دووبارە گەندەڵیی
16/05/2025
حکومەتەکانم لە کاتی هەڵبژاردنیاندا دووجۆر مانیفێستیان هەیە. یەکێکیان کە لە کاتی هەلبژاردندا دەیفرۆشنەوە بە دەنگەدەران کە باس لە چاککردنی بارودۆخی ژیانیان دەکات . ئەویتریان مانیفێستی شاراوەیە ، کە دەتوانین بڵێین ئەجەندەی شاراوە.
حیزبی کرێکارانی بریتانیاش هەر ئاوای کرد، کە هاتە سەر حوکم یەکسەر دەستیان کرد بە جێبەجێکردنی ئەجەندە شاراوەکەیان لە بڕینی پارەی سووتەمەنی بۆ 10 ملیۆن پیر و خانەنشینکراو کە ساڵانە لە نێوانی 200 بۆ 300 پاوەند بوو . دوای ئەوە پارەی کەمئەندامان و خاوەنپێداویستی تایبەتییان کەمکردەوە و بڕیاری بڕینی هەندێکیشیان دا، دوای ئەمانەش ، باجێکی دیکەیان لەسەر بزنسە بچووکەکان دانا… ئیتر بەردەوامن لەمانەدا .
هەر هەمووشی بە بیانوی نەبوونی پارە و نوقسسانی بوجە لەو کاتەی کە حوکمیان کەوتە دەست بە بڕی 22 ملیار پاوەند. لەبەر ئەمە داوای هەرچیەك دەکەین وەکو پارە زیادکردن بۆ پرسی ژینگە ، بەخۆڕاییکردنی هاتۆوچۆ لە لەندەندا ، خواردنی بەلاش بۆ هەموو قوتابیانی سەرەتایی و زۆری تر وەڵامەکە ئەوەیە کە پارە نییە .
بەڵام ئایا ئەمە راستە ؟
با لە دەمی خۆیانەوە بیبیستین کە درۆیە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ:
دەوڵەمەندەکان خۆیان لە باجی زیاتر دەدەزنەوە لەوەی پێشتر بیریان لێدەکرایەوە یاخود دەبوایە بییاندایە . ڕێکخراوی چاودێری خەرجییەکان دەڵێت کەلێنی باج بۆ کەسانی دەوڵەمەند ڕەنگە زۆر زیاتر بێت لە 1.9 ملیار پاوەندە . داوا لە وەزیرەکان دەکات کە هەوڵەکانیان دوو هێندە بکەن تاکو تەواوی باجەکان کۆبکرێنەوە .
هەر ئەو ڕێکخراوە کە چاودێری خەرجییەکانی حکومەت دەکات ڕایگەیاندووە، دەکرێت کەسانی دەوڵەمەند لە بەریتانیا خۆیان لە باجی زیاتر بەدوور بگرن لەوەی کە بیری لێدەکرایەوە، دوای دابەزینی بەرچاوی ژمارەی سزاکان کە بۆ دەوڵەمەندە ساماندارەکان دەردەچن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی The National Audit Office NAO، ( فەرمانگەی وردبینی نیشتمانی) ژمارەی ئەو کەسە دەوڵەمەندانەی کە دائیرەی زەریبە / باج سەرپەرشتی دەکات لە 700 هەزار کەس لە ساڵی 2019-20 بۆ 850 هەزار کەس لە ساڵی 2023-24 زیادی کردووە ئەمەش مانای وایە گەر هەری کەیان تەواوی ئەو باجەی کە لەسەریان بە تەواوی بیدەن دەکرێت ئەو کەلێنەی کە حکومەت هەیەتی کە 22 ملیار پاوەندبووە بە ئاسانی و بە زیادیشەوە پڕ بکرێتەو، ئەو کاتەش پارە بۆ ئەو گروپانەی سەرەوە دەبێت..