دا ناتوانرێت ڕیشه‌کێش بکرێت؟!!
چۆن ده‌بێت میدیایه‌کی ئاوا تایتڵی ‘ چه‌ته’ بۆ داعش دا‌نێت و به ‘ چه‌ته’ ناویان به‌رێت. ئه‌م زمانه‌ش بووه‌ته زمانێكی باو و هه‌موو ڕۆشنبیرانی کورد له هه‌موو بواره‌کانی میدیادا ، که دێنه سه‌ر باسی داعش هه‌ر ئه‌وه به‌کار ده‌هێنن . ده‌بێت به ویژدانه‌وه باس له ‘چه‌ته’ بکرێت ‘چه‌ته’ له زۆربه‌ی کرده‌وه‌کانیاندا ته‌نها کاروان و رێپێگیراوانیان ڕووتکردۆته‌وه، که‌ی کوشتونی ؟ که‌ی ده‌ستدرێژی کردۆته سه‌ر ئافره‌ت و که‌ی کوشتونی ؟ که‌ی بازاڕفرۆشی کردون؟، چه‌ته که‌ی دوژمنی زیاتر له 4 ملیار دانیشتوی ئه‌م جیهانه بووه؟ چه‌ته که‌ی دوژمنی گیانله‌به‌ر و ئاژه‌ڵ و سرشت بووه؟ شه‌رمه‌زاریی و پاکانه‌یه بۆ داعش و هه‌ژاری زمانه‌وانییه که بۆ داعش وشه‌ی ‘چه‌ته’ ی زمانی کوردی به‌کاربهێنرێت .
دیسانه‌وه وشه‌ی ‘ شه‌هید’ بۆ گیانبه‌ختکراوان به‌کار هێنراوه و ده‌هێنرێت، که وشه‌ی شه‌هید و ڕیشه‌ی وشه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دین ، که له کاتێکدا زۆربه‌ی زۆری جه‌نگاوه‌ره‌کانی یه‌په‌گه و یه‌په‌ژه و گریلاکان دیندار/ ئایندار نین و سه‌ر به پارتێكی عه‌لمانین .
ئه‌م زمانه ڕایسسته بێ مانایه ته‌نها له میدیای ئه‌وان له ئه‌وروپا و باشوور و باکوردا زاڵه ده‌نا له ڕۆژاوادا ئه‌م زمانه یا نابیستی یا به‌ده‌گمه‌ن دێته به‌رگوێت ئه‌ویش ،مه‌گه‌ر له لایه‌ن کورده ڕۆژهه‌ڵاتی و باشورییه‌کانه‌وه، بێت .
ئه‌م زمانه ڕایسستانه ته‌نانه‌ت له قسه و دیمانه‌ی به‌رپرسانیشدا ده‌یانبیستیت. بۆ نموونه بڕوانه قسه‌کانی موراد قه‌ریلان بۆ ڕۆژنیوز له 30/12/15 دا : “له‌باکوورى کوردستان گه‌لى کورد له‌به‌رامبه‌ر توندوتیژى و زوڵمى ده‌وڵه‌تى تورک خۆبه‌رێوه‌به‌رى رێگهیاندووه ، رۆژانه‌ش هاوڵاتیان ، ژن و منداڵ له‌لایه‌ن پۆلیس و سه‌ربازانى تورک تیرۆرده‌کرێن..” قه‌ریلان درێژه به قسه‌کانی ده‌داو سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی هه‌رێم له باشوردا ده‌ڵێت “له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هیودارین ته‌واوى سیاسه‌تى کوردیش ئه‌مه ببینێت و پشتگیرى بکات ، له‌به‌رامبه‌ر ره‌فتاره‌کانى ده‌وڵه‌تى فاشیست و داگیرکه‌رى تورک خاوه‌ن هه‌ڵوێست بێت..”
ئاخر ئه‌مه کاره‌ساته که ئه‌م جۆره ئاخاوتنه له زاری سه‌رکرده‌ی سه‌ربازی هیزی په‌که‌که و ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تییه‌وه، بێته ده‌ره‌وه. ئه‌م قسه و هه‌ڵوێستانه هه‌موو ڕێسه‌که‌ی ئۆجه‌لان ده‌کاته‌وه به خوری، چونکه له ئاستێکی ئاوادا یا ده‌بێت ده‌مت داخه‌یت یا که قسه ده‌که‌یت ده‌بێت ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیاسه‌تی سه‌ره‌کی پارته‌که‌ت ، بزوتنه‌وه‌که‌ت بێت.
ته‌نانه‌ت سه‌لاحه‌دین دهممیرتاشیش ناوبه‌ناو ده‌که‌وێته ئه‌و هه‌ڵه‌وه هه‌ندێك جار وه‌کو که‌سێکی ناشینالیستی بزوتنه‌وه‌ی کوردی قسه‌ده‌کات. من له خاڵێكی دیکه‌دا به به‌ڵگه‌وه دێمه‌وه سه‌ری.
ڕۆژنیوزی 05/01/2016 ده‌ڵێت : ساڵح موسلم پێشرهوهیهکانی هێزه‌کانی سوریای دیموکراتیک و کۆنترۆڵکردنی ئه‌و هه‌رێمانه له‌ده‌ستی داعشدان بهگرنگزانی و هاوکات کاردانه‌وه دوژمنکاریه‌کانی تورکیا له‌م رووه‌وه ره‌خنه کرد و وتی:” چی په‌یوه‌ندیه‌کی به‌تورکیاوه هەیە سه‌باره‌ت به‌ده‌وڵه‌تێکی تر هێڵی سور دیار بکات، کاربەدەستانی تورکیا چاوی بینینی هاوکاری هێزه عه‌رب، سوریانی و تورکمان و گروپه نه‌ته‌وه‌یه‌کانی له‌گه‌ڵ کوردان نیه، تورکیا و سوریا وه‌کو یه‌کن، سوپای تورک له‌سنور ده‌ستی به‌کوشتنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی رۆژئاوای کردوه، به‌ڵام مرۆڤکوژیهکانیان ناتوانێ بەر بهسهرکهوتنهکانمان بگرێت”
به‌ڕای من کارکردن بۆ پاکژکردنی زمانیان و گونجاندنی له‌گه‌ڵ ئامانجی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، کارێکی گران نییه و به‌دانانی لیژنه‌یه‌کی پیاچونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵ و باسوخواسانه، ده‌توانرێت ڕیشه‌کێش بکرێن هه‌رکه‌سێکیش زمانه‌که‌ی چاکنه‌کات جه‌نده‌ها شێوه هه‌یه، ده‌توانرێت بگیرێنه به‌ر بۆ هێنانه‌وه سه‌رخه‌تی نوسه‌ره‌که‌ی ، ههواڵنوسهکهی یا که‌سی دیمانه‌که‌ر.
- دیمانه و ڕاگه‌یاندنی نابه‌جێ، زمانگۆڕین و بۆنی پاشه‌کشه‌کردن له سیسته‌می کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك:
به‌وه‌ی که له نزیکه‌وه چاودێری قسه و باس و دیمانه و میدیای هاوکار به ڕۆژاوا و باکور ده‌که‌م، پاشه‌کشه‌ی گه‌وره له زمانی به‌رپرسان و هه‌ندێك که‌س و هه‌ندێك له به‌شه‌کانی میدیا ، ده‌بینم . هه‌ستده‌که‌م که له مانگی نیسانی پاره‌که‌وه ، 2015، که بینینی ئۆجه‌لان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکیاوه قه‌ده‌خه‌کراوه ، سه‌رجه‌می هه‌ردوو حیزبه‌که‌ی باکور و ڕۆژاوا و هه‌ردك بزوتنه‌وه‌که له به‌های تێفکرین و ئایدیا و تاووتوێکردنی کێشه‌کان و پلانکێشان و چاودێریکردنی چالاکییه‌کان ، که ئۆجه‌لان به‌شداریده‌کات و ئاگه‌داریان ده‌کاته‌وه، بێبه‌شن ، ئاوای ده‌بینم نه‌بینینی ئۆجه‌لان بووه‌ته هه‌لێك بۆ هه‌ندێك که‌س که نه‌ك هه‌ر به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که ئۆجه‌لان ده‌یه‌وێت قسه ده‌که‌ن و دیمانهدهکهن، به‌ڵکو سیاسه‌تی پارته‌کان و هه‌ڵسوکه‌وتیشیان گۆڕیوه ، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ، که ڕه‌نگه به قازانجی هیچکام له‌و دوو بزوتنه‌وه‌یه نه‌گه‌ڕێته‌وه .
