پرۆژەیەکی نوێی حکومەتی بریتانیا
05/05/2023
دۆزینەوەی تەکنەلۆجیا نوێیەکان یاخود ” پێشەوەچوونی کۆمەڵ” هەندێك جار زیاتر بە بارە خراپەکەیدا بەکارهێنراوە یاخود ئەو پێشەوە چوونەی کۆمەڵ بەو ئاراستەیەدا نەبووە کە لە ڕاستیدا کۆمەڵ بەرەو پێشەوە بەرێت .
لە نوێترین و پێشکەوتووترین تەکنەلۆجیا نوێشدا ‘زیرەکیی دەستکرد ‘ Artificial Intelligence ، کە وەك چاوەڕواندەکرێت کە لە دوو ساڵی ئایندەدا توانا و زیرەکی مرۆڤ و خولقێنەرەکەی تێدەپەڕێنێت.
بەکارهێنانی ‘ زیرەکیی دەستکرد ‘ شۆڕشێکی گەورەی سەردەمە لە بواری تەکنەلۆجیادا کە تەواوی ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشمان ، ڕەنگە ، بگۆڕێت . بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێستا چەندێك ئەم تەکنەلۆجیایە سوودمەندە بۆ مرۆڤ و کۆمەڵ ئەوەندەش مەترسیدارە گەر بێت و ڕێ و شوێنی بۆ دانەنرێت و کۆنترۆڵ نەکرێت ، کە لەوەش دەکات کۆنترۆڵکردنی ئاسان نەبێت .
ئەوە ئاشکرایە کە بەکارهێنانی ‘ زیرەکیی دەستکرد ‘ نەك بە ملیۆنەها کار لەناو دەبات بەڵکو لە چەند ساڵی داهاتودا ڕەنگە دەساڵ یاخود بیست ساڵی دیکە ئەو کارانەی کە لە ڕێگای ئەوەوە نەکرێت و ناکرێت دەگمەن بن ، ئەمەش یانی بەتاڵەکردنی سوپای گەورەی کرێکاران لەسەر کار . هەر لە ئێستاوە هەندێک لە کۆمپانیاکانی برتتانیا بیر لە دەرکردنی کرێکاران و کارمەندان دەکەنەوە . لەوانە کۆمپانیای تەلەفوناتی بریتانیایە کە ڕایگەیاند لە دوو ساڵی ئایندەدا 50 هەزار کەێکار دەردەکات. ئەم بارودۆخەش یانی کەمکردنەوەی توانای کڕینی تاک و خیزانەکان.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ئەی کەواتە کاڵاکان چۆن ساغدەبنەوە؟
لە وەڵامدا من دەلێم سەرمایەداری تا ئێستا حەلی عەمەلی هەبووە بۆ قەیرانەکانی و هەرگیز ڕێگای نەداوە کە قەیرانەکانی پێوە دیار بێت و هەمیشە داوییتیە کۆڵی ئێمەدا گروپی هەرە ساماندارن و دەستبژێر لێی دەرچوون و سیستەمیش گەنجتر بووتەوە لەو سەردەمەی مارکس-ی تێدا ژیاوە ، بۆیە بەڕای من شتێک نییە کەناوی ئەزمەی سەرمایداریی بێت و چونکە ئەو لە ئەزمەدا نییە و ئەوەی لە ئەزمەدایە ئێمەین .
بۆ حەلی شەپۆلدانەوەی کاڵاکان لە بازاردا دەستەی سامانداران ، دەستەی دەستەبژێر [ Elits ] لە ڕێگای حکومەتەکانیانەوە بەتەمان ئەو گرفتەش حەل بکەن.
بۆ نموونە لە ئێستادا حکومەتی بریتانی پرۆژەیەکی خستۆتە کار کە هەر لە لندەدن-دا بە بەشداری 30 کەس بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەم پرۆژەیە بەردەوام دەبێت . بەشداربووانی پرۆژەکە مانگانە 1600 پاوەندیان پێدەدرێت [ دیارە بێ کارن ] و پێویست نییە هیچ جۆرە مەرجێکیان بەسەردا بسەپێنرێت جگە لە مۆنیتەریکردنیان ئەمەش تەنها لە ڕوی دەرونییەوە کە کاتێك کار ناکەن لەسەر ئەو بڕە پارەیە دەژین دەبێت باری دەرونییان چۆن بیت و بەرەو کوێ دەڕوات؟.
بەڵام ئەوەی لە ئێستادا دیار نییە و یا باسی لێناکرێت ئایا ئەو بڕە پارەیە زیاد دەکرێت بە گوێرەی ژمارەی ئەندامانی خێزانەکان؟ ئایا ئەم بڕە پاەرەیە کرێی خانوو و پارەی کارەبا و غاز و ئاوی لە سەرە یا زێدە پارەیەکیش بۆ ئەوانە تەرخان دەکرێت ؟
ئەمانە و زۆری تر پرسیارن و بێ گومان حساباتی بۆ دەکرێت ، بەڵام ئەوەی لای ئەمان لە ئێستادا گرنگە باری دەرونی کەسەکانە پاش دوو ساڵ لەبەر ئەوەی کە کار ناکەن تاکو بزانرێت ئەمە کێشەیەك بۆ ‘مشەخۆرەکانی’ ئایندە دروست دەکات یا نا؟
لێرەدا ئێمە لە نێوانی دوو دروشمداین کە دەکرێت یەکێیان هەڵبژێرین و کە دەروی رزگارکردنمانە، سەرنگونکردنی سیستەمەکەیە و هێنادی سیستەم و کۆمەڵی سۆشیالیستییە . دروشمەکان :
ئەی ڕۆبۆتەکانی جیهان ، ئەی ‘ زیرەکی دەستکرد ‘ یەکبگرن و مانبگرن تاکو ئێمە ڕزگار بکەن؟ یاخود ئەی تەواوی جەماوەر ، ” مشەخۆرەکان ” ئەی خەڵکینە یەکبگرن بۆ ئازادیی و ڕزگارکردنی خۆتان لە دەست ئەم سیستەمە نامرۆڤایەتییە کە بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بە تەواوی لەناوبردووە؟