Categories
Kurdish

هەڵبژاردنی ئەم جارەی فەرەنسا: قومار یاخود تاکتیکێکی زیرەکانە؟

هەڵبژاردنی ئەم جارەی فەرەنسا: قومار یاخود تاکتیکێکی زیرەکانە؟

16/06/2024

دوای ئەوەی کە حیزبەکەی ئیمانۆیل ماکرۆن لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانتاری یەکێتی ئەوروپادا دەنگێکی وای نەهێنا و  حیزبەکەی مارین لیپۆن ، Marine Le Pen 30 لە سەد بە بەراورد بەوەی ماکرۆن کە تەنها  14.6 لە سەد دابوو  هێنا.  دوای ئەم شکستە  ماکرۆن بانگەشەی هەڵبژاردنی گشتی کرد بۆ ڕۆژی 30ی مانگ و سوڕی دووهەمیش بۆ 7/07 .

ئەم بانگەشەیە لەلای زۆرێك لە ئابووریناسان و سیاسییەکان و توێژەرەوە سیاسییەکانیش بە شتێکی بێ مانا درایە قەڵەم و بە قومارێکی گەورە دانرا و بە ڕای ئەوان زۆر زەحمەتە ماکرۆن هەڵبژاردنەکە بباتەوە.

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە کەس ناتوانێت پێشبینی تەواوی سەرکەوتی هیچ کام لە م دوو لایەنە بکات ، بەڵام بە ڕای من ئەوەی ماکرۆن کردی تاکتیکێکی زۆر زیرەکانە بوو چونکە چاوەڕوانی  کردن بۆ ساڵی 2027 تاکو هەڵبژاردنی گشتی بکرێت ئەگەری دۆڕاندنی زۆر زی اترە لەمەی ئێستا. 

 لە واقیعدا ساڵانێکە قەیرانی قەرزەکانی فەرەنسا لە بەرزبوونەوەدایە.  لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا دوو جار پلەی پێگەی کرێدتی دابەزیوە. بارگرانی گشتیی قەرزەکانی بەرزبووەتەوە بۆ 112%ی لە بەرانبەر داهاتی نەتەوەییدا. ئێستا لە پلەی سێیەمی جیهاندایە لە کۆی گشتی قەرزە نەدراوەکانیا، لە دوای تەنها ژاپۆن و ئەمریکاوەیە، کە هەردووکیان ئابوورییەکی زۆر گەورەترن و هەروەها دراوی خۆیان هەیە.  ماوەی 50 ساڵە بودجەی هاوسەنگی نەکردووە و تەنانەت لەگەڵ بوژانەوەی  ئابووری ناوچەی یۆرۆ لە پەتای کۆرۆنا، هێشتا کورتی هێناواە بە 5.1%ی لە داهاتی نەتەوەیی ئەمساڵیدا.

بانگەشەکەی ماکرۆن بەڕای من تاکتێکێی زیرەکانەیە تەنها ئەوە وا دەکات کە ماکرۆن بتوانێت دەوام بە حوکمەکەی بدات بۆ 5 ساڵی دیکە.

 بۆچی تاکتیکێکی زیرەکانەیە ؟

ماکرۆن ئەگەر لە لایەن چەپەکان و نقابەوە لە هەڵبژاردنی پێشتردا پشتگیری لێنەکرایە مەحاڵ بوو بێتە سەر حوکم .  بەڵام ئەو لایەنانەی سەرەوە دەنگیان بۆ دا لە ترسی ئەوەی نەبا لیپۆن بیباتەوە .  ئێستاش هەمان ئەزموون دووبارە دەبێتەوە لە کاتێکدا کە مەترسی حیزبەکەی لیپۆن زیاتربووە و ئومێدی بردنەوە  یاخود زۆرینەیان لە پەڕلەماندا گەورەتر بووە .  هاوکاتیش لەبەر ئەوەی گەرماو گەرمە و میدیای فەرمی سیستەمەکەش هەموو کات ئەوە دەدات بە گوێماندا کە ڕاستڕەوە تووندڕەوەکان لە برەودان مەیدانەکەیان تا ڕادەیەك گرتووە .  ئەمەش هەلێکی باشە بۆ ماکرۆن و زۆر کەمتر پێویستی بە خۆهیلاککردن لە کەمپەینی  هەڵبژاردنەکەیە چونکە لە لایەکەوە میدییا فەرمی و لەلایەکی دیکەوە چەپەکان و نقابە ئەو کەمپەینەی  بۆ دەکەن بردنەوەی ماکرۆنیان پێباشترە تاکو لیپۆن .

ئەم ترسە بۆچی؟

بەڕای من لیپۆن-یش هەر ئەوەندەی ماکرۆن و هاوەڵەکانی لە ئەوروپادا  مەترسییان لە سەر کرێکاران و هەژاران هەیە ، چونکە ئەمان هەر کامێکیان لەسەر حوکم بن فەرمانبەری دەوڵەت و سیستەمەکەن ، بازنەیەکیان بۆ کێشراوە و بە هیچ شێوەیەك ناتوانن سنوری ئەو بازنەیە بشکێنن، گەر شکانیان ئەوە تێشکانی خۆیان حاسڵ دەکەن .

هاتنی لیپۆن یا هەر ڕاستڕەوێکی تووندڕەوی تر لە فەرەنسا دەتوانن چی بکەن؟  ئایا دەتوانن موسڵمانەکان و کۆچبەرەکان و پەنابەران هەموویان بنێرنەوە ؟ ئایا دەتوانن لە وڵاتێکی وەکو فەرەنسادا لەباربردنی کۆرپەلە یاساخ بکەن؟ ئایا دەتوانن سنورەکان بە ڕووی کۆچبەر و پەنابەردا بەتەواوی  داخەن؟ ئایا دەتوانن وا بە ئاسانی خەڵک بگرن و سەرکوتکردن بکەن ؟ ئایا دەتوانن کرێی کرێکاران و مافەکانیان کە لە ئێستادا هەیانە کەم بکەنەوە و ڕایگرن؟

بەڕای من وەڵامی هەموو ئەمانە نەخێرە ، چونکە یەکەم گەلی فەرەنسی گەلێکی زیندوون و دووهەمیش سیستەمەکە ڕێگە نادات کە ئەو شتانە بکرێت چونکە بە زەرەر و زیانی خۆی دەگەڕێتەوە.

 لە هەموو شتێکیش گرنگتر هاتنە سەر حوکمیان یانی کاڵبوونەوەیان ، یانی لە دەستدانی دەنگ و پشتگیرییان ، یانی نەبوونی هیچ بەخت و دەرفەتێك بۆ گەوەرە بوون و هاتنەوەیان .  ئێمە زۆر نموونەمان لەو بارەوە هەیە .  ئێران بە ڕوخانی حوکمی هەنووکەیی مەحاڵە جارێکی دیکە ئاخوندەکان بێنەوە سەر حوکم ، چونکە خەڵکی بە کردەیی حوکمی ئاخوندەکانی بینی ، دەسەڵاتدارانی عێراق ، هەرێم بە دامالینیان لە دەسەڵات جارێکی دیکە گریمان و بەختی هاتنەوەیان نییە .

ڕاستە تالیبان هاتنەوە ، بەڵام ئەوان ماوەیکەی زۆر لەسەر حوکم نەبوون ، دوای ئەوەش دەوڵەتیان ڕادەست کرا.

Leave a Reply