درێژخایەنی هێڕشەکەی ئیسرائیل و بەردەوامیدانی
24/11/2024
بەردەوامی شەری ئیسرائیل لە غەزە و لوبنان زۆر گریمان لەلای هەموومان دروست دەکات ، چونکە ئیسرائیل سەد جار تۆڵەی خۆی کردەوە لە حەماس ، هەروەها حەمەس و حیزبوڵای بۆ هەتا هەتایە لە ڕوی سەربازی و هێزی سوپاییانەوە تێشکاند ، لە کەسانی عەسەکەری و بیرمەند و بەرنامەدانەری شەڕ و شەڕکەری بەتوانا و خاوەنئەزموونی سەربازی و ڕێکخستن و کارێزمای گرنگ پاککردەوە . غەزەی تا ڕادەیەك تەخت کرد و دەستی لە هیچ شتێک نەپاراست ، زیانی ڕۆحی و برینداربوونی کەسانێکی زۆر بە هەردووکیانەوە ڕەنگە خۆی بدات لە 200 هەزار زیاتر .
ئێرانی وا بەچەرترسێن کرد کە قوون بدانەوە سەر دەرپێی خۆی ، ڕوتی کردەوە لە هێزی دەرەکی، چی تر سەروەری ناوچەکە و هێزی مونافیس وەکو جاران نابێت . لوبنانی وێران کرد بەڵام لە لایەکەوە لوبنان و خەڵکە هەژارەکەی لە دەست هێزی حیزبوڵا و هەژمون و دەوڵەتی شیعەی ناو دەوڵەتی لوبنان بۆ هەمیشە ڕزگار کرد . سەرەی لێدانی عێراق لە هەندێك بنکەی سەربازی میلیشیاکانی ئێران و چەند بنکەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی و حکومی لە لیستی بەرنامەی جەنگەکەدایە .
ئەمە جگە لەوەی خودی ئەمانە پێمان دەڵێن تا ڕادەیەك ئەگەر نەخشەی ناوچەکەی نەگۆڕی بێت ئەوە ڕیزبەندی هێزی هێزە سەرەکییە میلیشیاکانی لای هەموان بۆ هەمیشە گۆڕی، هاوکاتیش وردە وردە ئەوە دەردەکەوێت لەوە دەکات کە ئەمە پلانێکی داڕێژراو بووە. ئەگەری ئەوە هەیە ئەوەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بە پلان ڕووی دابێت. ئیسرائیل ئەوەندە بێ ئاگا و بێ هێز نەبووە کە دەرك بەوە نەکات کە زیاتر لە ساڵ و نیوێكە حەماس ئەو نەخشەیەی کێشاوە، کە لە کاتێکدا کە ئیسرائیل سیخوڕی لەناو هەندێک لە پاسەوانی هەندێك لە سەرکردە گەورەکانی حەماس و حیزبووڵا و ئێرانیشدا هەبووە و هەیە .
ئەگەری زیاتری ئەوە هەیە کە ئەمە بە پلان کرابێت ، دەی ئەگەر وانییە ئیسرائیل زۆر لەوەی زیاتر کرد کە دەبوایە لە ڕەتدانەوەی حەماس دا بیکردایە!! ، بۆچی هیچ وڵاتێک لە وڵاتە گەورەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا هەوڵی جددی ئاگربەستی نادەن؟ بۆچی تا ئێستا ئەمەریکا چەک و تەقەمەنی بە ئیسرائیل دەفرۆشێت ؟ بۆچی هیچ کام لە وڵاتە عەرەبییەکان ناوێرن زوقرە بکەن یا نایانەوێت خۆیان بە خاوەنی عروبە و گەلی فەلەستینی بکەن؟