حیوارێك لەگەڵ خودای موسڵماناندا
03/06/2025
ئەی خوداکەی موسڵمانان تۆ لە کوێیت ، لە ئاسمانیت یا لە سەر زەویت ؟ لە ژێر دەریایت یا لە وشکانیت؟ لە ناو ئەشکەوتیت یا لە بن تاشەبەرد و تاوێریت؟ ماتوو مەلوول وەک ‘کەڕەی شەربەت’ خۆت لێکردوین بە نوستوو…
تۆ لە کوێییت، ئەگەر هەبیت؟ لە کوێدا ئۆقرەت گرتووە و خۆت لێ مت کردووە … سەری خۆتت کز کردووە … چاوی خۆتت لێ نوقاندووە .. نە مێشێک میوانتە .. نە کەسێك شوانتە…نە شوێنێک نیشتمانتە … ئاخر چۆن دەبێت وابیت؟ تۆیە کە ئاگات لە خشەی مار و مێرووە ، تۆیەك کە دروستکەری مەخلوق و هەموو کائیناتیت … تۆیەك دەڵێن هەموو دونیا بە دەستتەوە زەلزەلەتی …. کەچی خۆتیش بە دەست شەیتانەوە زەلالەتە و داماویت …تۆیەك کە ئەو هەموو دەسەڵاتەت هەیە بۆچی چاوەروانی ئەوە دەکەیت کە خەڵك تاعەتت بکا و سوجدەت بۆ بەرێ و نوێژ و ڕۆژوت بۆ بکا… بۆچی دەتەوێت خەڵک دەسەوەستانت بێت، چاولەبەری پاداشت و سزای تۆ بێت ، چاوەروانی ڕەوابوونی دۆعاکانی بێت …
تاکەی بێ دەنگیت؟ تاکەی کەڕ و لاڵیت ؟ زوڵم و زۆری تۆ تاکەی؟؟ … غەدرو تاوانی تۆ تا کەی؟ …بێ بەزەیی و بە تەنگەوەنەهاتنی تۆ هەر تەواو نەبوو .. خەو و نوستنی هەمیشەیت هەر نەبرایەوە … صەبر و تەحەمولی تۆ هەر بێ کردار بووو بێ پەرچە کردار بوو…؟
نزیکەی ملیار و نیوێک چاوەڕوانتە … لە ڕیزی پارانەوە و ستایشکردنت ڕاوەستاون و دەست بە سنگ و ملکەچ… تازێبار و غەمبار و بێ دەرەتانن… لەبەر خاتری تۆ… لە پێناوی تۆ قەسابەکانی جەنگ هەموو خولەکێك بە جەڵەب ئۆمەتەکەی موحەمەدی پەیامهێنەرت لە قەسابخانەکاندا دەکەنە قوربانیی و قوربانیش هەر بەردەوامە …. ئەمانە بە حساب لەو دونیا دێنەوە بەردەم و دەستی جەنابت وحیسابی دونیای قیامەتیان بۆ بکەیت … تاکو تۆ حوکمی کار و کردەوەی خراپ و باشی ئەم دوونیایەیان لەسەر حساب بکەیت … کە رەنگە عەقڵت بیبڕێت لە هەندێکیان خۆش بیت و بەهەشتیان بە نسیسب بکەیت … هەندێکیشیان کە لە ژیاندا بوون غایلەیەکی خراپ بە دڵیاندا هاتووە وتویانە خراپەی وامان نەکردووە…. کە بیریشی لێدەکەنەوە دەڵێن خۆ ناکرێت ئێمە لە خودی خوا تاوانبارتر و غەدارتر بین ئیتر بۆچی دەبێت بەهەشت جێگەمان نەبێت .. بۆچی دەبێت حۆرییەکان لە باوەشماندا نەبێت … بۆچی ڕوبارە هەنگوینییەکان و شەرابە تەهورەکان لە تەنیشتماندا نەبێت … لە کاتێکدا کە ئیمە هەموومان لە تۆ ئەی خودا بێ تاوانترین .. بێ ئاشووب و ویژدان زیندووترین … کاتێک کە تۆ لە ویژدان بێ بەریت ، کاتێك کە تۆ لە بەزەیی و کەرامەت بێ بەشیت … کاتێك کە تۆ لە هەموو کردەوەیەکی باش بەدەریت … ئیتر من نازانم بۆچی دەبێت تۆ بپەرسترێیت ؟ ئەگەر هەبیت … دەبێت شاربەدەر بکرێیت… دەبێت ڕەوانەی ئاوی ئامۆن و توونی بابا بکرێت … دەبێت ئاوا و ئاواو ئاوات پێبکرێت … دەبێت سیکتر بکرێیت…..