وه‌کو له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ‌کرد زۆر جار و له زۆر بواردا زمانی ڕایسیستانه به‌کار ده‌هێنرێت. جگه له‌مه‌ش قسه‌ی نابه‌جێ و بێسه‌ر و به‌ره‌ش ده‌کرێت . لیره‌دا بۆ به‌ڵگه‌ی قسه‌کانم چه‌ند نمونه‌یه‌کی تازه‌کی ده‌هێنمه‌وه :
له سێپته‌مبه‌ری 2015 دا قه‌ریلان ده‌ڵێت ” کاروانی شۆڕشەکەمان بۆ سەرکەوتنی هەموو کوردستان …….. کە گەلی کورد بە قۆناغێکی مێژووی گرنگدا دەرباز و دەڵێت:” ئەم قۆناغەی ئێستا تێیداین، قۆناغی ئاواکردنی کوردستانی ئازادە، لەبەر ئەوە لە هەموو کات زیاتر پێویستیمان بە یەکێتی نەتەوەییە”
لەپەیامەکەیدا کارایڵان دەڵێت:” لەبەر ئەوەی ئێوە منتان بە شایانی ئەندامێتی کەنەکە بینی، منیش بە هەموو نرخە پیرۆزەکانی خۆم پەیمان دەدەم کە لە تێکۆشانی ئازادی کوردستاندا وەک فیداییەکی ئاپۆچی جێگە بگرم، پڕەنسیپەکانی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتیک بەجێبهێنم و بۆ کوردستانی ئازاد و دیموکراتیک و سەرکەوتوو، بەهەموو هێزی خۆم تێبکۆشم دژ به سیاسه‌تی داگیرکاری ده‌وڵه‌تی تورك” ..”له قۆناغێکی وه‌ها گرنگدا، لەهەموو کات زیاتر پێویستمان بە یەکێتی هەیە، هەروەها لەم قۆناغەدا بۆ سەرکەوتنی گەلەکەمان و هەم بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی، من لەو باوەڕەدام کە کەنەکە ڕۆڵی خۆی دەبینێت و مۆری خۆی لە خەباتی گرنگ دەدات”
من ده‌توانم چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م قسه بێسه‌روبه‌رانه‌ی قه‌ریلان بنوسم به‌ڵام لێره‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم له سه‌ره‌تای قسه‌کانییه‌وه تاکو کۆتاییه‌که‌ی ، هیچی له خزمه‌تی کێشه‌ی کورددا نییه و زۆر ئازادانه و بێ منه‌تیش دژایه‌تی هزر و حه‌ل و پلانی ئۆجه‌لان بۆ لابه‌لاکردنه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد له هه‌ر به‌شێکی کوردستاندا، ده‌کات . وشه‌ی سواوی یه‌کێتی کورد ته‌نها بارزانی و تاڵه‌بانی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌کاریده‌هێنن ، ده‌نا ئه‌وه‌ی که ئهلفوبایهکی مێژو و سیاسه‌ت و پێکهاته‌ی نه‌ته‌وه بزانێت ، ده‌زانێت که یه‌کێتی نه‌ته‌وه وجودی نییه و هه‌رگیزیش نه‌بووه . نه‌ته‌وه نه له که‌ڵچه‌ردا و نه له زماندا یکگرتوو نه‌بووه وناشبێت ، هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان له چین پێكهاتوه‌و به‌رژه‌وند و ناکۆکی چینایه‌تییان هیچ وه‌خت ڕێگا نادات که یه‌کبگرن ، حیزبچێتی و سهرکردهچێتی و ده‌سه‌ڵاتخوازیش هه‌روه‌کو چۆن ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بوونی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌ییه ، هه‌ر ئاواش ئه‌وه‌نده‌ی دیکه له‌ت و په‌تیان ده‌کات و یه‌کگرتنیان هه‌رگیز له خه‌ون تێناپه‌ڕێنێت.
ئه‌مه‌ی که قه‌ریلان ده‌ێڵێت دژی ڕۆحی هزری ئۆجه‌لان و ‘ بوکچینی’ مامۆستایه‌تی که کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکه ، ناسێنتراڵیزمه / ناناوهندگهریی، یه‌کگرنتی خه‌ڵکانی وڵاته‌که به جودایی نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌گه‌زیی و دینی و مه‌زهه‌به‌کانیان له‌و کۆنفیدراڵیزمهدا ، له خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دامه‌زراندنی یه‌کێتی کۆنفیدراڵیزمدا . نه‌ك سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی .
قسه‌کانی 30/12/15 ی قه‌ریلان پشتڕاستکردنهوهیهكن بۆ قسه‌کانی مانگی سێبته‌مبه‌ری، که ده‌ڵێت :” ئه‌و به‌رخۆدانه‌ى ئێستاى باکوورى کوردستان به‌رخۆدانێکى نه‌ته‌وه‌یه و ده‌بێت هه‌مو هێزه کوردستانیه‌کان پاڵپشتى بکه‌ن ، چونکه ئه‌م به‌رخۆدانه بۆ ته‌واوى کورد و ..
هیوامان هه‌یه سیاسیه‌کانى باشوورى کوردستان به‌هێزتر پشتیوانى له‌باکوورى کوردستان بکات”
قه‌ریلان یا زۆر سیاسییانه یا زۆر بێئگایانه قسه ده‌کات ئه‌م داخوازییه گرنگه و ئه‌م ئه‌رکه قورسه نه‌ته‌وه‌ییه ده‌خاته سه‌رشانی هیزو لایه‌نه سیاسییه‌کانی باشوور . من تێناگه‌م بۆچی ئاوا به خشکه‌یی خۆی له هه‌ڵوێسته‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌و ڕوداوانه‌ی که ڕویداوه، لاده‌دا . كێ بوو له‌شکری ده‌وڵه‌تی تورکیا و داعشی هێنایه سه‌ر کوردستان و بۆچی هێنانی ؟ ئه‌وه حکومه‌تی هه‌رێم نییه که ته‌وقی ئابوری له‌سه‌ر ڕۆژاوا داناوه ؟ ئه‌وان نین که ڕێگرن له چاره‌سه‌ری بریندارانی جه‌نگاوه‌رانی یه‌په‌ژه و یه‌په‌گه له جه‌نگی دژ به داعشدا له خه‌سته‌خانه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیاندا؟ ئه‌وه ئه‌وان نین ته‌نانه‌ت ڕێگاناده‌ن که جه‌نازه‌ی گیانبه‌ختکردوانی باکور و ڕۆژاوا له ناو یه‌په‌گه و یه‌په‌ژه و گه‌ریلاکاندا بۆ ناشتنیان به که‌سوکاریان بسپێرێن؟ ئه‌وه ئه‌وان نین که ڕێگا ناده‌ن هاووڵاتیانی باشور و ڕۆژهه‌ڵات و بێیانه سنوریان ببه‌زێنن بۆ کۆمه‌ك به ڕۆژاوا ؟ ئه‌وه ئه‌وان نین له پیلانگێڕاندان له‌گه‌ڵ تورکیادا، دژیان وا جارێکی دیکه‌ش له‌شکری ده‌وڵه‌تی تورکیایان هێناوه‌ته سه‌نجار بۆ گیانی ئه‌وان؟ ئه‌وه ئه‌وان نین که چه‌نده‌ها بنکه‌ی سه‌ربازی له‌شكری تورکیایان له خاکی کوردستاندا مۆڵه‌ت پێداوه؟ ئه‌وه ئه‌وان نین که خوێن ده‌به‌خشنه خوێنبه‌ره‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا و هێزه‌کانی داعش به فرۆۆشتنی نه‌وتی هه‌رزان و کارئاساکردن بۆیان و هێنانی زیاتر له 4000 کۆمپانیای تورکی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان؟ ئه‌وه ئه‌وان نین ڕۆژێك له ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژێک له وڵاتێکی ڕۆژاو و ڕۆژێکی دیکه له یه‌کێك له پاشا و میر نشینه‌کانی که‌نداون که خاڵی یه‌که‌می ئه‌جه‌نده‌ی کۆبوونه‌وه‌کانی نێوانیان له‌ناوبردنی ئێوه‌یه؟
ئه‌ی چۆن دڵت به گۆڕان خۆشده‌بێت و ئه‌و داخوازییه‌ی لێده‌که‌یت که تا ئه‌م چرکه‌یه هیچ هه‌ڵوێستێکی فیعلی نه دژ به پارتی و نه له قازانج به ڕۆژاوا و باکور نییه؟ خۆ یه‌کێتیش هه‌روه‌کو ئه‌وان تاوانباره . ئه‌مان هه‌ر هه‌موویان بۆ حاڵی خۆیان زۆر زیره‌کن و ده‌زانن چیده‌که‌ن ، یارمه‌تیدانی ئه‌وان به بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژاوا و باکور یانی کۆمه‌كکردن به له‌ناوبردنی خۆیان ، یانی هه‌ڵکه‌ندنی چاڵ بۆخۆیان ، چونکه به‌ڕێکردنی هه‌مان مۆدێلی ڕۆژاوا له باشووردا یانی تیاچونی ئه‌وان.
ده‌میرتاشیش له سه‌فه‌ره‌که‌ی بۆ ئه‌مه‌ریکا له سه‌ره‌تای مانگی دیسه‌مبه‌ردا له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌دا له واشنگتۆن وتی “..بێ كەموكوڕی نین، بەڵام دەتوانم بڵێم كە زۆر بەرەوپێشچووین، بەئاراستەی وەدیهێنانی یەكێتی نەتەوەیی . لە مەهابادەوە بۆ قامیشلی و هەولێر و سنە، هەموومان بە یەك ئاراستەدا دەڕوانین. بەبۆچوونی من، لە سەتەی ٢١دا گەیشتووینەتە خاڵێكی مەزن بۆ ئەوەی كورسی خۆمان لەنێو خێزانی نەتەوە شكۆمەندەكاندا هەبێت و وەك دەوڵەت بژین”
ئاشکرایه که ده‌میرتاش لێره‌دا وه‌کو هاوسه‌رۆکی هه‌ده‌په قسه ناکات ، وه‌کو هاووڵاتییه‌کی تورکیا که بانگه‌شه‌ی بۆ کرده‌وه ، قسه ناکات ، به‌ڵکو وه‌کو بارزانی قسه ده‌کات . ئه‌وه‌ی له‌بیرچۆته‌وه که ئه‌و ئامانجی له باکور و تورکیا خۆسه‌ری دیمۆکراتی و کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکه نه‌ك هه‌وڵی شه‌کاندنه‌وه‌ی ئاڵای ده‌وڵه‌تی کوردستان و خوازیار و پێشبینکهری ئاڵای ده‌وڵه‌تی کوردی له‌نێو “ئه‌و خێزانه شکۆمه‌نده”ی که بۆ جارێکیش له‌سه‌ر کوردی باکور دژی تورکیا نه‌هاتۆته قسه. دوای ئه‌مه‌ش کام یه‌کێتی کورد ، ئه‌و به‌وه دڵی خۆشه که چه‌ند هه‌زارێك له کوردانی باشور و ڕۆژهه‌ڵات له‌ناو هێزه‌کانی یه‌په‌گه و یه‌په‌ژه و په‌که‌که له چه‌ند ملۆێنێک گه‌نجی کورد، به‌شدارن؟!! باشه خۆ له سه‌دا 30 هێزی یه‌په‌گه غه‌یره کوردن دوای ئه‌وه ئه‌ی چیده‌ڵێت به‌و چه‌ند سه‌د که‌سه بێیانانهی که له وڵاتانی دونیاوه خۆیان كێشکردوه بۆ کۆمه‌ك و هاوکاری بزوتنه‌وه‌که؟!!
