Categories
Kurdish

ساڵ بە ساڵ کەلێنی نێوانی سامانداران و هەژاران لە گەورەبووندایە

ساڵ بە ساڵ کەلێنی نێوانی سامانداران و هەژاران لە گەورەبووندایە

22/01/2025

توێژینەوەیەکی نوێی دەزگەی خێرخوازی ئۆکسفام بە ئامارەوە نیشانی دەدات کە چۆن ژمارەی ملیاردەرەکانی دونیا ساڵ بە ساڵ لە سەر کەوتندایە ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە  ژمارەی هەژارانی دونیاش لە سەرکەوتندایە .

ڕاپۆرتەکە زۆر زانیاری بەخۆوە گرتووە ، هەرە خاڵە دیارەکانی :

+ بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، سامانی ملیاردێرەکانی جیهان لە ساڵی 2024دا بە ڕێژەی 2 تریلۆن دۆلار زیادیکردووە.

+ توێژینەوەکە نایەکسانی نێوانی سامانداران و نەداران ئاشکرا دەکات  کە  ڕێژەی گەشەی سامانی سامانداران  لە ساڵی ڕابردوودا سێ هێندە خێراتر بووە لە ساڵی 2023 .

+ هەر بە پێی ئەو ڕاپۆرتە سامانی ملیاردێرەکانی جیهان لە ساڵی 2024دا بە ڕێژەی 2 تریلۆن دۆلار (1.64 ملیار پاوەند) زیادیکردووە، کە سێ هێندە خێراترە لە ساڵی 2023، کە دەکاتە 5.7 ملیار دۆلار لە ڕۆژێکدا. هەر ئەو ڕاپۆرتە دەڵێت کە ئێستا جیهان لەسەر ڕێڕەوی خۆیدایە بۆ ئەوەی لە ماوەی دە ساڵدا پێنج تریلیۆنێری هەبێت، ئەمەش گۆڕانکارییەکە لە پێشبینییەکانی ساڵی ڕابردوو کە لە ماوەی 10 ساڵدا یەک تریلیۆنێر بووە.

+ لە هەمان کاتدا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ژێر هێڵی هەژاری پێوەری بانکی نێودەوڵەتیدا دەژین کە ڕۆژانە 6.85دۆلارە، لە ساڵی 1990 وە بەزەحمەت گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، و نزیکەی 3.6 ملیار کەسن – کە یەکسانە بە 44%ی دانیشتوانی جیهان لە ئێستادا.

+ ڕاپۆرتەکە دەڵێت. لە هەر 10 ژن یەکێکیان لە هەژارییەکی زۆردا دەژی ( داهاتیان لە خوار 2.15 دۆلارەوە لە ڕۆژێکدا)، واتە 24.3 ملیۆن ژن زیاتر لە پیاوان بەرگەی هەژارییەکی زۆریان  گرتووە.

+ بەریتانیا زۆرترین ڕێژەی سامانی ملیاردێری هەیە کە لە “قۆرخکاری و دۆستایەتی” لە نێوان وڵاتانی جی حەوتدا وەرگیراوە.  ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بەریتانیا سامان بە ڕێژەی 35 ملیۆن پاوەند لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 182 ملیار پاوەند لە ساڵی 2024 دا.

+ ساڵی ڕابردوو چوار ملیاردێری نوێ سەریان هەڵدا و کۆی گشتیی ملیاردەرانی بەریتانیا گەیشتە 57 ملیاردێر.

+ لە ئاستی جیهانیدا ساڵی ڕابردوو ژمارەی ملیاردێرەکان بە ڕێژەی 204 کەس زیادیکردووە و گەیشتووەتە دوو هەزار و 769 ملیاردێر. سامانی کۆی گشتییان لە 13 تریلۆن دۆلارەوە بۆ 15 تریلۆن دۆلار بازدانی بەخۆیەوە بینیوە ئەمە تەنها لە  ماوەی 12 مانگدا.  کە دووەم گەورەترین زیادبوونی ساڵانەیە لەو کاتەوەی تۆمارەکان دەستیپێکردووە.

+ سامانی 10 دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان بە تێکڕا نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا گەشەی کردووە و تەنانەت ئەگەر لە شەوێکدا 99%ی سامانەکەیان لەدەست بدەن، ئەوا هێشتا بە ملیاردێر دەمێننەوە. لەوانە دامەزرێنەری ئەمازۆن، جێف بیزۆس، کە سامانەکەی 219.4 ملیار دۆلارە، کە “ئیمپراتۆریەت”ی ئەمازۆنەکەی 70% یان زیاتری کڕینی ئۆنلاین لە ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئیسپانیا پێکدەهێنێت.

هەر وەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەلیکۆ دانگۆتێ کە سامانەکەی 11 ملیار دۆلارە، دەوڵەمەندترین کەسی ئەفریقایە، خاوەنی “نزیک لە قۆرخکاری” چیمەنتۆیە لە نەیجیریا و زاڵە بەسەر بازاڕدا لە سەرانسەری ئەفریقا. ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە زۆربەی سەروەت و سامانەکە وەرگیراوە نەک بەدەست هێنراوە، چونکە 60% یان لە میرات، یان “کرۆنیزم و گەندەڵی” یان دەسەڵاتی قۆرخکارییەوە سەرچاوە دەگرێت. بە گوێرەی ئەوە کە حیسابی  دەکات لە  18٪ی سامانەکە لە دەسەڵاتی قۆرخکارییەوە سەرهەڵدەدات.

ئیتر با خوێنەر خۆی حوکم بدات بزانێت کە سەرمایەداریی لە چ ئاستێکی باڵادایە کە ساڵ بە ساڵ لە تورەقیدایە و هاوکاتیش هەژاری لەبەرزبوونەوە و ژمارەی شەڕ و جەنگەکانیش زیاتر و درێژخایەنترن .  ئایا ئەمە چی بە ئێمە دەڵێت و دەتوانین چ دەرنجامێکی بۆ بکەین ؟ هەروەها چۆن دژایەتی دەوڵەت و سیستەمەکە دەکەیت و چ ڕێگا و چالاکییەك بۆ ئەوە بەکاردەهێنیت؟  ئەمانە پرسارگەلێکن کە دەکرێت هەموومان بیری لێبکەینەوە.

Leave a Reply