بۆچی ئه‌گه‌ری ڕوودانی شۆڕش له وڵاتانی ئابوریی که‌م گه‌شه‌کردوودا زۆر زیاتره تاکو وڵاتانی پیشه‌سازیی پێشکه‌وتوو؟ *
زاهیر باهیر – له‌نده‌ن
28/11/2016
پێشه‌کی ده‌بێت ئه‌وه بڵێم چه‌مکی شۆڕش لای من شۆڕشی سۆشیالیستی/ ئهنارکیستیییه بۆ به‌دیهێنانی کۆمه‌ڵی ناچینایه‌تی، ناهیراشیی، نه شتێکی دیکه که چه‌په‌کان و کۆمۆنیسته‌کان هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن .
پێشکه‌وتنی سه‌رمایه‌داریی و پێنانە قۆناخی گڵۆبه‌ڵازه‌یشن، زیادبوونی ژماره‌ی کرێکاران تا ڕاده‌ی زۆرینه‌ی کۆمه‌ڵ، ڕودانی قه‌یرانه یه‌کبه‌دوایه‌که‌کانی ئابوریی که به قه‌یرانی سه‌رمایه‌داریی ناسراوه، سه‌رجه‌می تیئوره کۆنه‌کانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه که خودی ئه‌مانه ده‌سته‌به‌ری ڕوودانی شۆڕشبن . به‌داخه‌وه نه‌ك هه‌ر شۆڕش ڕوی نه‌دا، به‌ڵکو گه‌ر زه‌مینه‌ی شۆڕشیشی له وڵاتانی پیشه‌سازیی پێشکه‌وتوودا له‌بار نه‌بردبێت ، ئه‌وه زۆریش دوای خستووه.
سه‌رمایه‌داریی له ڕێگای ململانێی نێو توێژاڵه‌کانی خۆیی و دروستکردنی چه‌نده‌ها لقی دۆست به‌خۆی له چه‌په‌کان سۆشیالیستان، ئازادیخوازان و فێمه‌نیستان و دۆزینه‌وه‌ی بۆشاییه‌ك له جیهاندا بۆ که‌ره‌سه‌ی هه‌رزانبه‌ها و به‌رهه‌مهێنانی کاڵا و هه‌روه‌ها له‌ده‌ستابوونی وه‌ره‌قه‌ی ناشیوناڵیزم و نه‌ژادپه‌رستی و دینی و مه‌زهه‌بی و ناوچه‌گه‌ریی که بیانکاته زه‌مینه‌ی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی هه‌مه‌جۆره‌ی نێوانی مرۆڤه‌کان، توانیوێتی به‌رده‌وامبێت و ده‌توانێت خۆشی نوێژهنبکاتهوه. لێره‌شدا ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت که سه‌رمایه‌داریی ” گۆڕهه‌ڵکه‌نی خۆی” نییه ، به‌ڵکو گۆڕهه‌ڵکه‌نی ئێمه‌یه و توانیویشێتی که خۆی له قه‌یرانه‌کان بپارێزت و به‌سه‌ر ئێمه‌یدا بدات.
نه‌ك هه‌ر ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه به‌ڵکو سه‌رمایه‌داریی له‌م وڵاتانه‌دا ئامرازه‌کانی مانگرتن و ناڕه‌زایی و خۆپیشاندان که ساڵه‌هایه‌کی دووروو درێژ وه‌کو چه‌کێك له‌لایه‌ن کرێکاران و خه‌ڵکه‌وه دژی خاوه‌نکار و سیسته‌مه‌که، به‌کارده‌هێنرێن، ئێستا ماڵیکردوون و سواون و چیتر داخوازییه‌کانی کرێکاران و خه‌ڵکی ناهێننه دی و به به‌رژه‌وه‌ندی سیسته‌مه‌که، ده‌شکێنه‌وه.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له وتاره‌کانی پێشترمدا به درێژی له‌سه‌ر لاوازی و زه‌بوونی بزوتنه‌وه‌ی کرێکاران به به‌ڵگه و به ئاماهروه، قسه‌م کردووه ، ( بڕوانه Zaherbaher.com ) لێره‌دا خۆم له دووباره‌کردنه‌وه ده‌پارێزم و یه‌کسه‌ر ده‌چمه ناو کرۆکی باسه‌که‌مه‌وه.
