کرێکارانی هێڵی ئاسنینی قیتارەکانی کەنەدا لەگەڵ دوو کۆمپانیای سەرەکی قیتارەکان لە ناکۆکی و گرفتدان
22/08/24
ناکۆکییەکانی نێوانی دوو کۆمپانیای قیتارەکان لەگەڵ نقابەدا سەبارەت بە درێژکردنەوەی ڕۆژی سەر کار دوای ئەوەی کە وتووێژی نێوان کۆمپانیاکان و نقابە کۆتایی پێهات بە نەگەیشتنە ڕێکەوتن ، کۆمپانیاکان لە دوێنێ شەوەوە سەعات 1 بەکاتی ئەوان سەراپای هێڵە ئاسنینەکانیان داخست. بەمەش زیاتر لە 10 هەزار کرێکار لە ئێستادا ڕاگیراون و ناتوانن بچنەوە سەر کارەکانیان.
ئەم بڕیارەش هێڵی شەمەندەفەری بارهەڵگری کەنەدا دەگرێتەوە هێڵەکە دادەخات لە کاتێکدا مەترسی لەسەر بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا دروست دەکات.
بڕیارەکە لەلایەن یەکێتی تیمستەرزەوە [ نقابەی کرێکارەکان] پشتڕاستکراوەتەوە، زەمینە بۆ وەستانی هێڵی ئاسنی بێوێنە دەڕەخسێنێت کە دەتوانێت زیانێکی زۆر بە ئابووری کەنەدا بگەیەنێت و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بازرگانی سنوور بەزاندنی لەگەڵ ئەمریکا هەبێت.
کەنەدا دووەم گەورەترین وڵاتی جیهانە لە بەکارهێنانی قیتاردا بۆ گواستنەوە . واتە زۆر پشت بە گواستنەوەی شەمەندەفەر دەبەستێت. پێشبینی دەکرێت ڕاگرتنی بارەکانی دانەوێڵە و پۆتاش و خەڵوز پەک بخات و هاوکات گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان و ماددە کیمیاییەکان و ئۆتۆمبێلەکانیش خاو بکاتەوە. گروپە پیشەسازییەکان داوایان لە حکومەتی لیبراڵەکانی جەستن ترودۆیان کردبوو ڕێگری لە وەستانی قیتارەکان بکات، ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ساڵانە بە بەهای نزیکەی 380 ملیار دۆلاری کەنەدا کاڵا بە هۆی هێڵی ئاسنی کەنەداوە دەگوازێتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێك زیانلێکەوتووەکانی ڕۆژانە زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری کەنەدا (٧٤٠ هەزار دۆلار) دەکەوێت. نزیکەی نیوەی سووتەمەنی فڕۆکەوانی کە لە فڕۆکەخانەی پیرسۆن لە تۆرۆنتۆ کە قەرەباڵغترین تێرمیناڵی فڕۆکەوانی کەنەدایە بەکاردەهێنرێت، کە بە قیتار دەگاتە ئەوێ. زیاتر لە 32 هەزار گەشتیار لە مۆنتریال و ڤانکۆڤەر و تۆرۆنتۆ پشت بە تۆڕی شەمەندەفەر دەبەستن. هەروەها ئەم مانگرتنە نەخوازراوە کاریگەری لەسەر پیشەسازییەکانی کانگا و کشتوکاڵ و فرۆشتنی تاکەکەسی دەبێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمپانیای CPKC کە بنکەکەی لە کالگاری و کۆمپانیای CN کە بنکەکەی لە مۆنتریال دەستیان بە کۆتاییهێنان بە کارەکانیان کردووە. لە کەنەدا هەردوو کۆمپانیاکە کە بەهای هەریەکەیان نزیکەی 100 ملیار دۆلارە بە دۆلاری کەنەدی.
ئەم دوو کۆمپانیایە بە شێوەیەکی بنەڕەتی خاوەنی هەموو هێڵی شەمەندەفەری وڵاتەکەن و زۆربەی باری بارهەڵگرەکان کۆنترۆڵ دەکەن. لە کەنەدەشدا هەرگیز لە یەک کاتدا وەستانی کار لە هەردوو کۆمپانیاکەدا ڕووی نەداوە.