- مامه‌ڵه‌ی دیبلۆماسیانه‌ی په‌که‌که و په‌یه‌ده له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێم، به‌تایبه‌تی پارتی:
ناکۆکی نێوانی هێزه کوردییه‌کانی باشور و په‌که‌که لانیکه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانی چه‌رخی ڕابوردوو که له زنجیره شه‌ڕێکی خوێناویدا خۆی بینییه‌وه . گومانی تیادا نییه هیچ هێز و پارتێکی کوردی له باشوردا نه‌بووه و نییه که چاوی دۆستانه و هاونه‌ته‌وه‌یی به په‌که‌که‌دا هه‌ڵهێنابێت و ههڵیشبهێنێت هه‌میشه زه‌مینه‌ی به‌یه‌کادان و یهکدیکوشتن ئاماده‌بوون. ڕاسته له‌گه‌ڵ گۆڕان و یه‌کێتی و ئیسلامییه‌کاندا دوژمانیهتییهکهی نێوانیان له ئیستادا تۆزێك ئههونتره ، به‌ڵام ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییه که ئه‌و 3 لایه‌نه‌ش دۆستی په‌که‌که و په‌یده یا باکور و ڕۆژاوا بن .
پارتی ئه‌وه‌نده‌ی که په‌که‌که به دووژمنی خۆی ده‌زانێت هیچ هێزو حکومه‌تێکی ئه‌م جیهانه ئه‌وه‌نده به دووژمنی خۆی نازانێت، هاتنی هێزی تورکیا و دانانی سه‌ربازگه‌یان له خاكی کوردستان و هێنانی داعش، هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه بۆ دژایه‌تیکردنی په‌که‌که و په‌یه‌ده و هێزه سه‌ربازییه‌کانیانه . هێزه‌کانی پارتی ته‌نانه‌ت ڕێگا ناده‌ن که له خۆپیشاندانێکدا به‌یانێك بخوێنرێته‌وه یا هیتافێك بکێشرێت دژی حکومه‌تی تورکیا ، ئیدی له‌مه دۆستایه‌تیی زیاتر و پاڵپشتکردنی ئۆردگان و ڕژێمه‌که‌ی چی دیکه هه‌یه؟!! من له به‌شێك له‌و ڕاپۆرته‌ی که له‌سه‌ر سه‌فه‌ره‌که‌ی ڕۆژاوامم نوسیوه باسم له ناکۆکی و هۆکاری ئه‌م ناکۆکییه‌ی نێوانی پارتی و په‌که‌که کردوه ، بۆیه لێره‌دا نامه‌وێت خۆم دووباره بکه‌مه‌وه.
دڵنیام په‌که‌که و په‌یه‌ده زۆر زۆر له ئێمه زیاتر سه‌باره‌ت به ناحه‌زێتی پارتی و هه‌ڵوێستی دووژمنانه‌یان ده‌زانن که ڕه‌نگه چه‌نده‌ها دۆکۆمێنتی فه‌رمیشیان له‌لابێت . ئه‌وان ئه‌وه‌نده گێل نین که له هه‌ڵسوکه‌وت و چالاکی په‌یمانه مۆرکراوه‌کانی پارتی و حکومه‌تی تورکیا و ئه‌مه‌ریکا و بڕێك له حکومه‌تانی ڕۆژاوا، نه‌زانن. به‌ڵام گرفتی په‌که‌که و په‌یه‌ده ئه‌و په‌یوه‌ندییه دیلۆماسییه بێتام و بیبهرههم و زیاد له حه‌د دڵڕاگرتنه‌ی پارتییه، که گه‌یشتۆته ڕاده‌یه‌ك که له‌سه‌ریان که‌وتووه و ده‌که‌وێت. بۆ نموونه چونی صاڵه‌ح موسلیم بۆ سه‌ر گۆڕی بارزانی گه‌وره و داوه‌تکردنی بارزانی بۆ کۆنفرانسی په‌یه‌ده له قامیشلی ، مانایه‌کی نییه جگه له کردنی جۆرێك له سیاسه‌ت که ئه‌ونده‌ی دیکه ڕهشتدهکات. بردنت بۆ سه‌ر گۆڕی بارازانی گه‌وره سوکایه‌تیپێکردنه، داوه‌تکردنی بارزانی بۆ کۆنفرانسی په‌یه‌ده ، له کاتێکدا که خۆی ناچێت و یه‌کێك له مههتوكهکانی پارته‌که‌ی ده‌نێرێت ڕێز لێنه‌نان و وه‌زن نهدانیشه به په‌یه‌ده .
پارتی شایانی هیچ جۆره په‌یوه‌ندییه‌ك نییه له‌گه‌ڵیدا ببه‌سترێت . هه‌ڵبه‌ت هۆکانی پاساودانی ئه‌مه لای هه‌موو کوردێکی نا’ پارتی ‘ ئاشکرایه . دیاره من خوازیاری شه‌ڕی نێوانی په‌که‌که و نه‌ك هه‌ر پارتی به‌ڵکو هیچ هێزێکی دیکه‌ش نیم ، ته‌نها ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم پارتی نه‌ك شایانی هاوکاری نییه به‌ڵکو ده‌بێت ڕێگه خۆشبکرێت بۆ له‌ناوبردنی ده‌سه‌ڵاتی پارتی که بارزانی و خێزانه‌که‌یه‌تی، سیساسه‌تی په‌که‌که له‌گه‌ڵ پارتی-دا ده‌بوایه هه‌مان سیاسه‌تی په‌یه‌ده بێت له‌که‌ڵ حکومه‌تی ئه‌سه‌د-دا که سیاسه‌تی ” نه‌شه‌ڕ و نه ئاشتی ” .
هه‌مووان ده‌زانن که کێشه‌کانی نێوانی پارتی و په‌که‌که و په‌یه‌ده خۆشی کێشاوه بۆ کێشه‌ی نێوانی به‌ره‌ی نیشتمانی کوردستان “ئه‌نه‌که‌سه” له ڕۆژاوا له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری گه‌ل و بزوتنه‌وه‌ی تێڤده‌م . دیاره ئه‌مه‌ش شتێکی ئاساییه که له کاتێکدا په‌که‌که و پارتی ناکۆكن چونکه دوو ڕێڕه‌و و دوو داهاتوی جیایان بۆ کوردستانه‌کان ده‌وێت . هاوکاتیش که ده‌بینرێت په‌یه‌ده پارتێكی ده‌سته خوشکی په‌که‌که‌یه و پارته‌کانی ڕۆژاواش دروستکراوی پارتین و ته‌نها مه‌به‌ستیشیان به‌ڕێکردنی پلانه‌کانی پارتی-ن له‌وێ.
له وتووێژ و سازشی نێوانی ئهکهنهسه و هێزه‌کانی ڕۆژاواد، له ساڵی پاردا که سه‌رئه‌نجام گه‌یشتنه جۆرێک له سازان به ڕێکه‌وتن له‌سه‌ر کورسییه‌کان له ڕۆژاوادا، ده‌توانرێت دوو تێبینی گه‌وره بکرێت. یه‌که‌مایان: ئاڵدار خه‌لیل که نوێنه‌ری سه‌ره‌کی په‌یه‌ده و تێڤده‌م بوو که خۆشی یه‌کێکه له ده‌سته‌ی باڵای بزوتنه‌وه‌ی تێڤده‌م بێگه‌ڕانه‌وه بۆ ڕای تێڤده‌م ، بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و گروپه لۆکاڵییانه و ماڵی گه‌ل که بزوتنه‌وه‌ی تێڤدهمی پێکهێناوه ، له‌گه‌ڵ هاوه‌ڵانی دیکه‌یدا و ڕه‌نگه گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ چه‌ند که‌سێکی سه‌ره‌کی دیکه له‌ناو بزوتنه‌وه‌که و په‌که‌که و په‌یه‌ده‌دا ، بڕیاری دابه‌شکردنی ئه‌و کورسیانه‌یان دا . ئالێردا له دانی ئه‌م بڕیاره گه‌وره‌یه‌دا ، گه‌ر سه‌ری بگرتایه بارودۆخی هه‌نوکه و ئایندهی ڕۆژاوای دیاری ده‌کرد نه دیمۆکراتی ڕاسته‌وخۆ و نه ناڕه‌سته‌وخۆی تیادا به‌کارنه‌هێنرا ، واته خاوهنبڕیاران نه‌گه‌ڕانه‌وه بۆ بزوتنه‌وه‌ی تێڤده‌م و نه گه‌ڕاشنه‌وه بۆ ڕای هه‌موو گه‌ل له ڕۆژاوا. لای من ئه‌مه پاشه‌کشه‌یه‌کی گه‌لێك گه‌وره بوو له ڕێڕه‌و و ئامانجی شؤڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی له ڕۆژاوا، یه‌که‌م: به حسابنه‌کردن بۆ بزوتنه‌وه‌ی تێڤده‌م که تاکه هیوای سه‌رکه‌وتنی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه. دووهه‌م: ئه‌و موغازه‌له و موجامه‌له‌یه‌ی که په‌که‌که و په‌یه‌ده بۆ پارتی ده‌که‌ن گه‌ر به زیادیشه‌وه ئه‌وه‌یان بۆ خودی ‘ ئه‌نه‌که‌سه’ بکردایه زۆر به‌جێتر و کاراییتر ده‌بوو .. به‌کردنی ئه‌م کاره هه‌م کییان و قهبارهیهکیشیان بۆ داده‌نان و هه‌م حسابنهکردنێکیش بوو بۆ پارتی . به‌ڕای من ده‌بێت به چاوێکی زۆر له‌وه زیاتر و به‌تواناتر له ئه‌و حیزبانه‌ی که له‌و چوارچیوه‌یه‌دا هه‌ن، بڕوانرێت له‌وه‌ی که خۆیان له واقیعدا هه‌ن. ئه‌وان هه‌رچه‌ند گه‌وره بن یا بچوک ته‌نها له ماوه‌یه‌کی زۆر که‌مدا ده‌توانن ڕێسه‌که‌ی ڕۆژاوا بکه‌نه‌وه به خوری ، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که چه‌نده‌ها هه‌ڵبژارده‌یان هه‌یه به حوکمی هه‌بوونی دوژمنێکی زۆری شؤڕشی ڕۆژاوا ، ده‌توانن به ئاسانی بچنه باوه‌شی لایه‌نێکه‌وه هه‌موو شتێکیشیان بۆ دابینبکرێت ، له‌و لایه‌نانه‌ش؛ پارتی، ڕژێمی سوریا، تورکیا ، وڵاتانی ڕۆژاوا و ئه‌مه‌ریکا و ئێران و وڵاتانی دیکه‌ی دراوسێ. به‌بۆچونی من گه‌ر مه‌سه‌له بێته سه‌ر ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ دۆستان و دووژمناندا ، هیچوه‌خت پێویست ناکات له ڕێگای لایه‌نی سێهه‌مه‌وه بێت ، هه‌میشه بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی تێچوونی وه‌خت و پاره هه‌روه‌ها دانانی هه‌ژموونی ڕاسته‌وخۆ، لێدوانی دووقۆڵی ڕاسته‌وخۆ سه‌رکه‌وتووتر و کاریگه‌رتره.