ئه‌وه‌ی ئاشکرایه دوو جۆر تێڕوانین و لێکدانه‌وه له‌سه‌ر ڕوودان و سه‌رکه‌وتنی شۆڕش هه‌یه :
یه‌که‌م: شۆڕش له ڕێگای پارتی پێشڕه‌وی چینی کرێکارانه‌وه، له ڕێگای کوده‌تای حیزبییانه و سه‌ربازییه‌وه یاخود له ڕێگای ریفۆرمی هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانتارییه‌وه، واته له‌سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵ بۆ بنه‌وه‌ی. که هه‌موویان یه‌ك ئه‌نجام ده‌ده‌نه‌ده‌ست. خودی ئه‌زموونه‌کانیان له سه‌رانسه‌ری جیهاندا ئه‌وه‌یان سه‌لماند که ئه‌م جۆره هه‌وڵانه نه‌ك هه‌ر شکستیان هێنا، به‌ڵکو کاره‌سات و بێ هیواییشیان بۆ خه‌ڵکی هێنا. دیسانه‌وه ئه‌وه‌شیان ده‌رخست سه‌پاندنی چه‌مکی نێو کتێبه‌کان به‌سه‌ر واقیعدا، هه‌ڵه‌یه و کاره‌سات ده‌خولقێنێ .
دووهه‌م: شۆڕش له ڕێگای خۆڕێکخستنی ئاسۆیانه/ناهیراشیانه له گروپه خۆجێییه‌کانا، کۆمیته و لیژنه‌و ئه‌نجوومه‌نه ڕادیکاله سه‌ربه‌خۆکانا له هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا: کۆمه‌ڵایه‌تیی، کولتوریی، سیاسیی، ڕۆشنبیریی و په‌روه‌ده‌یی ، فەرهەنگیی، ئابوریی، ژینگه و ئیکۆلۆجی و هتد. دروستکردنیان له‌هه‌موو شوێنه‌کانی سه‌رکار و بازاڕ و خۆیندنگا و دانشگادا، خه‌ڵکی به خۆیان له بنی کۆمه‌ڵه‌وه خۆیان ڕێكده‌خه‌ن. ئه‌م گروپانه له قۆناخی یه‌که‌مدا ئاماده‌کاریی ده‌که‌ن و خه‌باتیان بۆ دابینکردنی پێداویستییه جیاجیاکانی ژیانه و ڕۆڵی تاك و سهربهخۆییوونی به‌هێز ده‌که‌ن. له قۆناخی دووهه‌مدا هه‌وڵی به‌دیهێنانی بزوتنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاستی لۆکا‌ڵی، نه‌ته‌وه‌یی، وڵات ده‌ده‌ن، که له ڕێگای تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه، ئه‌نجوومه‌نه‌کانی خه‌ڵکییه‌وه له گه‌ڕه‌ك و شار و شارۆچکه‌دا، خۆیان به‌یه‌که‌وه په‌یوه‌ستده‌که‌نه‌وه و هاریکاری کاره هاوبه‌شه‌کانیان، چالاکییه‌کانیان به‌گرتنه‌به‌ری دیمۆکراتیی ڕاسته‌وخۆ و له ڕێگای چالاکی ڕاسته‌وخۆوه ، ئه‌نجامده‌ده‌ن. له قۆناخی سێیه‌مدا که قۆناخی به‌هێزکردنی خۆ‌و ده‌سه‌ڵاتوه‌رگرتن و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه و که‌وتنه به‌رابنه‌ر و به‌ربه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌کانێتی. کردنی ئه‌مانه‌ش ورده ورده نزیکردنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌که‌یه له خودی ستراتیجییه‌ته‌که‌ی.
به تێگه‌یشتنی من شۆڕش له ڕێگای دووهه‌مه‌وه گریمانی زیاتری هه‌یه، کاتێك که زه‌مینه‌کاری بۆ ده‌ستبه‌کارکردنی ئه‌م شۆڕشه له بنی کۆمه‌ڵه‌وه له‌سه‌ر پارچه زه‌وییه‌کی ئه‌م سه‌رزه‌مینه، که ناوی نیشتمانی لێنراوه، ده‌کرێت ، ئیدی هێدی هێدی ته‌ك به ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانی، واته ناوه‌ند ( مه‌رکه‌ز/ سێنته‌ر) ، هه‌ڵده‌چنێت. له‌م بارودۆخه‌شدا نالۆژکیانه و کارێکی ناعه‌مه‌لیانه‌ش ده‌بێت، گه‌ر ڕوانینمان بۆ شۆڕشی جیهانی ، پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بێت.
