Categories
Kurdish

با پشتی کۆمپیوتەرەکان چۆڵکەین

با پشتی کۆمپیوتەرەکان چۆڵکەین

04/02/2025

زۆرێکمان هەر لە پشتی کۆمپیوتەرەکانەوە دانیشتوین ئامۆژگاری دەکەین و مەوعیزە دەدەین، ڕستە و بڕگە و چەمکی کتێبە دێرینەکانی بیرمەندەکان ڕیز دەکەین ، بێ ئەوەی سەرێك بەرزبەکینەوە و ڕویەك لە واقیع بکەین .

بەهەڵە لێم تێمەگە من دژی خوێندنەوە نیم ، خۆوێندنەوە بە زەروور دەزانم بەڵام نەك هەموو خوێندنەوەیەك ، بەڵکو خوێندنەەوەیەك کە لە دونیای ئێستا نەك ڕابوردوو ئاگەدارترم بکات ، خوێندنەوەیەك کە شرۆڤەی ئێستای سەرمایەداریم بۆ بکات نەك هی کۆن، تاکو لێرەوە سەرە داوێکی نوێم بۆ دەرکەوێت ، تاکو لێرەوە هێزێکی نوێ ، وزەی لە بن نەهاتوی جەماوەر ، نەك چینێکی تایبەتیم ، بۆ ڕوون بێت .

گەلێك لە مارکسییەکان و ئەنارکستەکان لە پشتی کۆمپیوتەرەکانیانەوە دانیشتوون یا خوێندنەوەی کتێبەکانیان لە شوێنێکی دیاریکراودا گیری کردوون.  هەر دوولایان ئەوندە دڵسۆزی فکرەکەیانن کە لەگەڵ ستایاڵی ژیانیاندا دێتەوە .  کتێب و کۆمپیوتەرەکانیان ئەوەندە زانیارییان دەداتێ کە لە واقیعیان دادەبڕێت لە دووتوێی کتێبەکانیانەوە یا خود لە شاشەی کۆمپیوتەرەکانیانەوە شیکاری واقیع دەکەن ، کە خودی واقیع نەک لە کتێب و کۆمپیوتەرەکانیان نزیکترە لێیانەوە بەڵکو تێشییدا دەژین .

با چاوەروانیه ئەوە نەکەین کە ئەم سیستەم لە خۆیەوە دەڕوخێ، گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێ ، لە قەیرانی گەورەدایە و قەیرانێك لە بنی دێنێ. نەخیر ئەم سیستەمە وا بەو ئاسانییە ناروات ، لە ڕاستیدا ئەوەندەی پێشبینی ڕۆیشتنی دەکرێت ، ئەوەندەش ئەگەر زیاتر نەبیت پێشبینی مانەوە و بەردەوامبوونی لێدەکرێت.

ئەم سیستەمە بە بزوتنەوەی بە تەنها کرێکاران لە بن نایەت ، بەدانیشتنی پشتی کۆمپیوتەر و ئامۆژگاری و مەوعیزە دان کۆتایی نایەت ،  هەڵوەشاندەنوەی ئەم سیستەمە ئەرکی گەورە و بچووك لە هەمو بوارەکانی ژیانماندا بەسەرمان دەسەپێنیی ، کەلێنەکان و ناتەوواییەکانی ئەم سیستەمە ئەوەندە زۆرن ، ئەوەندە نامۆن بە مرۆڤ و سروشتی مرۆڤ کە هەر موو کەس ، هەموو گروپ و کۆمەڵێکی کۆمەڵایەتی دەتوانیت لەو بوارەی خۆیدا خەبات بکات ، تێبکۆشێت .

ناکرێت جاوەروانی هاتنی شۆڕش بکەین و هەمووی ببەستین بەوەوە بڵێین کە شۆڕش هات ئەوانە هەمووی جێ بەجێدەکات ، نا هەرگیز شۆڕشی ئاوا ناتوانێت هەتا سەر ئەو کارە بکات .  شۆرش تەقینەوەی بورکانێک نییە ، ساعەی سفری روودانی بومەلەرزەیەکی گشتگیریی نییە ، ئێمە هەموو ڕۆژێك لە شؤڕشداین ، هەموو هەنگاوێک کە دەینێن و دەستەکەوتێك بە دەست دەهێنین هەنگاوێک دەمانباتە پێشەوە.  هەنگاوی شۆڕشگێرانەش پێناسەیەکی دیاریکراوی نییە ئەوەی کە ژنان لە ئێراندا لە ساڵی 2022 دا کردیان هەنگاوی گەورەی شۆڕشگێڕانە بوو، بەڵام لە ئەوروپادا هەر کەس حسابیشی بۆ ناکات ، یاخیبوون لە دەسەڵاتی خراپی خیزانی و کۆمەڵگا لە وڵاتانی خۆماندا هەنگاوی شۆڕشگێڕانەیە ، ژیان لە دەرەوەی خێزان لەگەل برادەرێكدا ئیدی تۆ کچ بیت یا کوڕ ، پیاو بیت یا ژن هەنگاوێکی شۆڕشگێڕ انەیە ، بەڵام لە ئەوروپا و وڵاتانی گەورەی پیشەسازی ئەوە خوو نەریتە .

Leave a Reply