- هه‌ڵه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی په‌که‌که و که‌وتنه‌داوی حکومه‌ته‌که‌ی ئاکه‌په‌وه :
گه‌ر له‌سه‌ره‌تاشدا لامان ڕووننهبووبێت، که ده‌وڵه‌تی تورکیا و ئاکه‌په نیازی ئاشتییان له‌گه‌ل کوردانی باکوردا نه‌بووبێت و ئه‌وه‌ی که کردیان هه‌ر وه‌کو تاکتیکێك به‌کاریانهێنابێت بۆ به‌ڕێکردنی وه‌خت ، ئیدی هۆیه‌کانی چاوه‌ڕوانکردنی وه‌خت چیبێت زۆربه‌یان لای ئێمه نه‌زانراوه. به‌ڵام له سه‌ره‌تای ساڵی ڕابوردووه ئه‌م ده‌سته ده‌رکه‌وتووه و که‌شفه که پرۆسه‌ی ئاشتی ته‌نها له‌و ڕێگایه‌وه سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت که ئۆجه‌لان و چه‌ند که‌سێکی که‌می په‌که‌که باوه‌ڕیان پێی هه‌یه که ڕاوه‌ستانی شه‌ڕی ماڵکاولانهی شاخ و شاره ، هه‌تا ئه‌گه‌ر ئه‌م شهڕڕاگرتنه یهکلایهنانهش بێت و هه‌ر بۆ به‌ڕیکردنی وه‌ختیش بێت.
ئۆجه‌لان له‌م بواره‌دا که هه‌وڵێکی یه‌کجار زۆر و هه‌نگاوی گه‌وره گه‌وره‌ی ناوه ، که له زۆر شوێنی دیکه‌دا باسمکردون ، تا مانگی ته‌موزی ساڵی ڕابوردوو توانی تاکتیکه‌کانی ده‌وڵه‌ت و ئاکه‌په یه‌ک به یه‌ك پوچبکاتهوه ، توانی کێشه‌ی کورد له کێشه‌یه‌کی داخراوی نێوخۆی تورکیاوه بکاته کێشه‌ی سه‌رمێزی وڵاتان و دهسهڵاتدارهکانییان، توانی بزوتنه‌وه‌ی په‌که‌که له بزوتنه‌وه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی چه‌کدارانه‌ی چهقبهستتوهوه بگوێزێته‌وه بۆ بزوتنه‌ویه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی زیندوی نموونه‌یی ، بۆ بزوتنه‌وه‌ی دژه ده‌وڵه‌ت و دژه ده‌سه‌ڵات له هه‌ر شێوه و ناوهرۆكێکدا بێت ، شۆڕشی سیاسی پارتیانه‌ی گۆڕی بۆ شؤڕشێكی کۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌موو بوارێک‌دا به‌مه‌ش توانی به ملوێنه‌ها خه‌ڵکی له سه‌رانسه‌ری ئه‌م دونیایه‌دا له کوڕان و کچانی گه‌نج بکاته هاوکار و کۆمه‌ککار به ڕۆژاوا و به باکور … توانی گه‌لێکی دیکه له‌مانه بکات.
به‌ڵام مه‌خابن، هه‌موو ئه‌م هه‌وڵ و کۆششانه‌ی ئۆجه‌لان ، گه‌ر ئه‌م بارودۆخه وابڕوات، به دڵنیاییه‌وه به زایه ده‌ڕوات و ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ساڵانی هه‌شتا و نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی پێشوو، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که هه‌نگاوی یه‌که‌میش ده‌بێت بۆ تێشکانی بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژاواش.
وه‌ستانی شه‌ڕ، گواستنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌که له شاخه‌وه بۆ شار و شارۆچکه و لادێکان کردنی به شۆشێکی کۆمه‌ڵایه‌تی قۆڵی شه‌ڕخوازانه‌ی ده‌وڵه‌ت و ئاکه‌په‌ی له بندا بڕی و خستنییه ژێر فشارێکی ناوخۆی تورکیا و سه‌راپای ده‌ره‌وه و سیاسه‌تیی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی تورکیای خسته ژێر چاودێریه‌کی یه‌کجار ورده‌وه .
له کاتێکدا که ده‌وڵه‌ت و ئاکه‌په هه‌رگیز نێتی ئاشته‌واییان نه‌بووه و نییه و به‌ڵام که‌وتبوونه به‌رده‌م واقیعێکه‌وه که نه‌یانده‌توانی هه‌ر به‌و ئاسانییه بگه‌ڕینه‌وه بۆ شه‌ڕکردن. ده‌یانزانی ئه‌م ڕێگایه‌ی که په‌که‌که گرتویه‌تییه‌به‌ر تاکه ڕێگه‌ی سه‌رکه‌وتنتی ئه‌وانه و تێشکانی ئه‌مانه ، ده‌زانن که ده‌روازه‌ی هاتنه‌ناوه‌وه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپای لێداده‌خرێت، ده‌که‌وێته به‌ر لۆمه و گازه‌نده‌یه‌کی زۆره‌وه ، ئه‌مانه و سه‌رکه‌وتنی پارتی هه‌ده‌په و که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئاکه‌په له ده‌وڵه‌تدا……. له‌به‌ر ئه‌مانه ئاکه‌په به یارمه‌تی ده‌زگه سیخوڕییه‌که‌ی ‘ میت ‘ تاکه چاره‌یه‌ك لای ئه‌وان گه‌ڕانبوو به دوای ڕیزێك تاکتیکدا که هه‌رچۆن هه‌یه په‌که‌که‌ی پێبخه‌نه داوه‌که‌وه و بزوتنه‌وه‌که‌ی ڕۆژاواشی پێلاواز بکه‌ن تاکو ڕۆژاواش ڕێڕه‌وی سازشکارییه‌کی وا بگرێته به‌ر که ببێته وانه‌یه‌ك بۆ هه‌موو چه‌پ و کۆمۆنیست و سۆشیالیت و ئازادیخوازانێك که به‌و ئاسانییه ئیدی پشتگیری هیچ بزوتنه‌وه‌یه‌ك نه‌که‌ن.
به‌داخه‌وه ده‌قاو ده‌ق په‌که‌که ئه‌وه‌ی کرد که ئاکه‌په ویستی که له کوشتنی دوو پۆلیسه‌وه ده‌ستیپێکرد و ( گه‌رچی په‌که‌که ئه‌و هه‌واڵه‌ی به‌درۆ خسته‌وه) بیانوی دایه ده‌ست ده‌وڵه‌ت نه‌ک له گرتنی ده‌یه‌ها که‌سدا و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پرۆسسه‌ی ئاشتی و کردنی هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه ، هێڕشکارییهکانی بهندبکات، به‌ڵکو بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکیش کوردستانی باشوریشی بۆمببارانکرد و چه‌نده‌ها گوند و چه‌نده‌ها خه‌ڵکانی سیڤڵ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له گه‌ریلاکانی په‌که‌که‌شدا، کوشت .
دوای عه‌مه‌لییه تیرۆرریستییهکهی داعش له ئه‌نقه‌ره و گیانله‌ده‌ستدانی زیاتر له 130 که‌س و به‌کارهێنانی سیاسه‌تی توندوتیژانه‌ی ده‌وڵه‌ت دژی شاره‌کانی کوردستان ، په‌که‌که له‌بری گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی یاخود چالاکی دیکه، هاتن داوای جۆرێك به‌رخۆدانیان له خه‌ڵکی کرد و بانگه‌شه‌ی خۆبه‌ڕیوه‌به‌ری گهلیییان کرد . ئاخر له که‌شوهه‌وای جه‌نگ و له‌ژێر سێبه‌ری ده‌بابه و ته‌نك و ته‌قه‌دا چۆن خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی گه‌لی دروستده‌کرێت؟!! گه‌ر خۆبه‌ڕیوه‌به‌ری گه‌لی له حه‌قه‌تدا خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی گه‌لی بێت، ده‌بێت هه‌م خودی گه‌ل خۆی بڕیار بدات و دروستی بکات هه‌میش ده‌بێت له ئاووهه‌وایه‌کی ئاشتی و به‌گرتنه‌به‌ری پرۆسه‌ی دیمۆکراسی ڕاسته‌وخۆبێت نه‌ك به بڕیاری گه‌ریلا یا ده‌سته‌یه‌کی چه‌کدار و له که‌ش و هه‌وای شه‌ڕدا!! ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که کارێکی نادیمۆکراتیانهیه و کۆمه‌ڵێکی که‌م بڕیار بۆ سه‌رجه‌می هاووڵاتیان له‌و شوێنه‌دا ده‌ده‌ن ، دیسانه‌وه بیانویه‌کی باشیشه بۆ ئاکه‌په بۆ کوشتن و بڕینی خه‌ڵکی و خولقاندنی بارودۆخێك که به ته‌نها له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وه بۆ چڕکردنه‌وه و گه‌وره‌کردنی شه‌ڕه‌که و دانی په‌یامێکی وا به‌تایبه‌ت له کاتێکیشدا که پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردان به‌ڕیوه ده‌چوو به خه‌ڵکانی تورکیا که زۆربه‌یان تورکن و چه‌نده‌ها پارتی ڕاستڕه و ڕایسستی تیادایه و بڵێت ” بڕوانن په‌که‌که ده‌یه‌وێت که خاکی تورکیا به‌شبه‌ش بکات”.
له‌مه‌ش خراپتر له ڕۆژانی 24/12 و 25/12/15 له شاره‌کانی وه‌کو نوسه‌یبین و بۆتان و جزیره ” پارتی سیڤل” له لایه‌ن هه‌ندێك که‌سه‌وه ڕاگه‌ینرا هه‌ر ده‌موده‌ستیش هێزی یه‌کینه‌کانی پاراسنتنی شاریان له گه‌نجان ڕاگه‌یاند و وێنه‌ی هه‌ندێک له‌و گه‌نجانه به چه‌ک و نارنجۆکه‌وه که‌وته سه‌ر ڕوی ماڵپه‌ڕه کوردییه‌کان و فه‌یسبوك و به مژده‌یه‌کی خۆش و به‌رخۆدان ، ڕاگه‌یه‌نرا ، که له ڕاستیدا گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌یه و ده‌وڵه‌تی تورکیا به ملوێنه‌ها دۆلار ئه‌م هه‌له ده‌کرێت .
