کەمپەینی بەخۆڕاییکردنی ئامرازەکانی هاتووچۆی گشتی لە لەندەن و کردنی چەند پرسیارێك
27/07/2024
لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا پێشنیاری بەڕێکردنی کەمپەینێك بۆ بە خۆڕاییکردنی ئامرازەکانی هاتوچۆ لە لەندەندا وەکو پاس و میترۆ و قیتار کرا . گروپێکی ئێمەش لە شارەوانی هارینگەیدا بە دوو کەس بەشداریمان کرد لەگەڵ دەیەها گروپی دیکەی شارەوانییەکانی تر.
کەمپەینەکە لە ئێستادا لە پەرەسەندندایە و لە هەندێك شارەوانیدا گروپی تایبەتی ئاسۆیی بۆ دروست کراوە و کاری لەسەر دەکەن . ئێمە لە شارەوانییەکەی خۆماندا هەزاران لفلێتمان لە چاپ داو گرنگی کەمپەینەکە و پێویستی و زەرووریەتییمان و دەستنیشانکردنی چەند سەرچاوەیەك وەکو فەندێك بۆ بەخۆڕاییکردنی ئامرازەکانی هاتووچۆ-مان دەسنیشان کرد و ڕۆژانە لە زۆر شوێندا دابەشمان دەکرد و قسەمان لەگەڵ خەڵکیدا دەکرد بۆ گرتنی کۆبوونەوەیەکی گشتی بۆ خەڵکی .
بێ گومان بەخۆڕاییکردنی ئامرازەکانی هاتووچۆ لە لەندەندا زۆر سوودی هەیە : بۆ ژینگە ، کەمکردنەوەی نەخۆشی ڕەبۆ و مردن ، چێژوەرگرتن لە سەفەر، بەهێزکردنی پەیوەندی نێوانی خەڵک و خولقاندنی زیاتری کار و تەنانەت بۆ بزنسیش زۆر باشە، ژیانی سۆشیالی ، کەمکردنەوەی پێویستی سەیارە، زەربەدان لە کۆمپانیاکانی نەوت و بەنزین و گازۆیل، سەلامەتی خەڵك ، بەکارهێنای شوێنی ساحەی سەیارە و پاركکردن بۆ مەبەستی دیکە و دەیەها سوودی دیکە.
هاوکاتیش ئەوەمان ڕوونکردنەوە کە ئەمە خەون نییە و لە زۆر شوێنی دیکە هەیە بۆ نموونە : لۆکسەمبەرگ، تەلیین لە ئیستۆنیا، مۆنتەپیلێر و دونکەریە (Montpellier , Dunkerque ) لە فەرەنسا هەروەها Albuquerque , Kansas City ) لە ئەمەریکا ، مالتا و چەند شارێکی دیکە لە ئیسپانیا و پۆڵندە بەرازیل.
بێگومان هەموو کەس بە ئایدیایەکی زۆر باش و زەرووری دەزانی چونکە تکتی هاتووچۆ لە بریتانیادا لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا گرانترە بەڵام تاکە پرسیارێک کە دەکرا ئەوە بوو کە پارە نییە و ناکرێت!! ئەم خەڵکە میدیای فەرمی و پاگەندەی بەردەوامی حوکمڕانان و سیاسییەکان ئەوەی لە مێشکیاندا جەسپاندووە کە پارە نییە و گەر هەر شتێکی زیادە بکرێت دەبێت باج لەسەر کرێکاران و خەڵکە ئاساییەکە زیاد بکرێت .
ئەم خەڵکەی کە ئەم پرسیارانەیان دەکرد هەرگیز ئەو پرسیارانەیان لە خۆیان نە دەکرد : ئەی بۆ 75 ملیار پاوەند هەبوو بۆ موچەی کرێکاران و کارمەند و خەڵک لەکاتی پەتای کۆرۆنا کە لۆکداون دەستی پێکرد ؟ بۆچی 12 ملیار پاوەند هەبوو بۆ هاوکاری حکومەتی ئۆکرانیا ؟ 11 ملیار پاوەند بۆ سوپای بریتانی بۆ جەند ساڵێکی کەم تەرخان کراوە ، بۆچی؟ بۆچی حکومەتی تازەی بریتانیا پابەندی خۆی دەربڕی بە دانی 3 ملیار پاوەند ساڵانە تاکو لانی کەم ساڵی 2029 بۆ هاوکاری سەربازی و سوپای ئۆکرانیا لە جەنگیدا دژ بە ڕوسیا؟ کەچی خەڵك پرسیار ناکات باشە حکومەت ئەم پارەیە لە کوێوە دەهێنێت ،بەڵام بۆ ئەم مەبەستە و زیادکردنی موچەی کرێکران و کارمەندانی کەرتی دەوڵەتی پارە نییە ؟!! ئەمانە چەند نموونەیەکن لە دەیاهە نموونەی دیکە کە حکومەت پارەی هەیە یا دەتوانێت پارە بەدەست بهێنێت گەر بییەوێت.
هەر بۆ نموونە باج دانان لە سەر ملیاردەر و ملیۆنەرەکانی بریتانیا کە سەرمایەکانیان دەگوێزنەوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە تەکس نادەن یا زۆر کەم دەیدەن یاخود لە زۆنی پارێزراودا پاشەکەوتی دەکەن تاکو تەکسی لێنەدەن .
با هەر نموونەی ئەمەریکا بهێنمەوە گەرچی بە مانای ئەوە نایەت کە ئەوێ باشترە لێرە و حکومەتەکەی دادپەروەرە یا دادپەروەر ترە . بایدن پێشنیاری کردووە باجی 25% لەسەر سامان کە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار بێت دابنرێت، ئەمەش کە حساب کراوە 500 ملیار دۆلار لە ماوەی 10 ساڵدا کۆدەکاتەوە بۆ یارمەتیدانی دابینکردنی بودجەی یارمەتییەکانی وەک چاودێریکردنی منداڵان و هاوکاری دایکان و باوکان لە کاتی منداڵبوونیاندا . بایدن پێداگریی لەسەر پێشنیارەکەی دەکات و دەڵیت باجەکەی دادپەروەرانەیە، چونکە تێکڕای ڕێژەی باج بۆ هەزار ملیاردێری ئەمریکا کە لە ئێستادا لەسەد 8.2% باج دەدەن سەردەخات تاکو نزیک ببێتەوە لەو باجەی کە کرێکارانی ئەمەریکی دەیدەن کە لە سەدا 25 لە ئێستادا .
بەرازیل کە سەرۆکایەتی گروپی 20 دەکات، هەوڵی جددی دەدات کە لانیکەم 2% ی باج لەسەر 3 هەزار دەوڵەمەندترین ملیاردێری جیهان دابنرێت بۆ پرسی ژینگە و پاراستنی.