به‌ڕای من کاتێك که ئێمه ده‌وڵه‌ت وه‌کو ناوه‌ندی سه‌ره‌کی، ده‌بینین که ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی له وڵاتێک‌دا، هه‌یه، کارێکی پراکتیکانه و ئاوه‌زانه‌شه گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی دونیاش هه‌مان دیدمان بۆ وڵاته هه‌ره پێشکه‌وتوه‌کانی پیشه‌سازیی وه‌کو ئه‌مه‌ریکا و که‌نه‌دا و ئۆسترالیا و یابان و ڕوسیا و وڵاتانی ڕۆژاوا، هه‌بێت وه‌کو سێنته‌رێك، مه‌رکه‌زێك، که به خۆیان و ده‌زگه دراوییه‌کانیانه‌وه ده‌سه‌ڵاێکی یه‌کجار زۆریان له ده‌ستدایه. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش تا ڕاده‌ی ڕابه‌ریکردنی سیاسی و ئابوریی سه‌رجه‌می وڵاتانی که‌مترگه‌شه‌کردوی دونیا که وه‌کو چه‌ند بنکه‌یه‌كه بۆیان، ده‌بینرێت. ئاله‌م حاڵه‌ته‌شدا ڕوخانی ئه‌و مه‌رکه‌زه به گوێره‌ی باوه‌ڕ به تیوری ” شۆڕش له بنی کۆمه‌ڵه‌وه ” هه‌ر ده‌بێت له وڵاتانی ڕاگر و پارێزه‌ری گه‌وره‌ده‌وڵه‌تانه‌وه، ده‌ستپێبکات ، نه‌ك له خودی وڵاتانی مه‌رکه‌ز، خۆیانه‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی و هه‌ندێك چالاکی ڕاستوخۆ له گه‌وره‌وڵاتاندا، ڕوونادات. به‌پێچه‌وانه‌وه له کاتێکدا که چه‌وساندنه‌وه و کۆیله‌یه‌تی و نایه‌کسانی و نادادپه‌روه‌ری بوونی هه‌یه و به‌رده‌وامه، هه‌ڵبه‌ته دژه‌که‌شی به‌رهه‌مده‌هێنێت، به‌ڵام کاتێك که ئه‌م چالاکیانه هه‌ر له‌و ئاسته ڕوکه‌ش و ته‌سکه‌دا ده‌مێننه‌وه، کاتیك که خه‌ڵكی خۆی ڕێكناخات و پلانی دووهه‌می نییه، کاتێك ئه‌م ئامرازانه ته‌نها بۆ حاسڵکردنی داخوازییه‌کی هه‌نووکه‌یانه‌یه و کاتییه، – ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که سه‌رجه‌می چالاکییه‌کان کاردانه‌وه‌یه له پێناوی پارێزگاریکردن له‌وانه‌ی که پێشتر به‌ده‌ستهێنراون – نه‌ك هه‌رگیز ناتوانێت گۆڕانکاری گه‌وره به‌ده‌ستبهێنێت به‌ڵکو بێ هیوایی و بێچاوه‌ڕوانی داهاتوویه‌کی باشتر، ده‌ده‌نه ده‌ست خه‌ڵکی.
مانه‌وه‌ی ئه‌م مه‌رکه‌زه به‌هێزه له سای مانه‌وه‌ی وڵاتانی گه‌شه‌نه‌کردوی یاخود که‌متر گه‌شه‌کردوی پیشه‌سازیییه‌وه‌یه، که زه‌مینه‌یه‌کی هه‌مه جۆره‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند و به سوودیان بۆ ئه‌و مه‌رکه‌زه جیهانه‌ییه ده‌سته‌به‌ر کرده‌وه . کاتێك که پاشكۆیه‌تی ئابوریی و سیاسیی ناوه‌ند (مه‌رکه‌ز) بۆ لۆکاڵ نه‌ما و پاشكۆیه‌تی ئه‌مانیش بۆ ئه‌وان نه‌ما، به واتایه‌کی دیکه کاتێك که ده‌ستێكی ئابوریی و سیاسیی بۆ یارمه‌تی و هاوکاریی مه‌رکه‌ز، کورتکرایه‌وه ، کاتێك که بناخه ده‌تلیسێته‌وه، ئیدی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری بنیاتنراوه هه‌ره‌س ده‌هێنیت.
