Categories
Kurdish

کۆکردنەوەی کۆمەکی پارە بۆ غەزە

کۆکردنەوەی کۆمەکی پارە بۆ غەزە

08/01/2025

وتارێکم لە ڕۆژنامەی گاردیاندا بەرچاوکەوت  وەکو ڕێکلامەیەك بۆ هاوکاری دارایی بۆ فەلەستین لە بیناکردنەوەی لانی کەم خەستەخانەیەکی غەزە .  هەروەها  لە ڕێکلامەکەدا داوا لە کۆمپانیاکان دەکرێت کە هاوکاری بکەن .

بەڕای من هیچ شتێك بە قەدەر کۆکردنەی پارە بۆ فەلەستین ئاسان نییە کە بە هیچ شێوەیەکیش پێویست ناکات داوای پارە  لە ” کافران ” بکرێت . سوپاس بۆ خودا برا و خوشکی موسڵمان ئەوەندە زۆرن گەر ڕاستگۆبن لەگەڵ خودا و خۆیان و دینەکەیاندا ئەوە نەك خەستەخانەیەك بەڵکو چەندین خەستەخانە و خانەی پیران و بڕێك لە قوتابخانەکانیش بە پارەی ” حەڵاڵ ” دەکرێت بینابکرێنەوە و لەمەشدا موحتاجی دەەستی کافرەکان نەبین .

چۆن ؟

یەك: بەخشینی پارە لە لایەن خەڵکەوە ، کەم یا زۆر .

دوو: لەبری کۆرکردنەوەی پارە بۆ کڕینی کۆنە کەنیسە و کردنی بە مزگەوت ، ماڵی خوا، دەکرێت ئەو پارەیە بخرێتە بەر ئەو هاوکارییە .

سێ: نەچون بۆ عەمرە ، هەرچەند وابزانم عەمرەی ئەمساڵ تێپەڕی چونکە موسڵمانانی ئەوروپا 3 هەفتە لەمەوبەر تەشریفیان برد و خۆیان پاککردەوە لە گوناهەکانیان و عەمرە و خاوەن عەمرەیان قەرزاربار کرد .

چوار : ئەمساڵ سەردانی ماڵی خوا ، حەج، بوەستێنرێت و با حەج  بێتە دەرماڵت ، ئەو پارەیەی کە لەوێدا سەرف دەکرێت با بدرێت بەو پرۆەژەیەی کە لە غەزەدا بە تەماین .

هاوکاتیش چی تر بەردیش نەگیرێتەو ئەو شەیتانە هەژارە ، کە 1400 ساڵە ڕەجم دەکرێت کەچی ئەویش هەر زرت و زیندووە و کاری خراپی خۆی و هەژموونی نەگریسی خۆی لەسەر برا و خوشکانی موسڵماناندا داناوە بە کردنی هەرچی کاری خراپ هەیە لە دونیادا .

دوای ئەوەش خودا لە ئەمساڵ دا وەکو دیارییەك بۆ هەموومان ڕاگەیاندێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت ” من شەیتانم دروست کرد ، شەیتانیش هاتە گیان و ڕۆحتانەوە ئەوەی خراپ بوو پێی کردن و  هەڵی خەڵەتاندن بۆ کاری خراپی دژ بە من.  لەبەر ئەوە بڕیارم داوە کە چی تر موسڵمانان لۆمە و تاوانبار ناکەم و سزایان نادەم بۆ کارە خراپەکانیان ، بەڵکو ئەو شەیتانە نەگریسە کە جڵەوی بچڕاندووە  ئۆمەتی موحەمەدی پەیامنێرمی بە کاری خراپەدا بە دەردێك بردووە هەرچی خراپ کردویانە و دەیکەن….”

ئەوەشی کە هەر لەو پەیامەی خودا حاڵی نابێت و هەر دەیەوێت ئەو شەیتانە ناڕەسەنە ڕەجم بکات با بوەستێت لەوە.  شەیتان لەناو دڵ و هەناوی خۆماندایە ، شەیتان لە ژیانماندایە و لەگەڵماندا دەژی ، شەیتان لە مامەڵەی خراپماندایە لەگەڵ ژناندا ، شەیتان لە مامەڵەی درۆ ساختە و فێڵدایە کە لەگەڵ کڕیارەکانماندا دەیکەین ، لەگەڵ ساختەکاری ئەو بازرگان و بەڵێندەر و بزنسمان و ئەمانەدایە . شەیتان لە ناخی ئەو کەسانەدایە کە  1400 ساڵە بۆ بڵاوکردنەوەی دینەکەی خودا خەڵك دەکوژن، سەری دەبڕن ، ماڵی کاول دەکەن ، ژینگەی وێران دەکەن … شەیتان زرت و زیندوە لە ناوماندایە ، دەکرێت خۆتی لێپابکەیتەوە بە بێ ئەوەی بەردێك یا زیخێکی تێگریت .

Leave a Reply