با تەنها دوو خولەك بیربکەینەوە کە زۆر زۆر زەروورە
03/12/2025
لە پرسی هەڵبژاردنی پەڕلەمانتاراندا، با واز لە بۆیکۆت و هەموو کەمپەینێکی دژ بە هەڵبژاردن یاخود بۆ هەڵبژاردن بهێنین، قیریسیا چی دەبێت با بێت . لە ڕاستیدا خەڵکی کوردستان گەورەترین و دەوڵەمەندترین ئەزموونگیرییان هەیە لە بوون یا نەبوونی پەڕلەماندا. تۆ بزانە وا بۆ 14 مانگ دەچێت هەڵبژاردن کراوە تاکو ئێستا نە پەڕلەمان پێكهاتووە و نە حکومەتیش دروستبووە ، بەڵام تەماشاش بکە هەموو ئیش و کارێك دەڕوات.
پرسیارێک کە پێویستە لە خۆمانی بکەین چ جیاوازییەك لە نیوانی فەترەی بوونی پەڕلەمان و لە نەبوونیدا لە ماوەی ئەم 14 مانگەدا کە پەڕلەمان نەبووە هەیە؟ هیچ گۆڕانکارییەك بووە؟ گەر بۆ ئەمە ڕاپرسییەك بکەیت من دڵنیام کە زۆربەی دەنگەدەران دەڵێن هیچ، بوونی پەڕلەمان و نەبوونی پەڕلەمان هەر وەکو یەكە.
ئەی کە ئێمە بتوانین بە بێ ئەم گەندەڵانە، بە بێ ئەم سپڵی لاورگانە، بە بێ ئەم خۆبەرژەوەندخوازانە بژین گۆرانکارییەکی باش لە ژیانماندا نەبیت ، ئیتر چ پێویست بە ماندووبون و سەرفکردنی سەدان هەزار دۆلار ئەگەر ملیۆنان نەبێت لەم پرسە بیرۆکراتی و زەرەرمەندەدا سەرف بکەین ؟ چ زەروورە کەڵەگا بەسەر خۆمانەوە دروستبکەین؟ ساڵانە ملیارێك دۆلار رەنگە زیاتریش لەسەرمان بکەون ؟ باشە بۆچی خۆ ئەمانە ناتوانن هیچ شتێك بکەن جگە لە خۆلەوەراندن نەبێت ؟
کەواتە، هاووڵاتیان بە بێ ئەمان نەك هەر دەتوانن بژین و قازانجیش بکەن بەڵکو لە زەرەری گەورە و شاتە شاتی سیاسەتبازی گەندەڵ و درۆزن ساختەکاریش دووردەکەوینەوە.
ئەوانەی کە ئێمە ناتوانین بێ ئەوان بژین: مامۆستان بە هەموو جۆرەکانیانەوە، دادەکانی حەزانە و باخچەی منداڵانن ، خوڵڕێژ و کۆکەرەوەی زبلەکانن ، نێرس و دکتۆر و کارمەندەکانی دیکەی خەستەخانەکانە، کارمەندەکانی شارەوانی و کارەبا و ئاو و غاز و کارمەندەکانی ڕێگەو بان و ئەو کرێکارانەی کە کاڵا و پۆشاكمان بۆ دروست دەکەن و ئەو کرێکار و جوتیارانەن کە بژێوی ژیانمان بۆ زامن دەکەن .
ئەمانەن کە ئێمە ناتوانین دەستبەرداریان بین.