له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ده‌بینین که تاکه که‌سێك ده‌یه‌وێت فرمانێکی گه‌وره بۆ گه‌لێك، ده‌ربکات ، بێ له‌بیرکردنه‌وه له ئاکامی بڕیاره‌که‌ی و نه‌گه‌ڕانه‌وه ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و که‌سانه‌شی که هه‌ڵیانبژاردووه. ڕۆژنیوزی 30/12/2015 په‌یامێکی گوڵتان کشانک بڵاهدهکاتهوه،ده‌ڵێت:
کشاناک رایگەیاندبوو:” ئەگەر دەوڵەت هاوسەرۆکی شارەوانیەکەمان ده‌ستبه‌سه‌ر
ده‌کات ئەوە منیش خۆبەرێوەبەری رادەگەیەنم”
له ئێستاشدا باس له‌وه ده‌کرێت که به‌رده‌وامی بدرێت به‌م جۆره به‌رخۆدانه و له ئایندهنیهکی نزیکیشدا گه‌ریلا بێته‌وه ناوشارو جه‌نگ بگوێزرێته‌وه بۆ قوڵایی شاره‌کانی تورکیا . سه‌باره‌ت به‌مه‌ش به گوێره‌ی ڕۆژنیوزی 02/01/2016 فه‌رمانداری بڕیارگه‌ی ناوه‌ندی پهژا ستار ، ده‌لال ئامه‌د، له به‌رامبه‌ر هێرشه‌کانی ساڵی 2015 .ده‌ڵێت …..” ئه‌گه‌ر له ساڵی 2016 دا هێڕشه‌کان زیاتر بن، ئێمه ده‌ستتێوه‌ردان له شاره‌کان ده‌خه‌ینه ڕۆژه‌فه‌وه “ ده‌لال ئه‌مه‌ی له چاوپێکه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئاژانسی فورات ساڵی نوێ له‌گه‌ڵ کورد و به‌تایبه‌تی ژنانی کورد، وت.
لای من گرتنه‌به‌ری ئه‌م تاکتیکانه زۆر مه‌ترسیدارن و ته‌نها که‌سێکیش بتوانێت ئه‌م تاکتیکانه پوچه‌ڵبکاته‌وه ، ئۆجه‌لانه و ئه‌ویش ڕێگای پێ‌نادرێت که ببینریت و ئه‌مه‌ش به ئهنقسهسته و نه‌وه‌کو ئۆجه‌لان په‌یامێك بنێرێت بۆ ده‌ره‌وه و یارییه‌که‌ی ئاکه‌په کۆتایی پێبهێنێت و بزوتنه‌وه‌که‌ش بخاته‌وه سه‌ر ڕێگا ڕاسته‌که‌ی خۆی، پێشئه‌وه‌ی هه‌موو شتێکمان له ده‌ست بچێت.
- نزیكبونه‌وه له ئه‌مریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا :
هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هێزێکی تاریکن و هه‌رگیز هه‌تاو له‌بن هه‌نگڵی ئه‌وان هه‌ڵنه‌هاتووه و هه‌ڵیشنایه‌ت، پێوه‌ری باش و خراپی هه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌ك له‌م دونیایه‌دا پێشئه‌وه‌ی لێکدانه‌وه‌ی دیکه‌ی بۆ بکه‌یت ، زۆر ئاسانه ، ته‌نها سه‌رنجێك له هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوای له‌سه‌ر بده ، گه‌ر پشتگیرییانکرد ئه‌وه جێگای پرسیاره!! گه‌ر دژایه‌تیشیانکرد ئه‌وه جێگای تێڕامان و وردکردنه‌وه‌یه‌تی . هه‌ڵبه‌ته ئه‌م فۆرمیله‌یه له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه و ڕێکخراوه تیرۆریسته‌کاندا نایه‌ته‌وه ئه‌ویش ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له هه‌قه‌تدا نازانین ڕاو هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریکاو وڵاتانی ڕۆژاوا له‌سه‌ریان چۆنه ، چونکه بۆ ئه‌وان زۆر ئاساییه ئه‌مڕۆ بیانکه‌نه تیرۆریسست و به‌یانی بیانکه‌نه گیانفیداکهر، ئه‌مڕۆ شه‌ڕی مه‌مره و مه‌ژییان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن و به‌یانی وتووێژ‌و دانوسان . وه‌ڵامی گرتنه‌به‌ری ئه‌م سیاسه‌ته‌ش ئاسانه که ئه‌ویش سیاسه‌تکردنه و سیاسه‌تیش ته‌نها و به‌ته‌نها به‌رژه‌وند ده‌خوێنێته‌وه نه شتێکی دیکه له ژیاندا .
هه‌رچیش سه‌باره‌ت به یارمه‌تی و کۆمه‌کی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ڕۆژاوا به‌رامبه‌ر به ڕۆژاوا هه‌یه ، گه‌رچی کۆمه‌که‌که‌یان شتێکی وانییه له چاو کۆمه‌ك به بزوتنه‌وه و حکومه‌ته کۆنه‌په‌رسته‌کاندا یه‌ك ده‌ر سه‌دیش نییه ، به‌ڵام هێشتا ده‌بێته جێی پرسیار. بۆچی ؟ وه‌ڵامه‌که‌ی زۆر ئاسانه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که به‌هیچ هێزێکی سه‌ربازی ناتوانرێت بزوتنه‌وه‌ی ڕۆژاوا بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ سه‌رکوتکرێت ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که ئه‌و وڵاتانه ڕووبه‌ڕووی ناڕه‌زاییه‌کی گه‌وره‌ی هاووڵاتانیان و هاووڵاتیانی وڵاتانی دیکه‌ش ده‌بنه‌وه . به‌ڵام ته‌نها ڕێگایه‌ك که ئاسانه بۆ تێشکانی ئه‌و ئه‌زموونه ڕێگای ئاشتیه ، بێ خوێنڕشتن و سه‌رکوتکردنیش، لانی که‌م بۆ چه‌ند ساڵێکی دیکه ده‌توانرێت کپکرێت ، ئه‌ویش ڕێگای ئابوری و داگیرکردنی ئابورییانه‌یه . من له وتارێکی دیکه‌مدا باسم له‌مه کردوه بۆیه لێره‌دا ناگه‌ڕێمه‌وه سه‌ری.
ئه‌وه‌ی که من ده‌یبینم له سیاسه‌تی په‌یه‌ده و هه‌ڵسوکه‌وتی سه‌رکرده‌کانی و دیمانه‌کانیاندا ، ئه‌مان زۆر به په‌رۆشن که له ئه‌مه‌ریکا و هاوکاتیش وڵاتانی ڕۆژاوا نزیکببنه‌وه، تاکو ئه‌وان له‌مان نزیکببنه‌وه. ئه‌مه‌ریکا گه‌ر هه‌نگاوێك بێته پێشه‌وه ئه‌مان دوو هه‌نگاو به‌پیریه‌وه ده‌چن .
هاوکاری و کۆمه‌کی ئه‌مریکا له ئێستادا زیاتره له‌سه‌رده‌می جه‌نگه‌که‌ی کۆبانی . ئێستا ئه‌مه‌ریکا به‌ڕاسته‌وخۆ نه‌ك له ڕێگای حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه یارمه‌تی یه‌په‌گه و یه‌په‌ژه ده‌دات . هه‌ر چه‌ند مانگێك لهمهوپێش بوو که ئه‌مه‌ریکا 50 که‌سی له شاره‌زا و پسپۆڕانی سه‌ربازی و ڕاوێژکاری خۆی هه‌واڵه‌ی ڕۆژئاوا کرد بۆ یارمه‌تیدانیان. ئاشکرایه که یارمه‌تییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بۆ ڕۆژاوا هێواشه و به پلانه ، ئه‌ویش له‌به‌ر : یه‌که‌م: تورکیا . دووهه‌م: سونه و حکومه‌ته‌کانی که‌نداو . سێهه‌م : تا ئێستاش ئاڕاسته‌ی ئایندهی ڕۆژاوا نه‌ك هه‌ر بۆ ئه‌مه‌ریکا ته‌نانه‌ت بۆ ئێمه‌ش دیارنییه.
ئێمه یارمه‌تییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بۆ هێزه‌کانی ڕۆژاوا له زه‌مینه‌ی واقیعدا ده‌بینین ، گه‌رچی که‌میشن ، ده‌با ئێستاش له دیمانه‌ی سه‌رانی په‌یه‌ده‌شه‌وه که سه‌باره‌ت به ئه‌مه‌ریکا قسه ده‌که‌ن شتێك بزانین.
له دیمانه‌یه‌کی صاڵه‌ح موسلیم له 02/09/2015 دا له‌گه‌ڵ جه‌معیه‌یه‌ی کوردی واشنگتۆن ( WKI)، دا ، سه‌باره‌ت به ڕاو هه‌ڵوێستی په‌یه‌ده له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریکا و هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریکا، کردی ، له وه‌ڵامی پرسیاری: ئامانج له زۆنی نه‌فڕین که حکومه‌تی تورکیا ده‌یه‌وێت له ڕۆژاوادا بیسه‌پێنێت چییه…؟و هه‌ڵوێستی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریکی چییه‌و …ئه‌م زۆنی نه‌فڕینه بۆ تۆ چیده‌گه‌یه‌نێت؟ موسلیم له وه‌ڵامه‌که‌یدا سه‌باره‌ت به ئه‌مریکا زۆر به ڕاشکاوییه‌وه ده‌ڵێت؛ “ئه‌مه‌ریکا چه‌ندجارێك ئه‌و داخوازییه‌ی تورکیای ڕه‌تکردۆته‌وه و ئێمه بڕوایان پێده‌که‌ین.. گه‌ر تورکیاش ئه‌م پلانه بخاته کار ئه‌وه ئێمه به داگیرکردنی خاکی سوریای ڕه‌چاوده‌که‌ین” به‌ڕاستی وه‌ڵامێکی زۆر ساویلکانه‌یه گه‌ر له حهقهتددا ئه‌وه ڕای موسلیم بێت دیاره نه ئه‌مه‌ریکا ده‌ناسێت و نه گرنگی تورکیا و وڵاتانی که‌نداو و کۆمه‌ڵی سونی مه‌زهه‌بیش بۆ ئه‌مه‌ریکا ده‌زانێت ، خۆئه‌گه‌ر واشبزانێت وڵامێکی دیبلۆماسیانه‌ی داوه‌ته‌وه ئه‌وه نه‌لای زۆربه‌ی زۆری کورد و نه لای ئه‌مه‌ریکییه‌کانیش ته‌نها مه‌ترێکیش ئه‌و بڕوابوونه به ئه‌مریکا ،بڕناکات، چونکه ئه‌مریکا نزیکی په‌یه‌ده له په‌که‌که‌وه ده‌زانێت و په‌که‌که‌ش به پارتێکی تیرۆریست ده‌زانێت.
