ئەرێ بەڕاست کورد دۆستی نییە ، گەلان و کەس دۆستی نییە؟؟
03/02/2026
لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئەم ڕۆژانەی پێشوی کورد لە باشوور و لە هەندەران ، ئیدی بە ئاگاوە بووبێت ، یا بێ ئاگایی, کاری لەسەر قسە و چەمکی بێ سەر و بەرەی زۆر نادروست کرد . هەندێك لە گەورە و منداڵانیش بە جلی کوردی و پێچانی ئاڵای کوردستان بە خۆیانەوە چەند کۆپلەیەکی هەڵبەستی موهەڕیجانەی شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵا پەشێویان لەگەڵ هەندێك شانامەی پڕ و پووچدا دەوتەوە، کە کورد دۆستی نییە تەنها شاخەکان نەبێت، وادەزانن سەردەم ، سەردەمی چەکی تاپڕ و ساچمەزەن و یانزەتیر و حەسکە و ئەمانەیە .
باشە ئەگەر کورد دۆستی نییە چی ڕێگای لێگرتون کە بڕوا و متمانە بکەنە سەریان و وەلا بۆ ئەو دوژمنانە بەرن ؟ یاخود مەسەلەکە ئەوەیە کە لە هەموو شکستێکدا کە لایەنەکان خۆیان دەبێت بەرپرسیاری بەشی هەرە زۆری هۆکارەکەی هەڵگرن ،بەڵام هەمیشە دەیخەنە سەر شانی خەڵکان و حکومەتەکانی دیکە.
جارێ پێش هەموو شتێك نە هیچ نەتەوەیەك وەکو نەتەوە و هەمووان دۆستی نەتەوەکانی دیکەیە و نە دوژمنیشیانە . ڕاستییەکەی ئەوەیە لە هەموو نەتەوەیەکدا چینێك ، توێژاڵێك هەیە کە ئەوانی دیکەی خۆش دەوێ و هەر ئاواش چین و تۆێژاڵێکیش هەیە کە ڕقی لەوانی دیکەیە .
ئەوەندەی ڕۆژئاوا دۆستی هەبووە باوەڕ ناکەم هیچ بزوتنەوەیەکی دیکە ئەوەندە دۆستی هەبووبێت . بە هەزاران کەس لە نەتەوەکانی دیکە لە عەرەب و تورک و فارس و ئینگلیز و ئەڵمانی و ئیسپانی و ئەمەریکی … لە ناو ڕیزەکانی یەپەگە و یەپەژەدا بوون و ئێستاش هەندێکیان هەر لەوێ ماونەتەوە. لە شەڕی کۆبانیدا هەر بە تەنها لە گروپێكی ئەنارکستی تورکیادا بە ناوی ‘داف’ سێ قوربانییان دا ، ئەوە هەر نموونەیەکە نامەوێ باسی ئەوانی دیکە بکەم. یەکێتی تێکۆشین کە مەفرەزەیەکن و خۆیان بە ئەنارکست دەزانن و تێکەڵەیەکن لە دانیشتوانی چەند وڵاتێك تا ئێستاش هەر لەوێن و لە چەندەها شەڕدا بەشدارییان کردووە . بێ گومان هەندێکیش لە چەپ و کۆمۆنیست و سۆشیالیتەکانیش .
ئەی ئەو هەموو چەپ و سۆشیالیست و کۆمۆنیست و نقابییانە کە لە گەڵ کوردەکاندا لەو وڵاتانەی کە خۆپیشاندان کراوە دژ بە تورکیا و هاوپشتی ڕۆژئاوا ، بۆچی باسیان ناکرێت ؟ ئەی ئەوانە دۆستی کورد نین ؟ خۆ بەکرێ نەگیراوان وەکو هەندێك لە حیزبە کوردییەکان دژ بە میللەتەکەی خۆیان؟ . خۆ ئەگەر تەماشای پێشتریش بکەین دەتوانین پرسیاری ئەوە بکەین ئەی ئەوانە کێ بوون کە لە کۆڕەوەکەدا هەر لە بریتانیادا بە ملیۆێنەها پاوەندیان بۆ کوردا کۆ کردەوە ؟ ئەی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی یاخود وێنەگرانەی کە ژیانی خۆیان دەخستە مەترسییەوە لە کارەساتەکانی هەڵەبجە و کۆڕەوەکە و ئەوانی دیکەدا، کارەساتەکانیان ڕووماڵ دەکرد و بە دەرەوەی کوردستانیان دەناساند؟ ئەوانە کورد بوون؟
بە دەیەها ڤیدۆ هەیە لە لایەن کەسانی عەرەب و تورک و ئەوروپی و ئەمەریکییەوە کە پشتگیری ڕۆژئاوا دەکات ، تەنانەت هی هەندێك لە سەرەك عەشایەرەکانی عەرەبیش . سەدان لە عەرەب لە بزوتنەوەی ڕۆژئاوادا خۆیان کردە قوربانی ، ئەی ئەوانە دۆستایەتی نییە ؟ تۆ دەتەوێت کێی تر دۆستایەتیت بکا و داوا لە میللەتەکەی بکات بێنە سەر شەقام بۆ پشتگیریمان؟ ئەردۆگان ، دەسەڵاتدارانی هەرێم، شێخە میرنشینەکان ، دەسەڵاتدارانی ئەوروپی و ئەمەریکی و وڵاتانی دیکە ؟
بێ گومان هەسەدە و سیساسییەکانیان هەڵەی گەورەیان لە زۆر بواردا کرد: پاڵدان بە ئەمریکاوە، کردنی هێزی یەپەگە و یەپەژە لەسەر داوای ئەمریکا بە هەسەدە، نەبوونی هیچ پەیمانێك لەگەڵ ئەمریکیەکاندا، چوونیان بۆ ناوچە عەرەبەکان و ڕێکخستنی عەشایەرەکان دژ بە داعش ، کە دەبوایە ئەرکی شەڕی داعشیان بە خۆیان بسپاردایە و ئەمان هاوکارییان بکردنایە ، گەر پێویستی بکردایە . بەڵام ئەمان ئەمەیان نەکرد .
دڵنیات دەکەمەوە هەمو کار و چالاکییەك لە سەدا سەد سەرکەوتوو دەبێت ئەگەر هەڵە نەکرێت. هەڵە بناخەی تێشکاندن و شکستە. گرنگ نییە تۆ چەندێك بە مافی خۆتەوە دەست دەگریت ، چەندێك ڕێکخراویت ، چەندێك ئازا و شەڕکەری ، کردنی هەڵە هەرەس بە هەموو ئەوانە دەهێنێت . کابرایەکی عەرەب، لام وایە سەرۆك عەشرەتێك بوو، لە ڤیدۆیەکدا دەڵێت عەشایەرە عەرەبەکان لە سوریا لە سەردەمی ئەسەددا سەر بە ئەسەد بوون ، کە داعش و هێزی سوپای سوریا کەسەر بە تورکیا بوون چونە پاڵ ئەوان، کە هەسەدە هات پاڵیان دا بە هەسەدەوە ، ئێستاش کە جۆلانی هاتووە پاڵیان داوە بەوەوە .
ئەوە جەوهەری مەسەلەکەیە نەك عەرەبەکان لە سوریاد خیانەتیان لە کوورد کردبێت .