کۆستی هاوڕێیان و خۆشەویستانمان لەوە ناکات بە ئاسانی یەخەمان بەردا:
06/01/2021
کۆستێکی تر ، خەمێکی زیاتر ، دڵتەنگی و نیگەرانییەکی چڕ و پڕ تر هاتە سەر ئەوانی تر. من نازانم، تا ئێستا ئاوا هاتووە ، ئەمەش یا کاری ” خودا” یاخود سروشت بووە ، ئەوە جارێکی تریش کە ڕەنگە دواجار نەبێت کە هەر منم دەبێت لەسەرتان بنوسم ، هەر دەبێت من بم کە یاد و یادەوەرییەکانتان بە گوێی هەموانا بچرپێنم ، دەبێت من بم بە چاوی پڕ ئەشك و بە دڵی غەمگین و بە ئازاری لە بننەهاتووە ، گەڵای خەزانی تەمەنتان کۆبکەمەوە ، دەنکەکانی تەزیحی بچڕاوی ڕۆژانی خەبات و تێکۆشانتان گرد بکەمەوە و لەیەکیان بدەمەوە ، ئەو منم کە دەبێت لەگەڵ نەوەی نوێ یاخود ئەوانەشی کەناتانناسن خەبات و تێکۆشاناتان ، ڕۆژانی شادیی و ڕەش و پڕ لە ناسۆری ژیانتان، بەوان ئاشنا بکەم و ئاشتتان بکەمەوە.
یادکردنەوەی پڕ لە شانازی ئەمجارەم بۆ هاوڕێ تەیب عارفە ، کە بە نەخۆشی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا. هاوڕێ تەیب لەناو دەوروبەر و خەڵکدا بە مامۆستا شێخ تەیب-ی حاجی مەلا سەید عارف ناسرابوو.
ساڵی 1978 بوو لام وایە هاوینەکەی بوو کە من بە ناوی نهێنی تۆ ئاشنابووم ” هاوڕێ نوری” ئەو کاتە بوو کە ماڵی تۆش ماڵی هەموان بوو، جێگەی حەوانەوە و شاردنەوەی هاوڕێ موختەفییەکانمان، بوو ، ئەو کاتە بوو کە ئیتر دەبوایە هاوڕێیان لە ماڵی ئێمە و لەتیف-ی شێخ ئیسماعیل و بلەی هاوڕێمەوە [ برایم مەلا شیخ ئیسماعیل –دێلێژە] و عەتای موفتی بۆ شوێنێکی دیکە بگوێزرێنەوە. یەکێك لەو ماڵە باش و بە خزمەت و چاونەترسانە ماڵی تۆ بوو . ئیتر من دەمزانی کە هاوڕێیەکمان هەیە بە ناوی ‘ نوری’ ، کە عەرەبی زانێکی باش بوو ، وەرگێڕی هەندێك لە وتارەکان و توێژینەوەکانی نێو ڕۆژنامەی ‘ کار ‘ بۆ ‘ ئەلعەمەل’ ی عەرەبی، بوو. ماڵی تۆ بوو بە لانەی خۆشاردنەوەی چەند هاوڕێیەکمان کە لە ناویانا مەلاڕەوف [ مەلا ڕەوفە شەل] . لەتیف کەریم واحید و دواتریش هاوڕێیانی دیکە، بوو.
گەرچی من بە ناوی نهێنی تۆم دەناسی بەلام بە کەسایەتی تۆ و بە نەبەردی و بە دڵسۆزی و تێکۆشانی تۆ زۆر دەمێك بوو ئاشنا بووم ، تۆ یەکێك بووی لە کەسە چالاکەکانی ڕیکخراوی ‘ کار ‘ وەلێ هەمیشە ژیانت لە مەترسیدا بوو بەڵام هیچ وەختێك ئەوەی کە ‘ کار ‘ پێویستی بووبێت تۆ فەرامۆشت نەکردووە بێ ترس ، بوێرانە ئەنجامت داوە.
کە ئێمەش تۆ و هاوڕێیانی دیکەمان بەجێهێڵا تۆ لەتەك ئەواندا بەو پەڕی لە خۆ بوردنەوە درێژەت بە خەبات دا ، هەمەیشە لە کۆبوونەوە و و لیژنەکانی کە لە لێدووان و لەیەکنزیکبوونەوەدا بوون لەگەڵ گروپ و کەسانی دیکەدا ، هەموو کات شێلگیرانە بەرگریت لەسەر یەککەوتن و یەکێتی شیوعییەکان ، مارکسییەکان کردووە بێ سازشکردن لەسەر بنەماکانی مارکسیزم.
