هەوادارانی پەکەکە لە فەیسبووکدا دەیانەوێت بمانگەمژێنن
25/02/2025
ئەوان یا لە پەیامەکەی ئۆجەلان ناگەن یاخود بەو شێوەیەی کە خۆیان دەیانەوێت شیدەکەنەوە.
پەیامەکەی ئۆجەلان: یەك: هەر ئەوە نییە کە پەکەکە چەك دابنێت بەڵکو دەڵێت خۆشی هەڵوەشێنێتەوە .
دوو: ئەگەر پەکەکە خۆی هەڵوەشێنێتەوە مانای وایە هیچ ڕۆڵێکی نابێت لەو پرۆسە ئاشتییەی کە ئۆجەلان داوای دەکات، کە خۆی ڕادەستبوونە . ئۆجەلان ئەمەش بە هۆشیاری دەڵێت تاکو خۆی باڵادەست بێت وەکو نوێنەری کورد نەك هەر پەکەکە لەو پرۆسەیەدا. ئایا لەم بارەدا پەکەکە وەڵامی چییە ئۆجەلان دەردەکەن و بە پەکەکەیی دەمێننەوە یاخود کۆنگرە دەگرن و ناوێکی دیکە بۆ خۆیان هەڵدەبژێرن؟
سێ: کە ئۆجەلان هیچ مەرجێکی ئاگربەستی و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی نەخستۆتە بەردەم پەکەکە، ئەم هەمو چەکدارە بەرەو کوێ بچێت؟ ، ئایا لەم بارەدا مانای کۆنگرە بە فرمانی یا پێشنیاری ئۆجەلان چی دەگەیەنێت ؟
چوار: لە کاتێکدا کەس هیچ مەرج و بەندو خاڵێکی پرۆسەی ئاشتی نازانێت خۆی و ئەردۆگان نەبێت ، باشە ئەو زەمانەتی مێژوویی چی دەکات کە پرۆسەیەك وجودی نەبێت ؟ زەمانەتی چی کە هیچ دیار نییە ؟ ئەو زەمانەتی ئازادبوونی خۆی بۆ ناکرێ و دابین ناکرێ . ئیدی چۆن دەتوانێت زەمانەتی مێژوویی پرۆسەیەك هەتا هەر تەسلیمبوونەوەش بێت بکات؟ ماقوڵتر بوو گەر بیوتایە بارزانی ئەو زەمانەتە دەکات ، نەك خۆی .