هه‌ر له‌و دیمانه‌یه‌دا و له پرسیارێکی دیکه‌دا که واهاتووه: چۆن شرۆڤه‌ی په‌یوندیتان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکادا ده‌که‌ن؟
موسلیم له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت “…ئه‌مه هه‌نگاوێکیی ئه‌رێیانه‌یه، ئێمه به‌دووی فراوانکردنی په‌یوه‌نییه‌کانمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکادا چ دیبلۆماسی و چ سیاسییه‌وه‌ین وه به هیواشین سه‌رکه‌وتوو بین له کردنی ئه‌وه‌دا“
له پرسیارێکی دیکه‌ی WKI : په‌یامی تۆ چییه بۆ خه‌ڵکانی ئه‌مه‌ریکی و حکومه‌ته‌که‌یان؟ موسلیم له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت ” ئه‌مه‌ریکا ده‌وڵتێکی مه‌زنه و هه‌وڵیی پێشه‌وه‌بردنی دیمۆکراسی بڵاوکردنه‌وه‌ی له سه‌ر ئاستی جیهانده‌دات . ئه‌مه‌ریکییه‌کانیش ستانده‌ر و مه‌بده‌ئی خۆیان بۆ دیمۆکراسی هه‌یه……هه‌ر به‌م هۆکارانه ئێمه ده‌بێت په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی ئه‌مریکا و حکومه‌ته‌که‌یان پته‌و بکه‌ین ” به‌ڕاستی کاره‌ساته که باشترین سه‌رکرده‌ی په‌یه‌ده ئه‌وه ڕاو بۆچونی بێت له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریکا . ـمێژوی نزیکی لانی که‌می سه‌دساڵه‌ی ئه‌مه‌ریکا نه‌ک هه‌ر پشتگیری دیمۆکراسی نه‌کردووه به‌ڵکو مێژویه‌کی خوێناوییه و به ملۆێنه‌ها خه‌ڵکی له به‌رگریی و داکۆکی دیمۆکراسیدا له وڵاتانی خۆیاندا خه‌ڵتانی خوێن کردوه ، گریمان ئه‌م وه‌ڵامه‌شی به دیبلۆماسییه‌تی بزانێت، به‌ڵام هیچ ڕاستییه‌کی تیادا نییه و داپۆشینی تاوانه یه‌ک به‌دوایه‌که‌کانی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکایه به‌رامبه‌ر به ده‌یه‌ها نه‌ته‌وه له پێشی پێشه‌وه نه‌ته‌وه‌که‌ی موسلیم خۆی . سه‌رکرده‌یه‌کی وه‌کو ئه‌و پێویستی به‌و موغازه‌له و موجامه‌له‌یه بۆ ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریکا، نییه.
له دیمانه‌یه‌کی جه‌میل بایک-دا که له ڕؤژی 07/12/2015 که له لایه‌ن Mahmut Hamsic وه ئه‌نجامدراوه ، له وه‌ڵامی یه‌کێك له پرسیاره‌کاندا که سه‌باره‌ت به ڕێره‌وی بزوتنه‌وه‌ی باکور و ڕۆژاوایه ، بایك دههڵێت ” ئێمه نه له شانی ئه‌ریکاوه و نه له‌شانی ڕوسیاوه ده‌ڕۆین . ئێمه هێزی سێهه‌مین له‌وێ و نێونه‌رایه‌تی هێڵی سێهه‌م ده‌که‌ین ، له کاتێکدا ده‌ڵێم ” ئێمه” مه‌به‌ستم کوردی ڕۆژاوایه ” ڕۆژنامه‌وانه‌که ده‌پرسێت : ئه‌وان ده‌ڵێن چی؟ بایك له وڵامدا ده‌ڵێت ” ئه‌وان ده‌ڵێن هه‌رکه‌س دانمان پیادابنێت دانی پیادا ده‌نێن و هاوپه‌یمانیان ده‌بین. هه‌تا ئێستا که‌س به فه‌رمی ڕۆژاوای نه‌ناسیوه . له‌به‌ر ئه‌مه‌ش کورد نه لاشانی ئه‌مه‌ریکاوه‌یه و نه له شانی ڕوسیاوه ، به‌ڵام په‌یوه‌ندی هه‌یه. هه‌رکه‌س شه‌ڕی داعش بکات ئێمه له هاوشانیانهوه شه‌ڕده‌که‌ین “
به‌ڕای من گه‌رچی بایك باشترین که‌سی ناو په‌که‌که و په‌یه‌ده‌یه و له هه‌ر هه‌موو که‌سێکی دیکه‌شیان باشتر له هزری ئۆجه‌لان و مه‌سه‌له‌ی کۆنفیدرالێزم تا ڕاده‌یه‌کیش له” بوکچین” تێگه‌یشتووه به‌ڵام هێشتا له‌م دیمانه و یه‌ک دوو دیمانه‌ی دیکه‌یدا ده‌یتوانی وه‌ڵامی خۆی و په‌که‌که له سه‌ر ڕوداوه‌کان ، بێ هه‌ڵوێسته و بێ پرسیاردانان وه‌ڵام بداته‌وه. بۆ نموونه لێردا ده‌یتوانی خۆی له قه‌ره‌ی هه‌ندێ خاڵی حه‌ساس نه‌دات .
- نه‌بوونی دیدێکی ته‌واو و هه‌بوونی هه‌ڵوێستی په‌رادۆکسیانه سه‌باره‌ت به ئابوری ئێستا و ئایندهی ڕۆژاوا:
بنه‌مای شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی لای من شۆڕشی ئابوری و شؤڕشی کولتورییه . ئه‌م دوانه هه‌ردوکیان بناغه‌ی شؤڕشه‌که دروستده‌که‌ن و ده‌ستکاریکردنی بواره‌کانی دیکه‌ی وه‌کو ڕۆشنبیری و سیاسی و هتد به‌م دوو بواره‌ی سه‌ره‌وه په‌یوه‌ستده‌بن .
بناغه‌ی شؤڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی که هه‌ر له‌وێوه به‌شێك له کولتوره‌که ده‌گۆڕێت و کۆمۆنێتییه‌که یا کۆمه‌ڵه‌که ده‌کاته ئۆرگانیك، ژیان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ لایه‌نه سروشتیه‌که‌ی خۆی ، ژیانی پێکه‌وییه (جه‌ماعی) و کاری هه‌ره‌وه‌زییه . بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت هه‌ر له سه‌ره‌تاوه دیدێکی ڕۆشن و پلانێکی داڕێژراو هه‌بێت بۆی . هه‌بوونی کۆمونه‌کان و پێکه‌وه‌ژیانی خه‌ڵکی له‌سه‌ر زه‌وییه‌کان ، له گهڕهکاکاندا له شوێنه‌کانی سه‌رکاردا به‌ردی بناغه‌ی داڕشتنی به کۆمه‌ڵایه‌تیکردنی ئابوری و ژیانی به‌یه‌که‌وه‌یی و کاری هه‌ره‌وه‌زیانه‌یه . ڕاسته ئابوری دواکه‌وتووی ڕۆژاوا و دۆخی شه‌ڕ و نه‌بوونی ئاشتی و فشاری گیروگرفته‌کانی دیکه و نه‌بوونی هاوکاری و کۆمه‌کی پێویست له‌لایه‌ن چه‌پ و کۆمۆنیست و سۆشیالیست و ئازادیخوازانی جیهانه‌وه ، ڕۆڵی خۆیان بینوه و ده‌بینن له پێشه‌وه نه‌چونی پلانی به کۆمه‌ڵایه‌تیکردنی ئابوری، به‌ڵام هاوکاتیش نه‌دانی هه‌وڵی جددی بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه و پلان و قسه‌وباسی ناکۆك له‌سه‌ر بیناکردنی ئابوری ڕۆژاوا ، ئه‌وه‌نده‌ی دیکه پلانه ئابورییه‌که‌ی دواخستووه‌و تا ڕاده‌ی هه‌ڵسپاردنی له ئێستادا.