لە سەردەمی ڕاپەڕیندا زۆر ئازایانە ڕۆڵی خۆتت لەتەك هاوڕێیانی دیکەی وەکو ئەشرەف-ی مام نامیق ، لەتیف ئیسماعیل، عەبدول ئیسماعیل، موحەمەدی شێخ ڕەشید دێلێژە و هاوڕێیانی دیکەی دێلێژە ، هاوڕێ عومەر و هاوڕێ عوسمانی مەلا یاسین و زۆرێکی دیکە لە هاوڕێیانی گروپ و ڕێکخراوەکانی دیکە، هەر یەك بە چەشنێك ڕۆڵی خۆتان دەبینی . لە بیرمە، لام وایە لە نەوەدەکانا بوو نامەیەکت نارد کە لە لایەن ئیسلامییە توندڕەکانەوە هەڕەشەی کوشتنیان لە تۆ و هاوڕێ ئەشرەف کردووە. نامەیەکیان بە فیشەکێکەوە فڕێ دابووە ناو حەوشەکەتانەوە ، بەڵام تۆ هێشتا هەر کۆڵت نەدا ، تۆ هەرگیز سەری بەرزتت بۆیان لە زەوی نەدا.
زۆر نەبوون و نین لەوانەی وێڕای هاتنەپێشەوەی ئەم بارودۆخە: ڕۆژی دەوڵەمەندبوون ، بە پلە و پارە گەیشتن ، ڕۆژی خۆهەڵواسین و گێڕگۆڕین ڕۆژی نکوڵی کردن و ڕەجمکردنی ڕابووردوی شیوعی بوون ..هەر ئاوا بە ئاسانی بایان دایەوە.. بەڵێ مەخابن ژمارەی ئەوانەی کە وەکو تۆ بوون زۆر نین ، کەچی تۆ هەگیز بۆ چرکەیەکیش پلە و پایە و پارە و ڕەتکردنەوەی شیوعییبوونت بە خەیاڵدا نەهاتوە، دڵت ختورەی ئەوانەی نەکردووە .
نەك هەر ئەوانەی سەرەوە هاوڕێ، بەڵکو لەمەشدا لەناو هەزارانی دیکەدا هەر دەگمەن بوویت کە بەو هەموو ئەزموون و ڕؤژگارەدا تێپەڕیبویت، ئەو هەموو کارەسات و ناڕەحەتییەو تێشکانەت، بینیبوو ، کەچی تۆ هەر بەردەوامیت دەدا بە خەباتت ، بەو تەمەنەوە کە 80 ساڵێک دەبویت هێشتا ئیلهام هێنەر بویت ، ، بە وزە و بە گوڕ تر بویت ، بە دەگمەن بەشداریکردنی خۆپیشاندانێكت لە دەست دەرچووە ، کۆبوونەوەیەكی جەماوەرییت لەبیر چووە ، لە ناویانا گفتو گۆ و پێشنیارت نەبووبێت ، هەنگاوی عەمەلیت پێ نەبووبێت ، فکرت لە کۆبوونەوەی یاخود خۆپیشاندانی پێشووتر ڕۆشنتر، نەبووبێت.
لەوانەش زیاتر تۆ کەسێك بویت کە زۆر چاك دەسەڵات و دەوڵەت و سیستەمەکەت ناسیبوو ، تۆ دەتزانی کە سەراپای حیزبەکان و کردنی حیزبایەتی شتێك نییە جگە لە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم سیستەمە ، ڕیفۆرمەکان شتێك نییە جگە لە ئارایشکردنی دیمەنی دزێو و ناشیرینی ئەم سیستەمە، تۆ زۆر باش دەتزانی کە ڕێگا کۆنەکان بۆ هەمان هەواری کۆنمان دەبەنەوە ، تۆ بە چاکی دەتزانی کە چیت دەوێت ، چارەسەری ریشەیی چییە ، ئەرك و وەزیفەی ئێستامان کامەیە …
لەبیرمە کە لە 2018 دا کە هاتمەوە زۆر جار یەکدیمان دەبینی و لیدوان و گفتوگۆمان لەسەر زۆر شت دەکرد ، لەوانە بۆچون و تیئورەکانی مارکس ، کتێبە بە بایاخەکەی ‘ سەرمایە/ کاپیتاڵ ‘ بەلام تۆ قسەیەکی مێژوویت کرد کە وتت ” هاوڕێ، سەرمایەی مارکس ئەوەندەی کە ئەکادیمییەکان و ئابووریناسە لیبراڵەکان خاوەنکار و کارگەکان سوودیان لێبینیوە کرێکاران سۆشیالیستەکان ئەو سوودەیان لێنەبینیوە… شێوەی نوسینی ئەو کتێبە هەر بۆ کرێکار نەنوسراوە بۆ خاوەن بڕوانامەی بەرز و خاوەنکار نوسراوە..”
زۆر بەداخەوەم هاوڕێ گیان بۆ کۆچی دوایت ، گەرچی تۆ تەمەنت هەڵکشا بوو بەڵام بە فکر ئەوەندە گەنج بویت لە گەنجێك گەنجتر ، تۆ هێشتا زۆرت پێبوو ، وزەو توانایەکی زۆرت پێ مابوو ، قسە و پێشنیارێکی زۆرت لە یاد بوو کە بیخەیتە بەردەممان و کاری لەسەر بکەین .
یادو یادوەرییەکانت بەزر و بەڕێز هاوڕێ تەیب ” هاوڕێ نوری” هەرگیز ناتوانین لە یادت بکەین ، خەبات و تێکۆشانت فەرامۆش بکەین ، ڕێگای خەباتت گوم بکەین ..هەرگیزاو هەرگیز.