لە وڵاتی دیمۆکراتیدا ئەمە حەقیقەتی دیمۆکراتییە
08/05/202
ئەوانەی وادەزانن کە بریتانیا وڵاتێکی دیمۆکراتییە نەك وڵاتێکی پۆلیسی دەی با نەختێك دوای ڕووداوەکان بکەون . دیمۆکراتییەت هەر ئەوە نییە کە هەر 4 یا 5 ساڵ چەوسێنەران و تاڵانکەرانت هەلبژێریت و دەنگیان پێبدەیت . هەر ئەوەندە بیر بکەیتەوە ئەگەر دەنگدان لە خزمەتی ژێردەستە و ستەملێکراواندا بوایە هەرگیز ستەمکار و سەوەران ڕێگایان پێ نەدەدا.
بریتانیا باشترین شاهیدە ، ئەوەتا ڕۆژ بەڕۆژ ئازادییەکانمان تەسك و تەسکتر دەبیتەوە ئەمە جگە لەوەی بە سەدەها بەندی سیاسی لە بەندیخانەکاندان و تا ئەو ڕادەیەی کە خەڵکی لەسەر لەبەرکردنی تی شێرتێك کە لەسەری نوسرابیت ” پاشای من نییە ” یاخود لەسەری نوسرابێت ” Just Stop Oil ” دەستگیر بکرێت، ئایا ئەمە دیمۆکراتییەتە یاخود دەوڵەتی پۆلیسی؟؟
لە سەروبەری تاج لەسەرنانی پاشا چارلس –ی سێیەم لەم دوو سێ ڕۆژەدا، سێ و چوار لایەن ویستیان پرۆتێست بکەن. یەکێکیان ‘ نا بۆ ڕژێمی مەلیکی’ کە ئەم ڕێکخراوە لە ساڵی 1983 وە دروستکراوە لە ئێستادا دروشمەکەشیان تۆزێك کاڵ کردۆتەوە ڕازین و دەڵێن : دەبێت پاشایەتی بە هەڵبژاردن بێت نەك بە بۆماوەیی .
هەرچەندە ڕێکخرانی پرۆتێستەکە چەند جارێك قسەیان لەگەڵ پۆلیس کردووە و بەڵێنی ئەوەیان پێدان کە بە ئاشتی جالاکییەکەیان بەڕێدەکەن و پۆلیسی-یش مۆڵەت پیدان و وتی پێیان ئازادن ، کەچی ڕۆژی شەمە پێش دەستپێکردنی پرۆتێستەکە 5 کەسیان گرتن کە یەکێکیان سەرۆکی ڕێکخراوەکەیە.
گروپی دووهەم ، گروپی Just Stop Oil ، کە ئەمان چالاکی ڕاستەخۆ دەکەن و هەموو ڕۆژێکیش لەسەر شەقامن . ڕۆژی شەمە بە 18 کەسەوە ویستیان پرۆتێست بکەن هەرچەندە دروشم و لافتەکانیان لەژێر بەرگەکانیانەوە بوون لەگەڵ ئەوەشدا پۆلیس هەر لە ڕێگا پێش ئەوەی کە دەستبکەن بە پرۆتێستکەیان دەستگیری کردن و هەموو شتەکانیشیان زەوتکردن لەسەر ئەوەی کە لە سەر تی شێرتەکەیان نوسراوە Just Stop Oil ئەوان هەر هەموویان گیران .
گروپی بەرگری لە ئاژەڵ و گیانلەبەران 20 کەسیان لێگیرا . هەر لەو ڕۆژەدا 52 کەس گیراون بێ ئەوەی کە هیچ جۆرە توندو و تیژییەکیان بەکارهێنابیت.
قسەکەری ئەو گروپە وتی ” هاوکات، دوور لە سێرکی میدیایی، حکومەت بە بێدەنگی واژۆ لەسەر زیاتر لە 100 پڕۆژەی نوێی نەوت و غاز کردووە کە ژیانی سەدان ملیۆن کەسی ئاسایی لەناو دەبات، هاوکات یاسا دەردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ کەسێک ناتوانێت ڕێگرییان لێبکات. پشتگوێخستنی ئامۆژگارییەکانی زانایانی کەشوهەوا و ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی و لیژنەی گۆڕانی کەشوهەوای خۆی، کە هەموویان بە دەنگێکی بەرز و ڕوون وتوویانە: نا بۆ مۆڵەتی نەوت و غازی نوێ ، ئەگەر بمانەوێت خۆمان لە تێکچوونی تەواوەتی کەشوهەوا بەدوور بگرین. ئەم حکومەتە گرنگی بە زانست و دادپەروەری و عەقڵ نادات. لەلایەن بزنسەوە کڕدراوە کە بۆ قازانج لە کۆتا خولەکدا هەموو مرۆڤایەتی دەکاتە قوربانی.“
جەیسن ئاردی، مامۆستای کۆمەڵناسی و پەروەردە لە زانکۆی کامبریج سەبارەت بە دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی ترافالگار وتی: ئێمە دەست دەکەین بە بینینی پێشێلکردنی هەبوونی ئازادی قسەکردن. پێموایە ئەوە ناڕەزایەتییەکی ئاشتیانە بوو و ئەگەر تەواو ڕاستگۆ بم، و بەبێ سەرسوڕمان، پێموایە کاردانەوەی پۆلیس بەرامبەر بەو دۆخە تایبەتە زۆر قورس بوو و تاڕادەیەک ناپێویست بوو.”