وەکو کورد دەڵێت : با قسەیەکیش بۆ خوا بکەین
08/11/2025
ئەم ڕۆژانە لێدوان و مشیومڕێکی توندوتیژی لە نێوانی حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری کوردستان و بەدیل شیوعی و کەسانی دەرەوەی هەردوولاشیان لەسەر بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەمجارە لە کوردستان و عێراق دا، بەخۆوە گرتووە.
بێ گومان هەردوو لا بیانو و بەڵگەی خۆیان بە زیادەوە دەردەبڕن سەبارەت بە ڕا و بۆچونەکانیان .
بە بۆچوونی من ئەوانەی کە ڕایان بەشداریکردنە لە هەڵبژاردندا واقیعانەتر بیر دەکەنەوە و باشتریش ئەزموونە جیهانی و ناوچەییەکان دەبینن . بەڵگەی قسەکەم ئەوەیە کە بوونی حیزب لە جەوهەر و بنەڕەتدا بۆ دەسەڵاتگرتنە دەست بووە، ئیتر حیزبەکان هەر ناو و هەر مەیلێکیان هەبووبێت ، لۆکاڵی بووبن یا ناوچەیی یا جیهانی و مێژوویی ، واتە بۆ دەسەڵاتی فەوقانی ، لە سەرەوە بووە بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی یا ئەوەی کە خۆیان ویستویانە و لە مانیفێستەکەیاندا هەیە .
مێژوی بزوتنەوەی مارکسیستەکان و سۆشیالیستە دەسەڵاتخوازەکان هەمیشە ڕێگەی جیاواز جیاوازیان گرتۆتە بەر بۆ دەستبەسەراگرتنی دەسەڵات، ئیتر بە هەر ناوێکەوە بووبێت . ئەم میراتییەشیان لە خودی لیننین و بیرمەندە مارکستییەکانەوە تا دەگاتە خودی مارکس و ئەنجلس بۆ ماوەتەوە .
هەرگیز ناتوانرێت نکوڵی لەوە بکرێت کە خودی مارکس و ئەنجلس لە کۆتا ڕۆژانی تەمەنیاندا پرسی هەڵبژاردنیان بە ڕێگە چارەیەك زانیوە تاکو کرێکاران دەسەڵاتی سیاسی بگرنە دەست . ئەی کەواتە بۆچی ئەمان نا؟؟؟!!