Categories
Kurdish

گەلۆ ئەرێ دەبێت لە کوێ بێت؟

گەلۆ ئەرێ دەبێت لە کوێ بێت؟

11/02/2025

خودای ڕەحیم و کەریم و جەبار و ستار و غەفور و حەبیب و عادل و کەبیر سادق و بەخشندە و …تد  لە کوێیە؟ باشە خەڵکانی هەژارا و لێقەماوانی غەززە ، ئەو هەموو منداڵ و ژن و پیر و پەککەوتە و ڕوت و ڕەجاڵە دوای 15 مانگ جەنگ و کوشتن و برینە گوناهیان چییە؟ دوای هەموو ئەم ناسۆر و ئازار و کۆستکەوتنەش ئێستاش دەیانەوێت وەکو جۆرێك لە کۆیلە بفرۆشرێن بە میسر و ئەردەن و وڵاتانی دیکەی عەرەبی و خاکیشیان بفرۆشرێت بە ئەمەریکا. ئەمانە چ گوناهێکیان هەیە؟؟

  بەداخەوە دیارە لای ئەوان خەڵکی غەزە بوونەتە گۆشتی گەردەمل دەبێت ساخبکرێنەوە ، بوونەتە هۆکاری نەبوونی ئاشتی  و ئاشتەوایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دا بۆیە دەبێت بە هەر نرخێك بێت، دەبێت سەرف بکرێن ، دەبێت لەکۆڵ بکرێنەوە چونکە ئەوان شەیتانن و دونیا بێ ئەوان بێ گرفت دەبێت، ئەوان زۆڵە عۆمەتن و لە عۆمەتی موسڵمانان نین تاکو کەس لایان لێبکاتەوە،  نە ئەمەریکا و نە ئەوروپا و نە دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی لەسەریان هەڵبدەنێ !!

باشە ئەمانە لە ترسی نەمانی بەرژەوەندییەکانیان ناتوانن هەڵوێستێکیان دژ بەو هەرەشانەی ئیدارەی ئەمریکا و ئیسرائیل هەبێت ، ئەی ئەو خودایەی کە ڕەحیمە ، کە غەفورە کە عادلە ، کە سەروەرە ، کە خالقە …  ئەم بۆچی قسەیەك ناكات، هاوکارییان ناکات ، بەدەمیانەوە ناچێت. بۆچی تۆزقاڵێکی ناوەرۆک و توانای کە لە ناوەکانیدا دەبینرێت بەکارناهێنێت؟ ئا یا ئەویش لە پشتی کافرانە ؟ ئایا غەزەبی لە عۆمەتەکەی خۆی، عۆمەتی غەززە گرتووە و چونکە هەموویان تاوانبار و مەلعونن؟ یاخود خودا وجودی نییە ؟

پرسیارگەلێکن و دەبێت ئەوەی ڕوودەکاتە خوا ، ئەوەی بازرگانی بە دینەکەیەوە دەکات ، ئەوەی کوشتن بڕین دەکات لە پێناوی ڕەحمەت  و سەدەقەت و کەرامەتی  ئەودا و دەسەڵاتی بۆ دەگرێتە دەست … دەبێت هەموو ئەمانە بۆ تاکە خولەکێك بیر بکەنەوە و ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن.

دەبێت مەلاکان و مامۆستایانی ئاینی یا دەبێت دەمکوت و سکوت بن یاخود بۆ مەجلیسەکانیان و باقی موسڵمانانی روون بکەنەوە کە بۆچی خودا نایەتە دەنگ؟ بۆچی خودا کە لە کاتێکدا ئەو هەموو ناوانەی لێنراوە کەچی بە هانای عۆمەتەکەیەوە ناچێت؟؟

Leave a Reply