حکومەتی بریتانیا تەنانەت بەو خۆپیشاندانانەش ڕازی نییە کە دەچێتە خزمەتی خۆی و سیستەمەکەوە
08/10/2024
لە پۆستەکانی پێشوومدا بە درێژی ئەوەم باس کردوە کە ئازادییەکان لە بریتانیادا لە تەسكبوونەوە و کەمبوونەوەدایە . بەتێپەڕینی وەخت ئەو ئازادیانەشی کە هەمان بوو وردە وردە یا نامێنن یا بە گوێرەی پێویست کۆنترۆڵ دەکرێن.
لە ئێستادا پۆلیس ، دیارە بە ئاگەداری و فرمانی حکومەت، بیر لە تاکتیکی تر دەکەنەوە بۆ گووشار خستنە سەر خۆپیشاندان و خۆپیشاندەران . پۆلیس دەڵێت ساڵی پار ، مەبەست لە 7ی ئۆکتۆبەرەوەیە تاکو ئێستا خۆپیشاندانێکی زۆر زۆر و گەورە کراون، ئەوەش کاراییەکی زۆری کردۆتە سەر بوجەی پۆلیس گوایە لانی کەم 42 ملیۆن پاوەندیان لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندەران سەرف کردووە.
بەڕای ئەوان خۆپیشاندانەکان لە برەو و فراوانبووندایە بۆیە پۆلیس بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سەروەر بێت دەبێت پارەی زیاتری بۆ سەرف بکرێت . بۆ ئەمەش قسە لەسەر دوو پێشنیار دەکەن کە بە تەمان بکرێتە یاسا . یەکەمیان پارە سەندن لە لەو ڕێکخراو و گروپانەی کە خۆپیشاندانەکان ڕێکدەخەن ، واتە دانانی باج لەسەر ئازادیی . دووەم : سنوردانان بۆ ژمارەی خۆپیشاندەران . ئەمەش یانی پۆلیس دەتوانێت بڵێت ئەو خۆپیشاندانە نابێت لە ئەوەندە کەس زیاتر بێت ، گەر لەوە زیاتر بێت ئەوە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان بەرپرسن دەکرێن سزا دەدرێن .
ئەم پێشنیارانەی کە پۆلیس دەیکات یانی دانانی باج و گەورەترین بەربەست لەبەردەم خۆپیشاندان و ناڕەزییەکاندا . ئەمە ئێستا لێدوانی لەسەر دەکرێت دوور نییە لە سەرەتای ساڵی نوێدا بە هاودەنگی پەڕلەمانتارەکان بکرێتە یاسا.