وەرە با لەیەکدییەوە فێربین نەك یەکدی شکاندن
25/04/2024
ئەوەندەی لە هەڵگرانی بۆچوونە جیاوازەکانەوە فێر دەبم هەرگیز لە هاوبیرانمەوە فێر نابم . گوێنەگرتن لە ڕای جیاواز، داخستنی دەرگەی فێربوونە، نەناسینی ڕا و بۆچوونە جیاوازەکانە ، بێ بەشبوونە لە ئەزموون و توانای گوێگرتن لە ڕاوبۆچونی جیاواز ، مانەوە و چەقبەستنە لە شوێنی خۆت ، وتنەوەی هەمان شتە بۆ پاساوی ڕاکانت کە هەیشە دەیڵێیتەوە و دەیڵێیتەوە ، بێ بەشبوونە لە ئەزموونی تەحەمولکردن، بەکورتی وێستگەی وستانی فێربوونە ، هەنگاونانە بەرە و تاساندنی دەنگ و رەنگی جیاواز و دواتریش بەرەو سەرکوتکردن کاتێك کە دەسەڵاتت دەبێت .
گوێگرتن و جەدەلکردن دەربڕینی سەرنجە بە ئامانجێکی دیاریکراوی دوور لە لۆمە و تانە و تەشەر، هێڵانەوەی پەیوەندی دۆستایەتی برادەرایەتییە ، هەر بەخۆی لێدانە لە خوو و نەرێتی خراپی ڕك و کینە و بەیەکەوە هەڵنەکردن .
ناکۆکی فکری و بوونی خاڵە جیاوازەکانی نێوان، ناکۆکی بیرکردنەوە و گفتوگۆی لێدەکەوێتەوە، تەحەدای کەسەکان دەکات کە بە هەڵوێستەکان و بۆجوونەکانیاندا بچنەوە و لێکۆڵینەوەی قوڵتر بە بەڵگەی واقیعەوە بکات نەك بە بڕگەی کتێبەکان.
ڕاستە هەموومان لە کتێبەکانەوە کەمێك فێر دەبین بەڵام هەموو شتێک نییە ئەمە جگە لەوەی کە کتێبەکان دەبێت ڕەنگدانەوەی واقیع بێت هەر لەبەر ئەوەش ژیانی ڕۆژانە مامۆستایە و لەگەڵ ڕا و بۆچوونە جیاوازەکاندا زۆرت فێر دەکات.