جوتێك بنه‌مای سه‌ره‌کیی که له وڵاتانی پیشه‌سسازی پێشکه‌وتوودا ونن، به‌ڵام له ولاتانی بێهێزی پیشه‌سازیدا، بێ هیچ جۆره دوودڵییه‌ك، بۆ هه‌ڵگیرسانی شۆڕش، هه‌ن. ئه‌و دوو بنه‌مایه زه‌مینه‌سازیی ئه‌و شۆڕشه خۆشده‌که‌ن و ئه‌وانه‌ش ئه‌م دوانه‌ن:
یه‌که‌م: په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تیی:
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که سه‌رمایه‌داریی به‌ته‌واوی خۆی نه‌خزاندۆته هه‌موو کونج و که‌له‌به‌رێکی ژیانی هاووڵاتییانه‌وه و په‌یوه‌ندی نێوانی تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵ تاڕه‌ده‌یه‌کی زۆر په‌یوه‌ندییه‌کی مرۆڤانه‌یه و شمه‌کی نییه. ده‌زگه‌کانی ده‌وڵه‌ت بۆ یارمه‌تی هه‌ژاران و ئه‌وانه‌ی که کاریان پێناکرێت به‌هه‌ر هۆیه‌ك بێت، یاخود هه‌ر وجودی نییه یا هه‌ر وه‌کو شتێکی ڕه‌مزی وایه. له بارودۆخێکی ئاوادا کاره‌ساته سروشتییه‌کان و مرۆکرده‌کان و چه‌شنه‌کانیان، ده‌که‌ونه سه‌رشانی خه‌ڵکی خۆی که له ڕێگای یارمه‌تی و هه‌ره‌وه‌زیی و هاوکاریی به یه‌کدی، هه‌موو پێداویستی خۆشی و ناخۆشییه‌کانیان ڕاده‌په‌ڕێنن و متمانه‌ی ته‌واو ده‌کرێته سه‌ر خودی کۆمۆنێتییه‌که زیاتر له ده‌وڵه‌ت و ده‌زگه کۆمه‌كکاره‌کانی. له‌وێ، هێشتا ناوکێکی مرۆڤانه‌ی سه‌رده‌می کۆمۆنێتییه کۆنه‌کانی، تاڕه‌ده‌یه‌ك ژیانی به کۆمه‌ڵیی، تیادا ماوه‌ته‌وه. قسه‌وباس له‌سه‌ر سیاسه‌ت و ڕوداوه‌کانی ڕۆژانه قسه‌وباسێکی به‌رده‌وام و نیگه‌رانییه‌کی زۆری خه‌ڵکه‌که‌یه‌تی. له کۆمه‌ڵێکی ئاوادا به‌ستنی په‌یوه‌ندی نێوانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ له‌سه‌ر کار، له گه‌ڕه‌ك و گوند و خویندنگا و دانشگاو ته‌واوی دامه‌زاراوه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دیکه و لێدوان و مشتومڕكردن له‌سه‌ر سیاسه‌ت و بابه‌ته ڕۆژانه‌یه‌کان و هه‌نووکه‌ییه‌کان ئاسانه و متمانه‌کردنیش به‌یه‌ك و خۆبه‌ستنه‌وه به کاره هاوبه‌شییه‌کانی نێوانیان، به ئاسانی په‌یڕه‌و ده‌کرێت. بێ گومان ئه‌م شێوه ژیانه له گونده بچوکه دووره‌ده‌سته‌کانی لادێکان تاکو گونده هه‌ره قه‌ره‌باڵخه‌کانی ده‌وروبه‌ری شار، له شارۆچکه‌کاندا تاکو شاره‌کان ، له شاره‌کاندا تاکو شاره گه‌وره‌کان، زۆر دیارتر و کرده‌تره و خۆڕێکخستنیش تیایاندا ئاسانتره و ده‌ستکردنیش به کاری ههرهوزهی و ژیانی هه‌ره‌وه‌زیانه و به کۆمه‌ڵیی ژیان، عه‌مه‌لی تره .
