پرسی چینایەتیی و تێڕوانینێك
10/07/2025
پێش ئەوەی بێمە سەر بابەتەکە زەروورە ئاماژە بە چەمکی داهات و سامان بدەم.
داهات: ئەو بڕە پارەیە کە لە کۆتایی ساڵدا ، زیاتر ساڵی میزانییەی پێدەوترێت ، کە کۆتایی مانگی مارتی/ئازاری ساڵی نوێیە. ئەمەش زیاتر مووچە، یا کرێی خانویەک ، قازانجی کۆمپانیایە یا قازانجی پشک، کارگەیەك ، سووی پاشەکەوت، قازانجی هەر پرۆژەیەکی خاوەن پرۆژەکە دەگرێتەوە… ئەمە پێی دەڵێن داهاتی ساڵانە.
سامان: یانی سەرجەمی داهاتی ساڵانە زائیدەن زەوی و زار، بەهای خودی کارگەو و کۆمپانیا ، پاشەکەوت، هەموو موڵکییەتێك لە وڵاتی نیشتەجێبوون یا دەرەوەی و وڵاتی نیشتەجێبوون لەگەڵ هەر دەستمایەیەكی دیکە کە خستویەتییەتە ڕەدەڵ و بەدەڵ و بازرگانی و قومار و قومارخانە ، بەهای ئاڵتون و ئەنتیك و ماتریاڵی زۆر گرانبەها کە دەکرێت ببەخشرێت و بفرۆشرێت. ئەمانە هەمووی بەسامانی کەسەکە حساب دەکرێت.
لە کاتێکدا کە دەڵێن لە فڵان وڵاتدا ئەوەندە ملییۆنەر یا ملیاردەر هەیە بە گوێرەی داهات و سامانەکەی ئەو حسابە دەکرێت. بە تێپەڕینی ساڵ داهات و سامانی هەندێك کەس یا کۆمپانیا لەزیادبووندایەو هەژاری و بێ کاریی لە زیادیدایە، واتە فۆرمیلەیەکی تەردییە، ئەمەش بەمانای زیادبوونی کەلێنی نێوانی سامانداران و بێ سامانان، بووان و نەبووان .
هەر بۆ نموونە لە بریتانیا لە ساڵی ١٩٩٠ دا تەنها ١٥ ملیاردەر هەبووە ، بەتێپەڕینی زەمەن ئەم ژمارەیە چوەتە سەرەوە . لە ساڵی ٢٠٢٣ دا ژمارەی ملیاردەران لە ١٥ وە سەرکەوتووە بۆ ١٧١ ملیاردەر کە بڕی سامانی هەر یەکێکیان ٤ ملیار پاوەند بووە. ئەمڕۆ هەرە دەوڵەمەندەکانی بریتانیا کە لە سەدا یەکی خەڵکن داهاتیان یەکسانە بە هەموو داهاتی لە سەدا ٧٠ ئەوانی دیکە. ژمارەی ملیۆنەرەکان لە بریتانیا لە ساڵی ٢٠٢٤ دا ٣.٠٦ ملیۆن کەسن ، هەر لەو ساڵەدا ٩،٥٠٠ ملیۆنەر بریتانیان بەجهێڵاوە.
بێ گومان ئەوە هەر بریتانیا نییە کە ملیاردەرەکان لە زیادبووندان هەموو وڵاتێکی ئەوروپی وایە تەنانەت لە کوردستانیشدا گەر ئامارێکی تەواو هەبێت ژمارەی ملیاردەرەکان لە هەڵکشاندان .
لە فەرەنسا ڕێژەی سامانداران و هەژاران لە زیادبووندان، لە ئێستادا سەرەکوەزیرانی ئەوێ لەبەر کورتهێنانی بووجە[ عەجزی میزانییە] پێشنیاری دوو ڕۆژ کەمکردنەوەی ڕۆژەکانی هۆڵیدەی لە ساڵێکدا کردووە. بەکەمکردنەوەی دوو ڕۆژ هۆڵیدەی توێژینەوەیەک سەلماندویەتی کە عکومەت دەتوانێت ٤٣.٨ ملیار پاوەند بۆ بووجە بگێڕیتەوە، بە واتایەکی دیکە دەکرێت بەو بڕي پارەیە قەزەکان کەمبکرێتەوە.
بێگومان پرسی چینایەتی تۆختر و چەقبەستووتر بوەەتەوە، بەڵام نەك بە تەنها کێشەکە لە نێوانی کرێکاران و سەرمایەدار و خاوەنکاردا دەمێنێتەوە، بەڵکو بووەتە پرسی هەرە زۆرینەی خەڵك لەگەل سەرمایەداراندا. کەواتە پرسەکە هەم چینایەتییە و هەم چینایەتیش نییە. چینایەتی نییە بەو پێناسە کۆنەی کە بۆی کراوە کە تەنها کێشەکە لەنێوان کەمایەتییەکی زۆر کەمی کۆمەڵدا کە کرێکارانن لەگەڵ خاوەن ئییش و ئیدارەکاندا، بەڵکو کێشەیەکی چینایەتییە لە نێوانی هەرە زۆرینەی خەڵکە [کرێکاران، جوتیاران، کاسبکاران ، دوکانداران، خاوەن بزنسی بچوك….تد] لەگەڵ خاوەنکار و سەمایەداراندا. ئا لەم بارەشدا شۆڕش بە تەنها شۆڕشێ کرێکاران و ڕزگاربوونی کرێکاران نییە بەڵكو شۆڕشی جەماوەرییە و هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکانی ژیان دەگرێتەوە.