ئایا دۆناڵد ترامپ ڕاڕایە و زوو زوو ڕای خۆی دەگوڕێت؟
16/02/2026
ئەوەی کە باوە نەك هەر بە تەنها لەناو کورددا بەڵکو لەناو بریتانییەکانیشدا ، ئەوانەی کە من دەیانبینم ، گوایە ترامپ ڕاڕایە و ئەوەی ئێستا دەیڵێت بەیانی لێی پەشیمان دەبێتەوە و شتێکی دیکە دەڵێت . ئەوەی کە دوای قسە و راگەیاندنەکانی ترامپ بکەوێت ئەم ڕاستییەی بە چەندین بەڵگەوە و لە سەر زۆر ڕووداوی جییا جیا دەستدەکەوێت .
بەڵام بۆچی ترامپ زوو زوو ڕاو بۆچونەکانی دەگۆڕێت؟
ئەوەندەی من بزانم هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا نە لە دیمۆکراتییەکان و نە کۆمارییەکان ئەوەندەی ترامپ سەرقاڵی رووداوەکان نەبوون ، هەروەها ئەوەندەش ڕووداوی گەورە لەیەك کاتدا ڕووبەرووی هیچ سەرۆکێکیان نەبوەتەوە.
ترامپ سەرقاڵی ڕووداوگەلێکی زۆری جیاواز و لە شوێنی جیاوازدایە، ئێران ، ڤێنزویلاو کوبا ، جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیا ، خودی ئەوروپا، پرسی گرین لاند و ئیسرائیل و غەزە، سوریا و میلیشیاکانی عێراق و هەروەها دەستوەردانی تورکیا لە هەر شوێنێک کە دەیەوێت، ئەمە جگە لە چین و هیندستانیش. ئەمانە و جگە لە کێشە ناوخۆییەکانی وەکو ئابووری و سیاسی و شاری Minneapolis و رووبەڕووبونەوەی دیمۆکراتەکان…. هاوکاتیش وەختێکی زۆریان بۆ سەرف دەکات. ئەم کابرایە زۆر چالاکانە دوای هەموو ئەمانە دەکەوێت و زۆر چالاکانە وەختیان دەداتێ ، کە لە ڕاستیدا گەر بە وردی دوی بکەویت دەڵێیت ئایا ئەم کابرایە چەند سەعات وەختی بۆ خۆی و خێزانی و سۆشیال لایڤ هەیە؟
کەسێك کە ئاوا جالاکانە دوای هەموو ڕووداوەکان بکەوێت دەبێت زوو زوو ڕای بگۆڕێت، چونکە رووداوەکان بە پەلە دێن و دەڕۆن ، یا کاڵتر و تۆختر دەبنەوە. لە کاتێکدا ئەو دەبینێت ئەمڕۆ ئێران بۆچونێك تەرح دەکات و بەیانی یەکێکی دیکە ، ئەمڕٶ پوتین بڕیارێك دەدات و بەیانی ڕای دەگۆڕێت ، بێ گومان بۆ چوونەکانی ئەمیش یا بڕیارەکانی دەبێت ڕەنگدانەوەی بۆچونەکانی ئەوان بیت و کاردانەوەی جیاواز بێت . ترامپ لەسەر قسە و پلانی نەیارەکانی قسە و پلانەکانی خۆی دەگۆڕێت . دوێنێ و پێرێ ترامپ وتی ” ڕەنگە گۆڕینی ڕژێم لە ئێراندا باش بێت ” بەڵام گەر لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان ئێران و ئەمەریکادا ئێران ڕازی بێت بەمەرجەکانی ئەمەریکا بێ گومان بڕیاڕەکەی ترامپ دەبێت بگۆڕێت.
ئەمڕۆ گومرگی زۆر دەخاتە سەر هاوردەی وڵاتانی دیکە و قسەی لەسەر دەکات ، بەڵام پاش هەفتەیەك دەزانێت کە کارەکە ئاوا ناڕوات لەبەر ئەوە دێت گومرگەکە دادەبەزێنت، ئەمە مانای ئەوە نییە کە ڕای گۆراوە و لە خۆڕا ڕای گۆڕیوە، بەڵکو ئەم مامەڵەی واقیع دەکات و بەو پێیە ڕاکان و سیاسەتەکانی دەگۆڕێت .
یاخود کە ماوەیەکە دەڵێت نابێت مالیکی ببێتە سەرەك وەزیرانی ئێران لەبەر ئەو هۆکارانەی کەهەموومان دەیزانین ، بەڵام ئەمڕۆ مالیکی ئامادە دەبێت مەرجەکانی ترامپ و ئەمریکا کە دوورکەوتنەوەیە لە ئێران و هاوکاری نەکردنێتی و چەککردنی گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانە ، بێ گومان ترامپ ڕای دەگۆڕێت و بریارێکی دیکە دەدات . نمونە زۆرە لەو بارەوە هەمومان دەتونین بە دەیەها نمونەی دیکە بهێنینەوە .
کەواتە ترامپ ڕا و سیاسەتەکانی ناگۆڕێت ، ئەوە سیاسەت و ڕا و هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەیە کە دەگۆڕێن یا گۆڕینی ئاراستەی ڕووداوەکانە ، ئەمیش ناچارە ڕای دوێنێ یاخود پلان و بریار و سیاسەتی دوێنێی بگۆڕێت . بناخەی گۆڕینی ڕا و بۆچوونەکانی ، گۆڕانکاری سیاسی و ئابووریی ئەوانەی بەرانبەرێتی .