وشەی ‘بەخشراو’
24/08/2024
وشەیی ‘بەخشراو’ وشەیەکی کوردی پەتییە مانای خۆی هەیە و زۆرربەمان دەزانین کە لە چ دەقێکدا یاخود شوێنێکدا بەکاردەهێنرێت.
ماوەیەکی زۆرە کە ئەم وشەیە لەلایەن بەڕێز کاك کامەرانی عومەر سەریعەوە سەبارەت بەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە لە ڕوی دەرونییەوە شێواون. من دڵنیام کە کاك کامەران لە دڵسۆزی و گەڕان بەدوای مێژوی کۆنی شاری سلێمانی لە خزمەتکردن و باسکردنی یادەوەرەکانی ئەو کەسانە، لە هەڵس و کەوتی مرۆیانە و قسەخۆشییان و هەر ئاواش خۆشی دان بە خەڵكی ، کاك کامەران ئەوە دەکات ، کە لای من ئەوەی کە کاك کامەران دەیکات تەقدیر دەکرێت و جێی خۆی دەگرێت و هیواداریشم کە کاك کامەران بەردەوام بێت لە ئەرشێفکردنی ئەوەی کە دەیکات ، بەڵام پێویستی بە هاوکاری زمان هەیە تاکو وشەیەك ، چەمكێک، دەستەواژەیەکی دروست بۆ ئەو گروپەی نێو کۆمەڵ بەکاربهێنیت .
دووبارە و سەدبارەبونەوەی ئەم وشەیەش لە فەیسبوکدا خەریکە جێگیر دەبێت بۆ گروپێك لەوانەی کە لە کۆندا کێشەی دروونییان هەبوو وەکو ئەوەی کە ئەمانە گوناهبار بووبێتن و ئیتر بەم حاڵە دەرونییەی کە تێیکەوتن بەخشراون و پاکبوونەتەوە لە گوناهو تاوانەکانیان . بەکارهێننای ئەم وشەیە و سەپاندنی بەسەرئەو کۆمەڵە کەسانەدا نەك هەر لە جێگای خۆیدا نییە بەڵکو تاوانێکی گەورەشە کە دەرهەقیان دەکرێت .
ئاخر ئەمان چ تاوانێکیان کردووە تاکو بەخشرابێتن؟ لە چی بەخشرابێتن؟ ئەوەی کە تاوانی کردووە ‘ خودایە’ کە ئەمانەی ئاوا دەرونشێواو کردووە ئەمە لای ئەوانەمان کە بڕوایان بە ‘خودا’ هەیە . ئەوانەمان کە ئیماندار نین دەتوانین بڵێین کە کۆمەڵ و دەوڵەت تاوانباری سەرەکین بەوەی کە ئەمانە بەو شێوەیان لێهاتووە، کە نە چارەسەرێکی بنەبڕیان بۆ کراوە و نە جێگای حەوانەوەیان بۆ ساز کراوە و نە داهاتێکیان بۆ دابین کراوە و نە هاوکاری خێزانەکانیان کراوە و نە ڕێز و قەدریشیان لێگیراوە.
نەك هەر ئەوانەیان بۆ نەکراوە ، بەڵکو ئەمانە بوونەتە فلیم و سینەمایەك بۆ گەنجانی سەردەمی خۆیان بە گاڵتەپێکردن و سوکایەتی پێکردن پێیان، تەنانەت لێدانیشیان و تەرەکردنیان لە لایەن کەسانی گەورەوە بە هۆکاری ئەوەی ئەمانە زەرەریان هەیە و دەست دەوەشێنن، یاخود لە لایەن منداڵان و مێردمنداڵەوە لێشیان دراوە و ڕاوڕاوێنیان پێکراوە.
بەداخەوە هیچ شتێکی لە بەرانبەریاندا ڕەچاونەکراوە. کۆمەڵ و تاکەکانی لەوە حاڵی نەبوون کە هەندێك لەمانە بارودۆخێکی تایبەتی رووبەڕوویان بووەتەوە و دەرونیانی شێواندووە لەبەر ئەوەی کە ئەمانە زۆر هەستیار و ناسك و زیرەك و بەتوانا بوون بۆیان نەکراوە کە ئەوە قەبوڵ بکەن . هەندێکی دیکەشیان بە هۆکارری ترەوە کە دەکرا هەر لە سەرەتادا دەستنیشان بکرایە کە ڕەنگبوایە چارەسەر بکرانایە ، ئیتر هەر کێشەیەك بووبێت.