تێگەیشتن لە چەپ و هەڵوێستەکانیان ئاڵۆز و دژوارە
23/06/2025
ڕەنگە زۆر هۆکار هەبێت بۆ ئەوەی سەرەوە، لەوانە بنەمای چەپ کە بنەمایەکی ئایدۆلۆجیانیەیە ، کۆیلەیەتییان بۆ حیزب و بۆ ڕابەر و سەرکردە، پێداگرتنە لەسەر بڕگەکانی کتێب و فەرامۆشکردنی واقیع، تەریكبوونیانە لە جەماوەر و خواستی جەماوەر، هەروەها بەستەڵەکی فکرییە و ڕنگە زۆری تر بن .
لە زۆر کات و لە زۆر ڕووداودا ئەو دژواری و ئاڵۆزێی سیاسەتی چەپمان بینیوە ، ئێستاش لە هێڕشی ئیسرائیل و ئەمەریکادا بۆ سەر ئێران زۆر ئاشکرایە کە تا ڕادەیەك دەیبینینەوە کە لە هەندێ پێگەدا چەپ و ڕاست ، پێشکەوتوو و دواکەوتوو و ڕوانینی مادیانە و میسالیانە یەکدەکەون و هاوئامانجن.
لێرەد دەکرێت ئاماژە بە تەنها دوو نموونە بکەم:
یەك: چەپەکان دەیەها ساڵە دژ بە ڕژێمی ئێرانن و داوای ڕوخاندنی دەکەن کەچی ئێستا لەگەڵ لایەنگرانی مانەوەی دەوڵەتی ئاخوندەکاندان بەو بیانوەی کە گوایە : یەك: ئەمە زەربە بە بارودۆخی شۆڕشگێڕانە دەدات، وەکو ئەوەی کە کرێکارانی ئێران لە ئێستادا ئەوە چەند هەفتەیەک بێت لە مانگرتنی سەرانسەریدان ، یاخود خۆپیشاندانی جەماوەری هەموو کونجو کەلبەرێکی ئێرانی بۆ ماوەی چەند هەفتەیەكە گرتۆتەوە و بەردەوامە و دەوڵەتیان شپرزە کردووە. دوو: هەر گۆرانکارییەك بێت لای ئەوان، باشتر نابێت چونکە لەسەر دەستی ئەمریکا و ئیسرائیلدا دەبیت و گۆڕانکارییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەبێت. سێ: فەوزا و پشێوی و بەرەڵایی دروست دەبێت چونکە ئامادەکاری تەواوی بۆ نەکراوە [ واتە حیزبی پێشڕەو نیە تاکو جڵەوی ڕاپەڕین و شؤڕش بگرێتە دەست] .
لێرەدا دەردەکەوێت ئەمان تەنها لایەنە نەرێنییەکان دەبینین ئەوە نابینن کە ڕەنگە گوژمێکی بەهێز بدات بە بزوتنەوەی خەڵکی نەك هەر لە ئێڕاندا بەڵکو لە سەرانسەری جیهاندا، جۆرێك لە ئازادی بەتایبەت بۆ ژنان لە بوارەی ژیانی تایبەتیاندا دەهێنێت ، ئەوان ئەوە نابینن کە خودی ئەو داخوازی و دروشمانەی ئەوان ڕێک لە بەرژەوەندی ئیسلامی دەسەڵاتخواز و تیرۆریستە، واتە پێچەوانەی ئەوانەیە کە هەتا دوێنێ دەیانبووت.
دوو: ئەمان ساڵانێکی ئێکجار دوور و درێژە هێڕش دەکەنە سەر بزوتنەوەی کوردی و کوردایەتی بە دژایەتیکردنی فکری کۆمۆنیستی و دابەشکردنی خەڵك و وەهمی دەزانن ، کەچی ئێستا نەك هەر لەگەڵ حیزبە ئیسلامییەکاندا لەمەدا یەكدەکەون بەڵکو لە گەڵ حیزبە نەتەوەییەکانیشدا هەر یەكدەکەون ، کە هیچ وەخت زۆرێك لەو چەپانە دانی خێریان بەو حیزبە نەتەوەییانەدا نەناوە ، کە لە ئێستادا هەندێکیان لەگەڵ مانەوەی حکومەتی ئاخوندەکاندا.
من خۆم دژ بە شەڕم بە هیچ شێوەیەك شەڕخواز نیم ، بەڵام لە کاتێکدا شەرەکە بەردەوامە و منیش هیچ دەسەڵاتێکم نییە ، دەخوازم خەڵکانی ئێران و ناوچەکە خراپترینەکەیان بە نسیب نەبێت ، کە مانەوەی دەوڵەتی ئاخوندەکانە و بەردەوامیدانە بە سێدارە و کوشتن بڕین و حوکمکردنیان لە عێراق و هاوکاری و یارمەتی گروپە تیرۆریستیەکانە . ئەمەش نکوڵی کردنم نییە لەوەی کە ئیسرائیل حکومەتێکی دڕەندە و تیرۆریست و ڕایسستە و ئەوەی کە لە غەزە و بەرانبەر فەلەستینییەکان دەیکات تەنها خوا و دۆستە تیرۆریستەکانی خودی ئیسرائیل قەبوڵیانە.