یونیسێف دەڵێت، نزیکەی لە هەر پێنج منداڵ یەکێکیان لە ناوچە جێناکۆکەکان دەژین
28/12/2024
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی یونیسێف منداڵانێکی زۆر لە جیهاندا قوربانی دەستی ئەو شەڕ و ئاژاوانەن کە لە زۆر ڕوەوە شوێن و وڵاتەکانی ناسەقامگیر کردووە کە نەك هەر لەڕووی هەژاری و تیاچونیانەوە زەرەرمەند بوون بەڵکو لە زۆر ڕووی دیکەشەوە کارایی خراپیان لەسەر دانراوە .
ڕاپۆرتەکە ڕۆشنایی خستۆتە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:
+ نزیکەی یەک لە پێنج منداڵی جیهان لەو ناوچانەدا دەژین کە بەهۆی ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
+ بەپێی ئەو ئامارانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویانکردووەتەوە، زیاتر لە 473 ملیۆن منداڵ بەدەست خراپترین ئاستی توندوتیژییەوە دەناڵێنن لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.
+ ڕێژەی ئەو منداڵانە کە لە ناوچەکانی بەیەکاداندا دەژین لە سەرانسەری جیهاندا دوو هێندە زیادی کردووە لە نزیکەی 10% لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بۆ نزیکەی 19%، هەروەها هۆشداریشیدا کە ئەم زیادبوونە دراماتیکییە لە زیانەکانی بۆ منداڵان پێویستە نەک ببێتە “ئاسایی نوێ.
+ لە ساڵی 2023 وە 32 هەزار و 990 پێشێلکاری سەختی لە دژی 22 هەزار و 557 منداڵ پشتڕاستکردەوە، کە بەرزترین ئامارە لەو کاتەوەی ئەنجومەنی ئاسایش نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر چاودێری کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر منداڵانی جیهان بڕیاریدا.
+ کۆی ژمارەی ئەو منداڵانەی کە بە زۆر ئاوارە بوون لە ساڵی 2023دا گەیشتە 47.2 ملیۆن کەس.
+ ژمارەی کوژراوان دوای نزیکەی 15 مانگ لە شەڕی ئیسرائیل لە غەززە بە زیاتر لە 45 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت و لە کۆی ئەو حاڵەتانەی کە پشتڕاستکراوەتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە 44% منداڵن.
+ لە ئۆکرانیا، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2024 دا قوربانیی منداڵانی زیاتری پشتڕاستکردووەتەوە بە بەراورد بە تەواوی ساڵی 2023، پێشبینیشی کردووە لە ساڵی 2025 دا زیادبوونی زیاتری منداڵان هەبێت.
+ ڕاپۆرتەکە بە تایبەتی سەرنجی بۆ دۆخی نالەباری ژنان و کچان ڕاکێشا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕاپۆرتە بەرفراوانەکانی دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسی لە ململانێکاندا بڵاوبوونەتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هایتی تەنها لە ماوەی ساڵی 2024 دا ژمارەی ڕووداوە ڕاپۆرتکراوەکانی توندوتیژی سێکسی دژی منداڵان بە ڕێژەی 1000% زیادیکردووە.
+ ئاماژەی بەوەش داوە کە منداڵان بە تایبەتی لە کاتی شەڕدا تووشی بەدخۆراکی بوون، کە بە تایبەتی هەڕەشەیەکی کوشندەیە لە سۆدان و غەززە. زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە پێنج وڵاتی زیانلێکەوتووی ململانێکان لە برسێتیدان.
+ هەروەها ململانێ کاریگەری جددی لەسەر دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی و خوێندنی منداڵان هەیە. لەسەدا چل لە منداڵانی کە نەکوتراون یانی بە کەمی کوتراون لەو وڵاتانەدا دەژین کە بە تەواوی یان بەشێکیان کاریگەری ململانێیان لەسەرە، ئەمەش وایان لێدەکات زۆر زیاتر بەرەوڕووی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەک سورێژە و ئیفلیجی منداڵان ببنەوە. لە مانگی تەمموزدا نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان لە غەززە دەستنیشانکرا، یەکەمجارە لە دوای چارەکە سەدەیەك ڤایرۆسەکە لەوێ دەرکەوت .
+ زیاتر لە 52 ملیۆن منداڵ لە وڵاتانی زیانلێکەوتووی ململانێ لە خوێندن بێبەشن، ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی منداڵان لە سەرانسەری کەرتی غەززە، و ڕێژەیەکی بەرچاو لە منداڵان لە سۆدان، زیاتر لە ساڵێک لە خوێندن بێبەش بوون.
+ لە وڵاتانی دیکەی ململانێدا، لەوانە ئۆکرانیا، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و سوریا، قوتابخانەکان زیانیان پێگەیشتبوو، لەناوچوون یان دووبارە ئامانجیان بۆ دانرابووەوە، بەمەش ملیۆنان منداڵ دەستیان بە فێربوون نەگەیشتبوو.
+ ڕاپۆرتەکە دەڵێت: “کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی دەروونی منداڵانیش زۆر گەورەیە”. توێژینەوەیەک کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لەلایەن ڕێکخراوی خێرخوازی War Child پشتگیری کراوە، ڕایگەیاندووە کە 96%ی منداڵانی غەززە هەستیان بەوە کردووە کە مردنیان نزیکە و نزیکەی نیوەیان دەیانەوێت لە ئەنجامی ئەو زەبر و زەنگەی کە بەسەریاندا هاتووە بمرن.