هەموو بانگەشەی هەڵبژاردنێکی نوێ، جەنگێکی نوێیە دژ بە هەرە زۆرینەی خەڵك
13/06/2024
سەراپای وڵاتانی جیهان ئەزموونی شکستخواردوی پرۆسەی هەڵبژاردن و باشکردنی ڕەگوڕیشەی ژیانی کۆمەڵگەکەیان دیتووە . ئەم ئەزموونە لە هەندێك لە وڵاتانی وەکو ئەمەریکا و بریتانیا دا زیاتر لە دەیەها جار هاتووە و ڕۆیشتوە و چشتێکی وایشی بۆ کرێکاران و هەژارانی وڵاتەکەیان بەدی نەهێناوە، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هاووڵاتیان لەم پرۆسەیەدا سەرگەرمن و بەشداری دەکەن .
ئەرجەنتین یەكێکە لەو وڵاتانەی کە 6 مانگ لەمەوبەر هەڵبژاردنی گشتی کرد ، ئەمە لە کاتێکدا کە بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی پارە گەیشتە لە سەدا 300 ، توشی قەیرانی قوڵی ئابووری هاتبوو ، قەرزی نەتەوەیی زۆر سەرکەوتبوو ، نشونمای ئابووری دابەزی بوو . سەرۆکی نوێ، Javier Miliei ، بەڵێنی ئەوەی دا کە ڕیفۆرمی بنەڕەتی بکات و ئەوەی کە شیرازەی تێكچو بوو ئەم و حیزبەکەی چارەسەری بکەن.
بێ گومان ڕیفۆرم بۆ حیزبێکی وەکو ئەوێ کە بە حیزبی ڕاستڕە و دانراوە، یانی هێڕشی گەورە بۆسەر کرێکاران و هەژاران و هەروەها ژینگەش بە بڕین و کەمکردنەوەی بیمەکان و دەرکردنی کرێکاران و کەمکردنەوەی ئازادییەکان و پشتگیریکردنی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و خاوەنکارەکان و فرۆشتنی کەرتە دەوڵەتییەکان و هەڕاجکردنیان و وێرانکردنی ژینگە.
سەرۆکی نوێ تا ئەم ڕۆژانە نەیتوانیوە کە ئەو ڕیفۆرمانە لە پەڕلەماندا تێپەڕێنێت تاکو ببنە یاسا. دوێنی ، چوارشەمە ، لە کۆبوونەوەیئ پەڕلەماندا کە 11 کاتژمێری خایاند بە بڕی دەنگی 37 و بە 36 واتە بە بردنەوەی بە تاکە دەنگێك توانرا ڕیفۆرمەکان ببنە یاسا و کاری پێبکرێت . بەڵام خەڵکی ئەرجەنتینی بەمە رازی نین بۆیە بە هەزاران کەس هاتنە سەر شەقامەکان و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەوە دەکەن و دەڵێن ” وڵات بۆ فرۆشتن نییە ” . بێگومان دەوڵەت بە هۆی دەزگە سەرکوتکەرەکانییەوە، کە دەزگەی پۆلیس یەکێکە لێیان کەوتە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و زیاتر لە دەیەها کەس بریندار بوون بە هۆی لێدان و بەکارهێنانی گولەی پلاستیکی و فشاری بەهێزی ئاوڕشتن و بەکارهێنای غازی فرمێسكڕێژەوە.
پێشبنیکردنی ئەوەی کە ئایا دەوڵەت دەتوانێت ڕیفۆرمەکانی بکات یاخود هەڵدەوەشێتەوە ، لە ئێستادا ئەستەمە . بەڵام ئەوەی کە ئاشکرا و زانراوە هەموو هەڵبژاردنێکی نوێ هەتا بە هەندێك دروشمی بریقەداریشەوە بە پەیمان دان بە خەڵکی، دواتر کە دێتە سەر حوکم لە هێڕشی گەورەدا دەبێت بۆ سەر خەڵك و جەنگێکی بێ دەنگ و نەبڕاوە دەبێت . لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی بیەوێت و نەیەوێت بە ناچاری دەبێت ڕێگای بەرگری لە خۆی و ڕوبەڕووبوونەوەی دوژمنە چینایەتییەکەی ببێتەوە .
لە هەمووشی گرنگتر ئایا چی تر خەڵکی وانە لە هەڵبژاردن کە چارەسەری کێشەکانیان نییە وەردەگرێت ؟ چی تر باوەڕ و متمانە بە حیزب و سیاسییە بێ مۆراڵەکان دەکات و جڵەوی ژیانی خۆیانی دەداتە دەست ؟