دیاره گه‌لێك خه‌سڵه‌تی پۆزه‌تیفی دیکه له‌پاڵ ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا له‌و شوێنانه‌دا هه‌ن و هانده‌ر و ده‌سته‌به‌ری خۆڕێكخستنی خودی خه‌ڵکه‌که‌ی، ده‌کات، که ئه‌م خه‌سڵه‌تانه و ئه‌م خاڵه پۆزه‌تیڤانه، له نێو کۆمه‌ڵی وڵاتانی پیشه‌سازی پێشکه‌وتوودا، یا هه‌ر ونن، یا خود زۆر لاوازن.
دووهه‌م: لاوازی و بێهێزی حه‌ڵقه‌ی سه‌رمایه‌داریی :
ئاشکرایه پێکانی ئامانج، به‌ده‌ستهێنانی سه‌رکه‌وتنی ئاسان به‌هاوکاری ئه‌و خاڵه‌ی سه‌ره‌وه، هه‌میشه له‌و حه‌لقه و شوێنانه‌وه ده‌ستپێده‌کات که سیسته‌می سه‌رمایه‌داریی ، لاوازه. لای هه‌موانیش ئاشکرایه که حه‌لقه‌ی لاوازی ئه‌م سیسته‌مه ئه‌و شوێنانه‌یه، ئه‌و وڵات و کۆمۆنێتیانه‌یه، که هێشتا ئه‌و بنه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه که باسمکردن تێیاندا، مه‌وجودن. به‌واتایه‌کی دیکه حه‌لقه‌ی لاوازی ئه‌م سیسته‌مه وڵاتانی گه‌شه‌نه‌کرد و یا که‌متر گه‌شه‌کردوی پیشه‌سازین که هێشتا ده‌ستی نه‌گریسی سه‌رمایه‌داریی به ته‌واوی پێنه‌گه‌یشتوه، هێشتا کاری له کار نه‌ترازاندووه، هێشتا نه‌یتوانیوه مرۆڤه‌کان، له مرۆیییه‌وه بکاته ڕۆبۆت، ئه‌و مرۆیانه‌ی که هێشتا ته‌واوی قسه و باسه‌کانیان له‌سه‌ر دوامۆدیڵی هه‌مه‌جۆره‌ی کاڵاکان و به‌کارهێنانیان، نییه و له خه‌سڵه‌تی مرۆیانه‌ی خۆیانی نه‌شۆردوونه‌ته‌وه .
له‌م شوێنانه‌دا هه‌وڵدان و ئاماده‌کاریی هه‌ره‌وه‌زییانه، هه‌وڵی ژیانی به کۆمه‌ڵانه، تاڕاده‌ی هاوبه‌شیکردنی هه‌موو پێداویستییه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌کانی ژیان، ئاسانه. له شوێنێکی ئاوادا گونده‌کان، گه‌ڕه‌که‌کان، شارۆچکه‌کان، شاره‌کان که‌متر ده‌بنه وابه‌سته‌ی شاره گه‌وه‌ره‌کان و شمه‌کی هه‌مه‌جۆره‌ی هاورده‌ی شاری گه‌وره و که‌متریش وابه‌سته به بازار-ئازاد و شاره‌وه ده‌بن.
