Categories
Kurdish

سیاسەت لە حەدی ئیمکاندا دەکرێت

سیاسەت لە حەدی ئیمکاندا دەکرێت

31/01/2026

سیاسەت بە هاشە و هووشە و زێدەڕەوی ناکرێت بەڵکو لە حەدی ئیمکاندا، هەر وەکو هەموو شتێکی دیکە کە دەکرێت .  تۆ لە حەدی ئیمکانتا سەیارەیەك دەکڕیت ، خانویەك بەکرێ دەگریت یا دەیکڕیت یا هەر شتێکی دیکە . هەر شتێك لە سەر و حەدی خۆتەوە کرا ئەوە فشارێکی گەورە دەخەیتە سەر خۆت و دواتر باجەکەی دەبێت بدەیت .

ئەوەی کە لە ڕۆژئاوا لە نیوانی هەسەدە و سوپای سوریای جۆلانیدا کرا هەر لە حەدی ئیمکانی خۆیاندا بوو ، کە بەرای من دروستە و نابێت مەزات یانی سەرمایەی سیاسیان بەسەردا بکرێت . کورد لە ڕۆژئاوادا هیچ دەرفەت و دەرویەکی لەبەردەمدا نەمابوو جگە لە بژاردە : یا شەڕی کۆمەڵکوژی و لەناوچون، یا خود جۆرێك لە ڕێکەتن، کە بێ گومان ئەمەیان زۆر زۆر باشترە بریا ئەمە دە ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ئەسەددا بکرایە تاکو بتوانرایە ژیانی دە هەزار لە شەڕڤانان بپارێزرایە . هەمیشە تۆ لە نێوانی خراپ و خراپتردا ، بژاردەی خراپ هەڵدەبژێریت.

ڕاستە ئێمە بەرز فڕین و نزم نیشتینەوە ، بەڵام ئەوە لای من شتێکی چاوەروانکراو بوو، لە ئێستادا بەم ڕێکەوتنە هەر چەند خراپ بێت هەر پێم باشە و پێی نایەشێم و توشی تاسان ( شٶك) نابم . ئەوەی کە دەکرێت بکرێت لە ئێستادا پشتگیریکردنیانە ، لۆمە نەکردنیانە ، شانازی کردن بە خەبات و قوربانییەکانیانە کە بۆ هەموو بەشەرییەت ئەو هەمو قوربانیانەیان دا ، دڵنیاشم کە خەڵکانێکی زۆر لە دونیادا ، ئەوەی بە ئاگا بێت لێیان ، ئەو خەباتە دەناسێ و بەرز دەینرخێێنێت.

گرنگ بوو ئێمە لە کاتی خۆیدا قسەمان بکردایە ، کە ئێستا پێستەکە ڕوو لە خواردنە ئەو پەڕی بێ ئەدەبییە دژیان قسە بکەیت.

لێرەدا کردنی چەند  پرسیار کە بێ وەڵامە و ڕەنگیشە بۆ هەمیشە هەندێکیان  بێ وەڵام بمێننەوە :

یەك: ئەگەر ئۆجەلان بەناو پرۆسەی ئاشتی ڕانەگەیاندایە و داوای لە پەکەکە نەکردایە کە خۆیان هەڵوەشێننەوە، چی دەبوو؟ ئایا گەر پەکەکە خۆی هەڵنەوەشانایەتەوە بە هاواری هەسەدەوە دەچون؟ بێ گومان گەر بچونایە پارسەنگی هێزی دەگۆڕی و ڕەنگ بوایە فشاری زیاتری بخستایەتە سەر جۆلانی و لایەنگرانی جۆلانی .

دوو: ڕزگاری عەفرین لە دەستی تورکیا و کشانەوەی هێزەکانی لەوێ لەم ڕێکەوتنەدا نادیارە .  ئەوە ددیارە کە دانیشتوانی عەفرین دەکرێت بگەڕێنەوە ، بەلام نادیارە کە سوپای تورکیاو بەکرێگیراوەکانی دەگەڕێنەوە یا نا؟

سێ: لەم ڕێکەوتنەدا هیچ باسێکی پەیەدە و ئەنەکەسە نابینرێت ، ئایا ئازادی سیاسی حیزبەکان دەبێت ؟ پەیەدە و ئەنەکەسە چییان بەسەر دێت ؟

چوار : هیچ باسێك لەو هەموو جڕوجانەوەرانەی کە لە دونیای ئیسلامییەوە هاتوونەتە ناو سوپاکەی جۆلانییەوە کە کۆنە داعشن، چییان بەسەر دێت ؟

پێنج: ئایا ئەم ڕێکەوتنە سەردەگرێت ؟ پێشبینیکردنی ئاسان نییە لە لایەکەوە کورد لەوێ بە هەموو شتێك ڕازییە و تەنها شەڕ نەبیتەوە ، لە لایەکی دیکەوە حکومەتی سوریایە کە جڵەوەکەی لە دەستی تورکیادا هەیە و تورکیا بەمە زۆر زەحمەتە رازی بێت .  هاوکاتیش حکومەتی سوریا لە حیزبێک یا خود لە کودەتایەکی سەربازییەوە دروست نەبووە ، بەڵکو لە چەندەها گروپی داعشی یاخود پاشخان داعشی دروست بووب، کە بە دڵنیاییەوە بەم ڕێکەوتنە ڕازی نین و نابن .  ئایا ئەوە بەرەو کوێ دەروات؟

Leave a Reply