ئه‌مڕۆ هه‌ر له کانتۆنی جه‌زیره‌دا زیاتر له 109 کۆمون هه‌یه. ئه‌م کۆمونانه ده‌توانن له سه‌ر ئه‌رزی واقیع له ژیانی ڕۆژانه‌دا هه‌نگاوی گه‌وره بنێن بۆ نموونه هێج نه‌بێت ده‌توانن چێشتخانه ( مه‌تبه‌خی) گه‌ڕه‌ك هه‌بێت ، له‌سه‌ر کار چێشتخانه‌ی کارگه‌ران و کارمه‌ندان هه‌بێت ، به هه‌مان شێوه له شوێنه‌کانی خوێندندا و خه‌سته‌خانه‌کان و شوێنه خزه‌مگوزارییه‌کاندا. دیسانه‌وه له‌سه‌ر زه‌وییه‌کان ده‌بوایه به هه‌ره‌وه‌زی خه‌ڵکی کاری له‌سه‌ر بکردنایه و به‌رهه‌مه‌که‌شی بۆ کۆمۆنێتییه‌که بوایه . له‌بری ئه‌مه ” ئێمه هانی هه‌وموان ده‌ده‌ین که کار له زه‌وییه‌کانی خۆیاندا بکه‌ن له‌سه‌ر بناغه‌ی پێویستی کۆمۆنێتییه‌که” ئه‌مه قسه‌ی دکتۆر یوسف ئه‌حمه‌ده، وه‌زیری ئابوری له کانتۆنی عفرین، له دیمانه‌یه‌کیدا له‌گه‌ڵ The Huffington Post که له 18/12/2015 کراوه . دیسانه‌وه ده‌ڵێت ” ئێمه به‌خێرهاتنی خاوه‌ن سامانه‌کان / پاره‌داره‌کان ده‌که‌ین تاکو پاره‌کانیان بخه‌نه گه‌ڕ و به‌شداری بکه‌ن و سه‌رمایه‌که‌یان بخه‌نه به‌رده‌م هه‌وڵی هاووڵاتیانی جیاجیا تاکو له‌سه‌ر زه‌وییه‌کانیان بژین ئه‌مه له کاتێکدا که هێشتا که‌رتی تایبه‌تی له به‌شی ئابوری‌دا که‌رتێکه ” درێژه به قسه‌کانی ده‌دا و ده‌ڵێت ” به‌ڵام ئێمه لێیان ناگه‌ڕێین که هه‌لیان بۆ بڕه‌خسێ و کۆمۆنێتییه‌که و خه‌ڵکه‌که‌ی بچه‌وسێنه‌وه و به‌کاربهێنن یاخود مۆنۆپۆلیانبکه‌ن ” به‌رده‌وامده‌بێت له‌سه‌ر قسه‌کانی و ده‌ڵێت ” ئێمه له‌مه‌دا سه‌رکه‌وتوو ده‌بین چونکه مۆدێکلێکی دیکه له‌سه‌ر زه‌مین نه‌ماوه‌ته‌وه هه‌وڵی بۆ نه‌درابێت. ئه‌م مۆدێله مۆدێلێکه که مێژوی مرۆڤایه‌تی ده‌گه‌ڕێنه‌ته‌وه بۆ ژیان “
به‌ڵام له دیمانه‌که‌ی Murphy Dylan ڕۆژی 08/01/2015 دا له‌گه‌ڵ Özgür Amed Journalist and Researcher ، ( ڕؤژنامه‌وان و توێژه‌ره‌وه ) دیلان مێرفی لێی ده‌پرسێت : دونیای سه‌رمایه‌داری له قه‌یرانه ئابورییه‌که‌ی 2008 وه تازه له هه‌ڵسانه‌وه‌دایه نایه‌کسانی له ساماندا له زۆر شوێنی ئه‌م دونیایه‌دا له زیاده‌بووندایه. چ به‌دیلێکی ئابوریانه له ڕۆژاوادا پێشنیازکراوه ؟ ئۆزگار ئه‌حمه‌دا له وه‌ڵامدا په‌نجه بۆ په‌یامێکی ..دکتۆر یوسف ئه‌حمه‌د وه‌زیری ئابوری له کانتۆنی عفرین که له‌و کۆنفرانسه‌ی بۆ ” ئابوری ئۆتۆنۆمییه دیمۆکراسییه‌کان “سازدرابوو ، ڕاده‌کێشێت ، که وتوویه‌تی” ئێمه به‌رگری و پارێزگاری له سه‌رجاوه سروشتییه‌کان ده‌که‌ین . مه‌به‌ستم له به‌رگریکردن له به‌رگری میلیتاری نییه به‌ڵکو پارێزگاری و به‌رگریکردنه له چه‌وسانه‌دنه‌وه و سه‌رکوتکردن که ئێستا کۆمه‌ڵ ڕووبه‌ڕوی بووه‌ته‌وه . زۆرێك له ڕێگر و به‌ست هه‌یه له هه‌یکه‌لی /بیناکردنه‌وه‌ی ئابوری کۆموێنی له ڕۆژاوادا . سیسته‌مه‌کان که سیسته‌می کاپیتاڵیستی وه‌کو سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌وێدا هه‌وڵده‌دات که ببێته به‌ربه‌ستێك له پرۆسه‌ی پێشه‌وه‌چونی ئابورییه‌که هه‌روه‌ها له مه‌یدانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ش. ئێمه وه‌کو خۆمان پرنسپڵی ئابوری کۆمونه‌یی ده‌گرینه‌به‌ر . ئێمه کار له‌سه‌ر خولقاندنی سسیسته‌مێك ده‌که‌ین دژه لیبراڵیزم و ڕاگرتنی ئیکۆلۆجی و له‌گه‌ڵ ئه‌خلاقی هاوبه‌شی له موڵکایهتدا له ته‌ك کۆمونیوێڵ و کولتوری به‌رهه‌مهێنان .” دوای ئه‌م قسانه دێت ده‌ڵێت ” شؤڕش هه‌ره‌وه‌زییه‌کان به‌ره‌وپێشه‌و ده‌بات که له‌سه‌ر بناغه‌ی ئابوری کۆمه‌ڵایه‌تیییه که وه‌کو ئابورییه‌کی جێگره‌وه (به‌دیل). بۆ نموونه هه‌ر کۆمپانیایه‌ک بێت بۆ ڕۆژاوا شوێنی خۆی له خزمه‌تکردنی ئه‌م هه‌ره‌وه‌زییانه‌دا ده‌کاته‌و” گه‌رچی ئه‌م دیمانه‌یه زۆر باشتره له‌وه‌ی ئه‌م دواییه و جیاوازییه‌کی زۆر ده‌بینرێت و بۆنی گرتنه‌به‌ری کۆمه‌ڵه هه‌ره‌وه‌زییه‌کان و ژیانی به‌یه‌که‌وه‌ی ، لێده‌کرێت ، به‌ڵام هێشتا ده‌توانین بپرسین کێده‌توانێت قه‌ناعه‌ت به‌وه بێنێت که قه‌ناعه‌ت به کۆمپانییه‌کان بکرێت ، که کۆمپانیایه‌ك كه بۆ سودو قازانجیان هاتوونه‌ته ڕۆژاووه ده‌توانرێت خزمه‌تی ههروهزییهکانیان پێبکرێن؟، به‌ڕاستی ئه‌مه قسه‌یه‌کی بێ بناغه و بێ به‌ڵگه‌یه ، چونکه کۆمپانیا یه‌کسانه به قازانج، هه‌ر کاتێک وه‌ستا له په‌یداکردنی قازانج ئه‌وه مایهپووچدهبێت و له کۆمپانیایی ده‌که‌وێت.
- پێشێلکردنی بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ و سه‌رکوتکردن:
پاگه‌نده‌یه‌کی یه‌کجار زۆر دژی یه‌کینه‌کانی گه‌ل و ژنان و هێزی ئاسایش له ڕۆژاوادا له لایه‌ن زۆر له میدیاکانی حکومه‌تی هه‌رێم و ناوجه‌که وه ته‌نانه‌ت له لایه‌ن ڕێکخراوی مافی مرۆڤیشه‌وه، ده‌کرێت که گوایه له ڕؤژاوادا ئازادی نییه و گرتوی (به‌ندی) سیاسی هه‌یه و مامه‌ڵه‌ی ناشیرین له‌ته‌ك بهندییهکاندا ده‌کرێت به به‌کارهێنانی توندوتیژی هه‌روه‌ها مامه‌ڵه‌شیان له‌گه‌ڵ گونده عه‌ره‌به‌کان و دانیشتوانی که پێشتر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدا بوون . جگه له‌وانه‌ش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ پارته سیساسییه موعاره‌زه کورده‌کانی خودی ڕۆژاوا که ئازادییان لێ قه‌ده‌غه‌کراوه،ده‌کرێت.
ئاشکرایه کاتێک که خاوه‌نی هێزی چه‌کداریی بیت و له بارودۆخی شه‌ڕ و جه‌نگدا بیت له‌ولاشه‌وه ململانێی ده‌سه‌ڵات بکه‌یت ، گومانی تیادا نامێنێته‌وه که ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی سه‌ره‌وه ئازادی و سه‌ربه‌ستی پارته‌کانی دیکه و هه‌ڵگرانی باوه‌ڕی جیاواز که‌مده‌کاته‌وه و گرتن و بهندکردنییشیان و تاوانبارکردنیان به ئه‌نجامدانی جۆره‌ها چالاکی جیاواز، له گومانه‌وه تاڕاده‌یه‌ك ده‌خاته قاڵبی ڕاستییه‌وه . له شوێنێکدا که ده‌سه‌ڵاتی چه‌کداری وجودی هه‌بێت ، ئازادی له‌سه‌دا سه‌دی تیانییه ئه‌مه شتێکی لۆژیکانه‌یه و مێژوی بزوتنه‌وه‌ی چهکدارنهش له جیهاندا، هه‌میشه ئه‌مه‌ی سه‌لماندووه .
له‌به‌ر ئه‌وه تا ڕاده‌یه‌ك هه‌ندێك له‌و پاگه‌ندانه‌ی که ده‌کرێت، ده‌کرێت بچێته قاڵبی ڕاستیییه‌وه و به‌رپرسانی یه‌کینه‌کانی گه‌لیش پێی له گواستنه‌وه‌ی دانیشتوانی 3 بۆ 5 گوندی عه‌ره‌ب، ناوه که گوایه زروفێکی نائاسایی بووه.
به‌رای من زروف و بارودۆخه‌که هه‌رچۆنێك بێت نابێت پاساوێك بێت بۆ قه‌ده‌غه‌کردنی ئازادییه‌کان و ڕێگه‌گرتن له چالاکی حیزبه موعاریزه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی که به‌کاری تیرۆریزمانهوه سه‌رگه‌رم نه‌بن ، هه‌رچه‌ندیش گوندێکی عه‌ره‌بنشین له‌گه‌ڵ داعشدا بوبن یاببن ، نابێت ده‌میان ببه‌سترێت و به‌ندبکرێن و ڕاگوێزرێن. هێج بیانوو پاساوێك و قه‌بوڵی ئه‌وه ناکات .
لیژانه‌کانی مافی مرۆڤ که‌له‌وێ هه‌ن هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ پارێزگاری له هه‌یبه‌ت و شۆره‌ی په‌یه‌ده و یه‌په‌گه ،خۆیان ، ده‌بێت هاوکاری بکرێن، وه‌کو هێزێکی چاو‌دێر ته‌ماشایان نه‌کرێت، به‌ڵکو ده‌بێت وه‌کو هێزێکی هاوکار و کۆمه‌ککار ببینرێن و هان بدرێن و به‌ئاگه بهێنرێنه‌وه که تۆماری هه‌موو جۆره پێشێلکردنێكی مافی مرۆڤ و هاووڵاتیان بکه‌ن و ئه‌وانی لێئاگه‌دار بکه‌نه‌وه ، مافی حیزبه‌کان له کردنی چالاکییه‌کانیاندا ده‌بێت ڕێزی لێبگیرێت تاکو بتوانن پاکۆ له کرداره نه‌گریسه‌کانی سه‌رده‌می به‌عس بده‌ن و ئه‌و ناوبانگ و شۆرهیهیی که یه‌په‌گه و یه‌په‌ژه و په‌یه‌ده که له بواهکانی دیکه‌دا هه‌یانه ده‌بێت ئه‌م لایه‌نه گرنگه‌ی دیکه‌ش، سه‌راپای کۆمه‌ڵ بگرێته‌وه .