هه‌ر وڵاتێک له‌و وڵاتانه‌ی که ده‌که‌ونه نێو ئه‌و بازنه‌ی سه‌ره‌وه ( بازنه‌ی وڵاتانی پیشه‌سازی گه‌شه نه‌کردو) ، گه‌ر خودی خه‌ڵکی خۆی، خۆبه‌ڕیوه‌به‌ریی بکات، ده‌توانن سه‌راپای پێداویستییه‌کانی ژیان و سه‌رجه‌می ئامراز و که‌ره‌سه سه‌ره‌کییه‌کانی بواری کشتیاریی و پیشه‌سازیی ساده، دابین بکه‌ن، به خۆیان ژیانی ئه‌ندامانی کۆمۆنێتییه‌کانیان مه‌یسه‌ر بکه‌ن . ئه‌و پێداویستیانه‌شی که ناتوانرێت له گوندێکدا، له شارۆچکه‌یه‌کدا یا خود شار و ده‌ڤه‌رێکدا به‌ده‌ستبهێنرێت، ده‌توانرێت له ڕێگای ئاڵوگۆڕی شمه‌كه‌کانه‌وه به‌هۆی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه، یاخود له ڕێگای ئه‌نجوومه‌نه‌کانی گه‌له‌وه له‌و شوێنانه‌دا، به‌ده‌ستبخرێن. گومان له‌وه‌دا نییه که وڵاتێك نییه له‌و بازنه‌یه‌دا، ئه‌وه‌نده هه‌ژار و نه‌دار بێت، نه‌توانێت هاووڵاتییانی، بژێنێت. ئه‌وه‌ی که ئه‌و وڵاتانه‌ی هه‌ژار و پاشکۆ بۆ گه‌وه‌ره‌وڵاتانی جیهانی، کردووه، هه‌بوونی چاوچنۆکان و ده‌سته‌بژێر و گه‌نده‌ڵکاران و دامه‌زرانی کۆمه‌ڵ و وڵاته له‌سه‌ر بناخه‌ی چینایه‌تی، هه‌ره‌می/ هیراشییه‌ت و پیاده‌کردنی به‌رنامه‌و سیاسه‌تی نیولیبراڵی گه‌وه‌ره‌وڵاتان و پارێزه‌رانی کۆمه‌ڵی چینایه‌تی و قوچکه‌ییه .
له‌م پرۆسه‌یه‌دا، پرۆسه‌ی بنکه‌نکردنی قه‌ڵاکانی سه‌رمایه‌داریی، پرۆسه‌ی ڕووتکردنه‌وه‌ی پێگه‌و خوانی چه‌وسانه‌وه و زۆرداریی، پرۆسه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی وابه‌سته‌یی یه‌ك بۆ یه‌کدی ، پرۆسه‌یه‌کی خاو و هیواش و درێژخایه‌نه، به‌ڵام به بڕشت و سه‌قامگیره. سه‌رکه‌وتنی ته‌واو و به‌رده‌وامبوونی ئه‌مه‌ش به‌ستراوه‌ته‌وه به ڕوودانی هه‌مان شۆڕش لانی که‌م له یه‌کدوو وڵاتێکی ده‌وروبه‌ردا و هه‌روه‌ها پاڵپپشت و هاوکاری ئازادیخوازان و دژه‌ده‌سه‌ڵاتخوازانی دونیا.
ژیانی نێو کۆمه‌ڵی سته‌مکاریی و نایه‌کسانی ، ژیانی نێو ونبوونی دادوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیی و نه‌بوونی ئازادیی، ژیانی نێو کۆمه‌ڵی هیراشیی و چیانهیهتیی ، چشتێکی دیکه‌ی بۆ ئێمه نه‌هێڵاوه‌ته‌وه جگه له کاردانه‌وه، له ڕێگای: یه‌که‌م: دانیشتن و پاڵدانه‌وه و خۆدانه ده‌ستی قه‌زاو قه‌ده‌ر. دووه‌م: چاوه‌ڕوانی حیزبی پێشڕه‌و و کوده‌تای حیزبیانه و سه‌ربازیی و هه‌ڵبژاردن، درۆ گه‌وره‌که‌ی مێژوو، که ئه‌مانه له گرتنه‌به‌ری ڕێگای یه‌که‌م مه‌ترسیدارترن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که وه‌همێكی زۆر به خه‌ڵکی ده‌ده‌ن و دیسانه‌وه چاوبه‌ستێکی گه‌وره‌ش له‌خه‌ڵکی ده‌که‌ن. سێیه‌م: ئه‌وه‌ی که له‌سه‌ره‌وه باسکرا.
*هه‌وێنی نوسینی ئه‌م وتاره ده‌گه‌ڕیتیه‌وه بۆ ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی که له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کم له ڕۆژی 08/05/2015 دا به‌یه‌که‌وه کردمان بۆ ئامه‌د، باتمان ، حه‌سه‌نکه‌یف،ماردین، وان، جۆڵه‌مێرگ و گه‌وه‌ڕه له باکوری کوردستان.