گەنجانی کینیا چی تر نایانەوێت بە هەژاری و بێ کاری بژین
02/07/2024
ئێستا دەردەکەوێت لە دەستپێکردنی ناڕازیییەکانی 18/6 وە تاکو 30ی مانگ 39 کەس کوژراون ، 361 کەس برینداربوون زۆربەیان لە خەستخانەن ، 627 خۆپیشاندەریش گیراون .
گەرچی سەرۆکی کینیا ، ولییەم ڕۆتۆ پاشەکشەی کرد لە سەپاندننی ئەو باجەی کە لە سەر خەڵکی کینیا و پێداویستییەکانی ژیان داینابوو و بەلێنی دا کە واژۆی نەکات. سەپاندنی ئەو باجە لە لایەن صندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە بۆ دانەوەی 60 ملیار پاوەند قەرز سەپێنراوە . ئەم قەرزە لە ساڵی 2013 دا ڕێژەی قەرزەکانی کینیا بەرامبەر بە بەرهەمی ناوخۆیی 43% بوو. لە ساڵی 2019 61.7.% بووە، و تا ئێستا لە ساڵی 2024 ئەم قەرزە لە سەرووی 70% بەرهەم و داهاتی ساڵانەی کینیاوەیە . ئەمە جگە لە دەستوەردانی دەوڵەتانی ڕؤژئاوا و ئەمەریکا لە کینیادا.
ڕاستە بەو قەرزە حکومەت توانیوێتی جادە دروست بکات بەڵام باجی زۆر و گرانییان لەسەر دانراوە بۆ ڕؤیشتنی سەیارە بەسەریدا بۆیە تا ئێستاش کەم بەکارهێنراوە.
لە کاتێکدا کە هەژاری و نەبوونی لە کینیادا زۆر زۆرە کەچی یاسادانەرانی کینیا دووەم زۆرترین مووچەیان هەیە لە جیهاندا بە بەراورد بە بەرهەمی ناوخۆیی، و بەهۆی پێگەی خۆیانەوە لە زۆرێک لەو باجە نوێیانە بەخشراو دەبن. پڕۆژە یاسای دارایی بە خۆپارێزی وەسف کرا، بەڵام ئەمە خۆپارێزی نییە: ئەمە دەستبەسەرداگرتنی پارەیە لە هەژاران بۆ بەردەوامبوونی شێوازی ژیانی دەوڵەمەندەکان.
سەرۆك ڕۆتۆ کە مێژووی سیاسی ئەو تاوانە و تۆمەتبارکراوە بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە دادگای تاوانکاری نێودەوڵەتی ، کەچی لە دەرەوەی وڵاتی کینیا هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ پاکژکردنەوەی پاشەڵی خوێناوی ئەو. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی پڕۆژەی یاسای دارایی [ واتە باجەکان ] لە ئەنجومەنی نیشتمانی بخرێتە بەردەم ڕوتۆ کۆبووەوە و کینیای وەک هاوبەشی ستراتیژی سەرەکی ئەمریکا ناساند.
پۆلیسی کینیا هەفتەی ڕابردوو لە ئەرکێکدا کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرا، لە هایتی جێگیرکرا؛ کینیا دەوڵەتێکی هێڵی پێشەوەیە لە “جەنگی تیرۆر”ی ئەمریکادا، بنکەیەک کە لێیەوە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئەلشەباب لە سۆماڵ دەستپێدەکرێت؛ و سەربازانی کینیا زیاتر لە دە ساڵە لە سۆماڵن.
کینیایەکی سەقامگیر بۆ جیۆپۆلەتیکی ڕۆژئاوا زۆر گرنگە، لەگەڵ ئەوەشدا دامەزراوەکانی ڕۆژئاوا ناوەندی ناسەقامگیرکردنی وڵاتەکەشن.
لێرەوە دەزانین کە بۆچی کینیا ناتوانێت ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیانی دابین بکات و قەرزەکانی بداتەوە .
هاوکاتیش تێدەگەین لەوەی کە بۆچی گەنجان بانگەشەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییان بۆ ئەمڕۆ ، ڕۆژی 3 شەمە کردووە. لە بانگەشەکەیاندا لفلێتیان لە سۆشیال میدیا بڵاوکردۆتەوە بە هاشتاگی “هەموو شوێنێک داگیر بکەن”، “دەبێت ڕوتو بڕوات ” و “ڕەتی بوچەی گەندەڵان بکەرەوە ”.