پەیامێکی ڕاست و بێ پێچوو پەنا لە پەکەکەوە
30/04/2025
بە گوێرەی ئەم لینکەی خوارەوە ، ئەو پەیامەی کە لە زاری قسەکەری قەندیل ڕایگەیاندووە لە نێوانی پەکەکە و حکومەتی تورکیادا هیچ ڕیککەوتنیك نییە و تەنها پەکەکە نێتپاکی خۆی نیشانداوە تاکو حکومەتی تورکیا هەنگاو بنێت بۆ ئاشتی و سەپاندنی ئاشتی لەوێ و چارەسەرێك بۆ پرسی کورد لە باکوردا.
بێ گومان ئەم پەیامەی ئێستا دەربڕینی تەواوی پەیامەکەی یەکەمجاری ئۆجەلان بوو کە بە هیچ شێوەیەك ئۆجەلان لەو پەیامەیدا باسی لە پرۆسەی ئاشتی و جورێك لە ڕێکەوتنی نێوانی خۆیان و حکومەتی تورکیای نەکردوە. بەڵام بە داخەوە کە ئەو پەیامە لە لایەن زۆرێك لە خودی پەکەکە و دۆستانی پەکەکە و ڕؤشنبیری چڵکاوخۆری حیزبی و دۆستی حیزب بە هەڵە خوێندرایەوە و خەڵكیان بۆ مەیەستی خۆیان کە تەقدیسکردنی خودی پەکەکە و کەس و کەسایەتی ئۆجەلان بوو چەواشە کرد و چاوبەستێکی ئێکجار گەورەیان لە خەڵك کرد تا ئەو ڕادەیەی کە ڕەنگە زۆرێك لە خەڵك لە ئیستادا بڵێن پەکەکە ئاشبەتاڵی کردووە و خیانەتی لە میللەت کردووە .
من هەمیشە چ لەو کاتەی کە پەکەکە شەڕی شاخی کردووە و دوای سەپاندنی شەڕی ئەمجارەش لە 2015 دا لە لایەن میتی تورکیا و ئەردۆگانەوە ، دژ بە شەڕ بووم تا ماویشم دژ بە شەڕم بۆیە ئاشتی و بێ دەنگکردنی چەك هەمیشە لە هەموو بوارەکاندا بە قازانجی چەكهەڵگران و هەموو کورد لە هەر پارچەیەکیدا بێت دەزانم.
ئێستاش کە پەکەکە چەک دادەنێت لام کارێکی زۆر باشە و هەنگاوێکی ئەریانەیە ئەوەندەی کە پرۆسەیەیەکی ئاشتی لە ئارادا بێت و خەڵك زەلیل نەبێت .
لێتانی ناشارمەوە من هەمیشە ناڕەحەتم بە زەلیلی هەر کەسێک هەر لایەنێک وەکو چۆن ناڕەحەت بووم بە زەلیلی خەڵکی و بێ هیواکردنی ملیۆنان لە خەڵك کاتی ئاشبەتاڵەکەی 1975 هەروەها ئەو هێڕشە دڕندەیەی کە حکومەتی سریلانکە بۆ سەرد بزوتنەوەی پڵنگەکانی کرد و تێکیشکانن، بە هەزارانی کوشت بە هەزارانی دیکەی گرت و ئەوەشی مایەوە پەردەوازەی کردن.
لە ئێستاشدا ئەمەی پەکەکەش زۆر نیگەران دەبم گەر بێت و پرۆسەیەکی ئاشتی لە ئارادا نەبێت یا ڕوونەدات هەر ئاوا بە ئاسانی خەڵکی بێ هیوا بکرێت و ئەزمونێكیان پێبدرێت ئەوە بگەیەنێت کە هەموو شتێك لەبەردەم زوڵم و زۆر و دڕندەیی دەوڵەتدا هەر شکست دەهێنێت ، ئیتر گرنگ نییە چەند قوربانی ددەدات و چەند ساڵ لە جەنگدا دەبێت و کێ پشتگیری دەکات.
ttps://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=239215
https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=239215