چەمکە ئایدۆلۆجییەکان
05/01/2025
خۆڕزگارکردن لە ئایدۆلۆجییەت هەر ئەوە نییە کە ئایدۆلۆجیانە بیر نەکەیتەوە ، بەڵکو زۆر زۆر گرنگیشە کە لە دەربڕینی ئایدۆلۆجیانەش خۆت رزگارر بکەیت . هەر ئەوە گرنگ نییە کە تۆ شتی ڕاست و دروست بڵێیت ، بەڵکو ئەوەش گرنگە کە تۆ بە زمانی یا دەربڕینی ئایدۆلۆجیانەش نەیڵێیت و دەری نەبڕیت.
هەر ئەوە گرنگ نییە کە تۆ خۆت بەکەسێکی سادە و ئاسایی بزانیت ، بەڵکو گرنگیشە کە وەکو کەسێکی سادە و ئاسایی ئاخافتن بکەیت و تێت بگەن یان تێگەیشتنت لێبکرێت .
چەمکی ئایدۆلۆجی چەمکێکی زۆر ئاڵۆزە و نەك هەر زۆربەی خەڵك بە خوێندەوار و نە خوێنەوارەوە لێی حاڵی نابن، بەڵکو لە ئاڵۆزییەکەیدا دەکەوێتە هەڵەشەوە و لێکدانەوەی نادروستی بۆ دەکرێت ، لە لێکدانەوەی ناردرستییشەوە نەك هەر کەس لێت حاڵی نابێت بەڵکو خەڵکی تێڕوانینێکی سەیر و سەمەرەویانەیان بۆشت دەبێت .
بۆ نموونە:
زۆرێك لە ئێمە چەمکی : ” ناکۆکی نێوان کار و سەرمایە” دەڵێینەوە و دەڵێین تا ئەم ناکۆکییە یەکاڵا نەبێتەوە کێشەکان وەکو خۆیان دەمێننەوە ” و زۆرێك لەم چەمکانە دەڵێینەوە.
دەی ئەم چەمکە گەرچی لە ناوەرۆکدا ڕەنگە ڕاستیەکی تێدا بێت بەڵام چەمکێکی ئایدۆلۆژیانەیە.
بۆچی؟
یەك: زۆر ئاڵۆزە و هەموو کەس لەمە تێناگات و پێویستی بە شرۆڤە و بێنە و بەردەیەکی زۆر هەیە.
دوو: دەربڕێنێکی نا دروستە بۆ خەڵکانی ئاسایی و تەنها ئەوە نیشان دەدات کە دەربڕی یا نوسەری ئەو چەمکە دەیەوێت بیگەیەنێت کە ئەو کتێبی زۆری خوێندۆتەوە بەتایبەت سەربارەی ئابووریی و شتی زۆر دەزانێت و کەسێکی ئاسایی نییە .
سێ: گەر زۆر وردیشی بکەیتەوە لە ناوەرۆکیشدا تا ڕادەیەك ناڕاست و نادروستە ، چونکە لە لایەکەوە ناکۆکییەك نییە لە نێوانی کار و سەرمایەدا. کار و سەرمایە دوو وشەی مردون و بێ بکەرەکەی هیچ مانایەك نابەخشن و گوێگر تووشی سەرەگێژە و چەواشەیی دەکات. بەکار هێنانی دوو وشەی مرد و بێ ‘بکەر’ هیچ درروست ناکات و هیچیش ناداتە بە دەستەوە .
چوار: هەر دروستیش نییە کە تۆ سنوری ئەو ناکۆکییە ببەستیتەوە بە تەنها ” کار و سەرمایەوە” چونکە ناکۆکی لە ڕوی تریشەوە کە دەبێتە هۆی دروستکردنی قازنج و دواتریش سەرمایە دروست دەبێت هەیە. بۆ نموونە لە ڕێگەی مامەڵە و بازرگانییەوە .
پێنج: ئەم چەمکە زیاتر بەکارهێنانەکەی بۆ کاری کرێکاران بۆ سەرمایەداران بەکاردەهێنرێت کەواتە زۆر تەسكە لە سنوری سەردەمێکی زۆر کەمی چەند سەد ساڵێکدا بەکاردەهێنریت کە لە کاتێکدا کار بە درێژایی مێژوی دروستبوونی کۆمەڵی قوچەکەیی و دواتر چینایەتیی، دوو توێژاڵ دوو چینی دژ بەیەك و ناتەبا بە یەکدی هەبوون .
چەمکی دروستی نائایدۆلۆژیانە:
بەکارهێنانی چەمکی دروستی نائایدۆلۆژیانە بۆ ئەم مەبەستە چەمکی : ناکۆکی نیوانی کرێکاران سەرمایەداران-ە ، ناکۆکی نێوانی چەوساوە و چەوسێنەرانە ، ناکۆکییەکانیش تەنها لە ڕێگای کاری زیادەوە دەبێت بە نرخی کەمتر یاخود بازرگانی و مامەڵە بەنرخی زیاتر لە تێچوون ئەو سەرمایەیە دروست دەبێت لە ڕێگای قازانجەوە .
دوای ئەوەش ئەم ناکۆکییە سنورداری سەردەم و چین و توێژاڵی فەعال نییە، بۆیە وەکو لە خاڵی چواردا لە سەرەوە وتم لە هەموو کۆمەڵێکی قووچەکەیی و چینایەتیدا هەیە کەواتە گشتگیرە.