ئەی خودای موسڵمانان …. قەسابخانەکەی نێو غەزە و فەلەستینییەکان دەبینیت …. ئاهوو نزولەی ئەو هەموو ژن و منداڵ و پیرمێرد و پیرەژن و پەککەوتەیە دەبینیت …… هیچ دەنگ و سکاڵاو پاڕانەوەیان دەبیستیت؟ ….. تەنانەت هەر نابنە توێشەبەرەی شەڕ و جەنگخوازن … داگیرکەران و فاشییەکان … بەڵکو لە ڕیزی وەستانی پێداویستییە زەرورییەکانی بەردەوامبوونی ژیانیشیاندا تۆ هەر بە دەمیانەوە ناچیت … بینیت کە ڕۆژی یەكشەمە 179 کەسیان لەو ڕیزەدا بریندار کردن و 31 کەسی دیکەشیان لێکوشتن ؟ ئەمڕۆ سێ شەمە بینیت 24 کەسی دیکەیان هەر لە هەمان ڕیزدا بۆ هەمان مەبەست لێکوشتن و دەڵێن لەو ژمارەیەش زیاتر لێیان بریندار کردوون ….
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا نەك هەر ئەوانەیان کە هێشتا ژیان دەکەن بەڵکو سەراپای ئۆمەتەکەی موحەمەدی پەیامهێنەرت لە هەموو شوێنێکدا هەر ڕازین بە بەشت، کەوتوونەتە گومانیشەوە کە دیارە تەنانەت منداڵە ساواکانیشیان هەر تاوانبارن بۆیە تۆ لە ئاستیاندا … بێ هەڵوێستی …بێ دەربەستی … بێ بەزەیی و کەڕ و لاڵ و بێ کردە و بێ پەرچە کرداریت … کەچی لە لایەکی دیکەوە ئەوە کافرەکانن … ئەوانن کە ئایەتەکانی نێو قورئانەکەی تۆ نکوڵییان لێدەکات داوای کوشتن و مەحفبوونەوەیان دەکات … بەڵێ ئەوانن کە فریایان دەکەون ئەی باشە عەدالەتەکەی تۆ لە کوێیە .. بەزەیی و شەفاقەتەکەت … هاوکاری و لێپرسینەوەکەت لە کوێییە ..
دەتوانم بڵێم بێ دەنگییەکەی تۆش وەکو بێ دەنگییەکەی سەرۆکەکانی جیهانی عەرەبی و هەموو جیهان و کۆمۆنێتی نێو دەوڵەتییە . دەزانیت کچە گەنجەکەی سوید ‘ گریتا سەندبێرگ ‘ کە لەگەڵ چەند چالاکوانێی هاوڕێیدا لە ئیتالیاوە پێرێ صەوڵی کەشتییان لێدا بەرەو غەززە چی وت ؟ ئەو کچە گەنجە وتارێکی زۆر حەماسی داو دوو دێڕێ زۆر گرنگ و ئازار بەخش، بەڵام هاوکات هاندەر و هیوابەخشی بە هەڵمەگریانەوە وت ” ئێمە ئەمە دەکەین، هیچ گرنگ نییە ڕووبەڕوی چ ئەگەرێک دەبینەوە، دەبێت بەردەوام بین لە هەوڵدان ، چونکە ئەو ساتەی ئێمە لە هەوڵدان وەستاین ئیتر مرۆڤایەتیمان لەدەست دەدەین. هەرچەندە ئەم ئەرکە مەترسیدارە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەندەی بێ دەنگیی هەموو جیهان لە بەرامبەر ئەو جینۆسایدە ڕاستەوخۆیەدا مەترسیدار نییە “
ئەو بڕگەیەی گریتای کچەگەنجی چالاکوان ، ئەی خودای موسڵمانان، تۆش دەگرێتەوە کە بێ دەنگیت، ئەگەر هەبیت!!!