پەڕلەمان و حکومەتەکەی لە هەموو شوێنێکی ئەم دوونیایە لە تەدبیری پلانی کودەتادان بەسەر دانیشتوەکانیاندا
26/06/2024
ئەم تایتڵەی سەرەوە ڕاستییەکی حاشا لێنەکراوە سەبارەت بە هەموو حکومەتەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە تاکو ڕۆژئاوا ، لە باشوورەوە بۆ باکوور. هەر یەکێك لە ئێمە دەتوانێت دەیەها نموونە لەم بارەیەوە بهێنێتەوە. ئەوەشی کە ئەو کودەتایانە دەوەستێنێت تەنها بەرگری و بەگژاچوونەوە و ڕاپەڕینە کە دەتوانێت پاشەکشە بە بڕیارەکانی حکومەتەکانیان بکات.
وڵاتی کینیا کە بەهێزترین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ئەفەریقایە و یەکێکە لەو وڵاتانە بۆ سوککردنی قەیرانەکانی و مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا دوو ساڵ لەمەوبەر سەرۆکی نوێ ، ولییەم ڕۆتۆ ، کە هاتە سەر حوکم بڕیاری دا هەندێك ریفۆرمی بنەڕەتی بکات بۆ سوککردنی قەیرانەکە و ڕازیکردنی دەسگە دراوییەکانی جیهان . ڕیفۆرمەکانیش یانی دەستنانە بیناقای زیاتری دانیشتوان ، یانی خراپترکردنی بژێوییان ، یانی سكگوشینی توندتر و زیاتری هاووڵاتیانی.
لەبەر ئەوە سەرۆك، ولییەم ڕۆتۆ، بڕیاری دا کە بڕی باج زیاتر بکات و باجی زیاتریش بسەپێنێت. بەڵام هاووڵاتیان ئەوەیان قەبوڵ نەکرد و لە ڕێگای تیوتەر و بەشەکانی دیکەی سۆشیالمیدیاوە گەورەترین بەگژاچوونەوەیان لە زۆرینەی شارەکانی کینیا بە نایرۆبیشەوە دروست کرد . بە سەدان هەزار کەس ڕۆژی 3 شەمە هاتنە سەر شەقامەکان و بڕیار درا کە تۆفیسی سەرەکی بانقی جیهانی و صندوقی دراوی نێودەوڵەتی و پەڕلەمان و دادگە و زۆری ئۆفیسە سەرەکییەکانی حکومەت دەستیان بەسەردا بگیرێت . بەشێك لە پەڕلەمان و و ئۆفیسە سەرەکیەکان ئاگریان تێبەردرا .
لە 24 سەعاتدا 23 گەنج بوونە قوربانی و 21 کەسیش لە لایەن پۆلیسەوە ڕفێنراون و بێ سەروشێنن بە تاوانی ئەوەی گوایە ئەمانە ڕؤڵیان هەبووە لە بانگەشەی خەڵکی بۆسەر شەقامەکان ، 200 کەسیش بە فیشەك بریندار کراون و بەشێکی زۆریان لە خەستەخانەن.
پاش ئەم بەگژاچونەوەیەی خەڵك و بەرگریکردن لە مافەکانیان سەرۆك ناچار بوو کە پاشەکشە لە پلان و بەرنامەکەی بکات و بەڵێن بدات بە هیچ شێوەیەك ئەوانە جێبەجێ ناکرێن.
دایکی کوڕێكی 19 ساڵ کە لە لایەن پۆلیسەوە کوژاراوە داوی ئەوە دەکات ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە بدرێن بە دادگا و دەڵێت کوڕەکەی ئەو بێ چەك بووە و هاتۆتە سەر شەقام بۆ دەستکەوتنی نان ، کینییەکان نابێت ئەمە قەبوڵ بکەن .