ساویلکەیی هەندێك لە نوسەران و ڕۆشبیران و فەیسبوکوانانی کورد
31/01/2026
ساویلکەیی و خۆهەڵخەڵەتاندن دوای ئەوەی کە زۆرێك لە کوردان لەناو کوردستانەکان و هەندەراندا بە جلی رازاوە و ئاڵای کوردستان وئاڵاکانی دیکە دەهاتنە سەر شەقام ، هەمووی بە جارێ هاواری دەکرد ” یەکە ، یەکە، کورد هەمووی یەکە ” وتنی شیعر و شانامە و پەخشان بەوەی کە کورد بووە بە یەك .
ئەرێ بەڕاست ئەم حەماقەتە لە کوێوە هاتووە و دێت ؟ ئەم سیاسەتبازی و جامبازییە لەسەر چ زەویەکی واقیع لە ڕابووردوو و لە ئێستاشدا دروست بووە ؟ ئەم شاتە شات و خۆخەڵەتاندن و گەوجاندنی خەڵکییە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
کوردێک لە کوردستانێکی تاڵانکراوی گەندەڵی فرۆشراودا کە دوو حیزب هەر یەکەیان لایەك دەبەن بەڕێوە ناتوانن لەسەر مدیر ناحێیەك یەك کەون ، لەبەر گەندەڵی و بەشە دارایی خۆیان ساڵێك زیاتر شەڕ دەکەن لەسەر پلەی وەزیرێك، سەرەک کۆمارێکی هیچ لەبارا نەبوو ، هیچ بۆ کورد نەکردوو هەر لە مام جەلالەوە تا ئەوانەی ئایندەنەش تەنها باخەڵی خۆیان و خێزان و موریدەکانی خۆیانیان پڕ کردووە، بچوکترین لایان لە کوردانی هەژار و خاوەنی قوربانییەکان نەکردۆتەوە ، ئەوان هەر خەریکی خڕکردنەوەی پارە و زیادکردنی سەرمایەکانیان بوون و دوای خێزانەکانیان بە دوای بەرژەوەندی حیزبەکەیانەوە بوون ئەوە چەند مانگێكە شەڕی نێوانی پارتی و یەكێتی لەسەرە و نازانین چەندی دیکەش درێژە دەکێشێت …
باشە ئەمە وەزعی ” کوردستانێکی ڕزگارکراو ” لە سای حوکمی خۆماڵیدا بەرپرسەرکانی لە بەرانبەر ئەم هەموو بارودۆخە ناخۆش و پر لە هەڕەشەدا ناتوانن یەکبگرن و یەك بکەون ، بچوکترین سازش لە پێناوای مانەوەی خۆیان و کورددا بکەن …. باشە ئەمە ئەحمەقییەت نییە کە نوسەرە ناودارەکان و ڕٶژنامە نوسان و سیاسییەکان دڵیان بەوە خۆشە کورد یەكی گرتووە؟؟ .. برینەکانی پێشتری ساڕێژ کردووە … دەرسی گرنگی وەرگرتووە ..
بەسە بەس ئەی نوسەر و ڕۆژنامەنوس و سیاسی، بەس ئەم خەڵکە هەژارە بگەوجێنە و بخڵافێنە و لە خشتەی بەرە ، باشتر نییە پێیان بڵێیت: کورە بەو قسانەی هیچ کام لەو حیزبانە باوەڕ نەکەیت دەیانناسین و ئەوەی کە دەیڵێین بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا هەموی درۆیە و نایەتە دی.
باشتر نییە پێیان بڵێن دەبێت متمانەمان بە خۆمان بێت ، دەبێت پێیان بڵێن یەكڕیزی دەسەڵات هەیە نەك هی خەڵک، ئەویش لە سەرکوتکردنتانا ، ئێوەش ئەی جەماوەر گەر ڕاست دەکەن و دڵسۆزن بۆ کورد و ڕۆژئاوا، ئەگەر لە کوردستانیت بۆیکۆتی هەموو شتێکی تورکیا بکە، مەچۆ بۆ مەتعەمی ‘داوە’ سەفەر و گەشت بۆ تورکیا مەکە ، تەماشای درامای تورکی مەکە . دەی کوردانی هەندەران ئێوەش دوای گۆشتی حەڵاڵ و نانی تورکی لە مەتعەمە تورکییەکاندا و هەناری تورکیا مەکەون، تکتی هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیا مەکڕن و سەفەر لە تورکیاوە مەکەن ، شتێك زیاتر [ کە ڕەنگە هەرزانتریش بێت ] پارە بدە و بە خەتێکی دیکە بڕۆرەوە بۆ کوردستان ، هەنگاوێکی عەمەلی بنێ نەك بەرزکردنەوەی ئاڵاکان و شیڕە شیڕی سەر شەقامەکان ، لە کوێشدا لە زۆرێك لە شارەکانی کوردستاندا. دەبێت ئێوە ئەمانە بە خەڵك بڵێن نەك دەستخۆشییان لێبکەن و بڵێن هاتنە سەر شەقامەکان یەكڕیزی کوردە و کوردی لەمەودوا وادەبێت .