ئه‌وانێك له کاتێکدا که هه‌رێمی کوردستان و پارتی به دڵسۆزی خۆیان ده‌زانن و بانگه‌شه‌ی سه‌رۆکیان بۆ کۆنفرانسی خۆیان ده‌که‌ن و داوای یه‌کێتی نهتهوهیییان لێده‌که‌ن، ده‌بێت مه‌یلێکی دۆستانه‌شیان له‌گه‌ڵ “پیاوه‌کانیاندا” که له حیزبه موعاره‌زه جیا جیاکاندا گردبوونه‌ته‌وه ، هه‌بێت، ده‌بێ سوکایه‌تی نه به خۆیان و نه به ئاڵاکه‌یان یا ئاڵای ئه‌و لایه‌نانه‌ی که به‌رزیده‌که‌نه‌وه ، نه‌که‌ن . ده‌بێت زه‌وق له ته‌واوی مافه‌کانی خۆیان ببینن ، ته‌نها مافی دروستکردنی هێزی سه‌ربازی تایبه‌تی ،نه‌بێت له ده‌ره‌وه‌ی فه‌رمانده‌کانی یه‌کینه‌کانی گه‌ل،ده‌بێت بخرێته ژێر پرسیاره‌وه . له‌و حاڵه‌ته‌شدا ده‌بێت کێشه‌که له ڕێگای وتووێژ‌و ئاشتییه‌وه لابه‌لا بکرێته‌وه به نیشاندانی ئه‌وپه‌ڕی ڕێزگرتن و گوێگرتن لێیان و هه‌بوونی به‌رگه‌گرتنی (ته‌حه‌مولی) زۆر و قسه‌کردنی پێویست به به‌ڵگه‌وه . ده‌بێت سیاسه‌تی ئه‌مان کارکردن له‌سه‌ر بچڕانی په‌یوه‌ندی ئه‌و حیزبانه یاخود ساردکردنه‌وی ئه‌و په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ، بێت، نه‌ك پاڵپێوه‌نانیان بۆ خستنه باوه‌شی زیاتری هه‌ریمه‌وه و به تایبه‌تی پارتی. سازشکردن بۆ حیزبه کوردییه یا غه‌یره کوردییه‌کانی ڕۆژاوا و تاك و گروپه ڕاجیاوازه‌کان ده‌بێت پێش سازش له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا و تورکیا و ڕژێمی ئه‌سه‌دو سه‌رجه‌می وڵاتانی دیکه، بکه‌وێت، نه‌ك فه‌رامۆشکردن و په‌راوێزخستنیان .
ئه‌وه نه‌بێت په‌یه‌ده هه‌ر ئه‌و پاگه‌ندانه‌ی سهرهویان له دژ بکرێت، به‌ڵکو به زۆر کاری دیکه له لایه‌ن که‌مایه‌تییه‌کانی وه‌کو ئاشورییه‌کان و مه‌سیحییه‌کان و ئه‌رمه‌نییه‌کان و هه‌روه‌ها عه‌ره‌به‌کانیشه‌وه به پێشێلکردنی مافیان، له هه‌ندێك ڕووه‌وه تاوانبارکراون . بۆ نموونه : له مانگی سێبته‌مبه‌ری ساڵی ڕابوردووه‌وه که به‌شی په‌روه‌رده و پێگه‌یاندن له ڕۆژاوا بڕیاریدا که په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی خوێندن له قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌کاندا بگۆرن به جۆرێك که له ته‌ك ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیكدا بڕوات و بگونجێت، ئه‌و گروپانه‌ی سه‌ره‌وه‌وه و لایه‌نی دیکه‌ی دینجیاواز/ ئاینجیاواز ناڕازین به‌رانبه‌ر ئه‌و پلانه تازه‌یه ، ئه‌وان بڕوایان وایه و ده‌ڵێن ” پڕۆگرامی نوێی زمانی کوردی بۆ قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌کان که له لایه‌ن په‌یه‌ده‌وه، ناسێنراوه، جڵه‌وی داوه‌ته ده‌سه‌ڵاتی کوردی له باکوری سوریادا له به‌جێهێنانیدا، له هه‌قه‌تدا جهدهلیانهیه به‌وه‌ی که زۆر ئایدۆلۆجیانه‌یه ” که ئهسبهقیهتی به تاکه دیدێك له سه‌رو ئه‌وانی دیکه‌وه داوه” ئه‌وان باوه‌ڕیان وایه جیاوازییه‌کی زۆر نیییه له نێوانی په‌روه‌ده‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌د و ئێستای ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕیوه‌به‌ریدا ” هه‌روه‌کو تێکستی نێو کتێبه‌کانی حکومه‌تی سوری ” قادر ئه‌حمه‌د که چالاکوانێکی کورده و له کۆبانی داده‌نیشێت به Syria Direct وت تێکسته‌کانی که له پڕۆگرامه تازه‌که‌دا به‌کارهاتووه ” ئه‌سبه‌قییه‌تی به تاکه دیدێك داوه به‌سه‌ر ئه‌وانی دیکه‌دا ، جیاوازییه‌که له‌م پڕۆگرامه‌دا ده‌رخستن و داڕشتنی هزری ئۆجه‌لانه له‌بری ئایدیاکانی به‌عس”
هه‌ڵبه‌ت من نازانم چه‌ندێك له‌مه‌ی که له سه‌ره‌وه وتراوه ڕاسته و چۆن جێ به‌جێ کراوه ، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه قبوڵکردنی ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه زۆر سه‌خته و هه‌رسکردنی بۆ ئه‌و لایه‌نانه ئاسان نییه.
ڕژێمی ئه‌سه‌د کاتی خۆی مۆڵه‌تی به گه‌لێک لایه‌ن و ئه‌و گروپانه‌ی سه‌روه داوه که “قوتابخانه‌ی تایبه‌تییان” له‌بری ده‌وڵه‌تی هه‌بێت ، که ئه‌مه‌ش له خۆیدا دانی به‌رته‌رییه ( ئیمتیاز) به‌و لایه‌نانه ، دیاره ئه‌مه‌ش له‌ژێر بیانو و پاساوی جیاجیادا کراوه . له‌م بارودۆخه‌دا که ئه‌م لایه‌نانه به‌رنامه‌یه‌کی ڕادیکالی ئاوایان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت ، هه‌ست به لێسه‌ندنه‌وه‌ی بهرتهرییهکانیان ده‌که‌ن و هه‌ستده‌که‌ن که مهحرومکراون .
له کاتێکدا که من پڕۆگرامی نوێ که له‌ته‌ك خۆبه‌ڕیوه‌به‌ریی گه‌لی و بیر و هزری ئۆجه‌لان و پرسی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیك و ئیکۆلۆجی و ژینگه‌دا ، ده‌ناسم و ڕه‌چاوی ده‌که‌م، هه‌رئاواش گه‌ڕانه‌وه‌ی قوتابخانه تایبه‌تییه‌کان بۆ ناو کۆمه‌ڵ و خوێندنی یه‌ك به‌رنامه‌یی که له به‌رژه‌وه‌ندی شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیدا بێت و له‌گه‌ڵیدا بڕوات کارێکی زه‌رورییه و ڕه‌چاویان ده‌که‌م. ئه‌وه‌ش تێده‌گه‌م که شؤڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌وڵی یه‌کسانی و ته‌بایی و به کۆمه‌ڵایه‌تیکردنی هه‌موو شتێکه. به‌ڵام له کاتێکدا باوکان و دایکان نایه‌نه‌وێت منداڵه‌کانیان له قوتابخانه‌یه‌کدا بخوێنن که ئه‌و پڕۆگرامه نوێیه ده‌سه‌پێنێت ، ده‌بوایه په‌یه‌ده و به‌شی په‌روه‌رده و پێگه‌یاندن ته‌حه‌مولی زیاتریان نیشانبدایه و دیالۆگی زیاتریان له‌گه‌ڵدا بکردنایه و کۆبوونه‌وه‌ی گه‌وره و فراون و زیادهوهختیان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامبدانایه ، تاکو ئه‌و باوك و دایکانه‌یان قایلبکردایه. گه‌ر قایلیش نه‌بوونایه ئه‌وه ڕێگای دیکه‌ی بێ له توندووتیژی و خۆسه‌پاندن هه‌نه که ده‌کرا له‌گه‌ڵیاندا به‌کار ببهێنرایه.
له قامیشلی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ،The Human Rights Watch هه‌ستده‌که‌ن که پێشێلکردنی مافی مرۆڤ هه‌تا ڕاده‌ی ده‌رکردنی خه‌ڵکی له خانووه‌کانیان به زۆر و تێکدانی ماڵ و خاوه‌ندارێتیی غه‌یری دانیشتوانی کورد له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا ڕوویداوه و کراوه .
ئاژانسی دهنگوباسی جیهانی ئاسورییه‌کان له 02/11/2015 دا سه‌باره‌ت به داگیرکردنی خانووبه‌ره و بانگکردنی خه‌ڵکی بۆ چه‌ک هه‌ڵگرتن به‌زۆر و پڕۆگرامی نوێی قوتابخانه، نوسیوێتی و ده‌ڵێت: ” 16 ڕێکخراوی ئاسوری و ئه‌رمه‌نی په‌یامێکیان (Statement ) ده‌رکردوه که ناڕه‌زایی خۆیان سه‌باره‌ت به ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی موڵکی تایبه‌تی خه‌ڵك له ده‌ڤه‌ری حه‌سه‌که له لایه‌ن کورده‌کانه‌وه، ده‌ربڕیوه . په‌یامه‌که په‌یه‌ده‌ی که باڵیێکی په‌که‌که‌یه ، به پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤ، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی (موصادهرهکردنی) موڵکی تایبه‌تی ، سه‌ربازگیری نایاسایی و هه‌ره‌ها ده‌ستوه‌ردان له کڵێسه‌کان و به‌رنامه و پڕۆگرامی قوتابخانه، تاوانبارکردووه ”