دەسەڵات و دەوڵەت و چین: دوو بەرەی سەرەکی خەباتی ئەنارکییەکانە
19/06/2026
ئێمەی ئەنارکستی کوردزمان زۆر جار لەگەڵ مارکسیستەکاندا بەرکەوتنمان دەبێت. ئەوان ئەنارکستەکان تۆمەتبار دەکەن کە کێشەی سەرەکی ئەم سیستەمە بە پرسی سەرەکی دەوڵەتەوە دەبەستنەوە و بایاخیان بۆ پرسی ئابووری و ململانێی چینایەتی نییە.
ئەم تۆمەتە کە ئێمە ڕووبەرووی دەبینەوە نوێ نییە. ئەنارکستەکان هەر لە کۆنەوە لە لایەن زۆرێك لە مارکسیستەکانەوە ئەم تۆمەتەیان دراوەتە پاڵ. بێ گومان ئەمەش تاکە تۆمەتێك نەبووە بەڵکو تۆمەتی باوەڕنەبوون بە ڕێکخستن و گێرەشێوێنی و گرتنەبەری توندوو تیژی و زۆر تۆمەتی دیکە کە هیچ کام لەم تۆمەتانە دروست نین و تا ئێستاش بێ بەڵگە ماونەتەوە.
بۆ ئەوەی بچمە ناو باسەکەوە پێویستمان بەوەیە کە بنەماکانی ئەنارکیزم و مارکسیزم لەم بارەوە بپشکنین، ئەو کاتەش لە وەڵامی پرسیارەکاند یاخود ئەرگویمێنتەکاندا بە قووڵبوونەوە لەو مەسەلەیە دەکرێت تەواوی بنەمای هەردوو بیرۆکەکە بکەوێتە ڕوو، ئیدی خوێنەر خۆی دەتوانێت حوکم بدات و ڕەنگە پرسیارگەلێکی زۆریشی لا دروست ببێت.
مارکسیستەکان باوەڕیان بە بوونی دەوڵەت هەیە بە پاساوی بوونی چینەکان، ئەم پاساوەش بڕوای ئەوەیان پێدەدات کە ناتوانرێت پێش هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەی چینایەتی دەوڵەت هەڵبوەشێنرێتەوە. بەڵام بنەماکانی ئەنارکیزم پێداگری بە تەنها لەسەر پرسی دژایەتی دەسەڵات و دەوڵەت و ناوەندگەرایی و ڕێکخستنی هیرراشی ناکات، بەڵکو پرسی ئابووریی و ململانێی چینایەتی و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیش لە خۆی دەگرێت.
بەڕای من دەبێت قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە زۆر بە وردی و بە بەڵگەوە بێت تاکو غەدرێك و بەکەمگرتنێك لە ئەنارکیزم و بنەماکانی و بزوتنەوەی ئەنارکستی، نەکرێت.
ئاشکرایە مارکسیستەکان بە گشتی پێداگریی لەسەر دەسەڵاتی سیاسی لە لایەن کرێکارانەوە دەکەن و بوونی دەوڵەتی کرێکاریی یاخود “دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا” بە شێوەیەکی کاتیی بۆ ئەوان زەروورە. لای ئەوان بوونی ئەو دەوڵەتە ڕێگایەکە یا ئامرازێکە بۆ تێپەڕکردنی قۆناخی سۆشیالیزم بەرەو کۆمۆنیزم . واتە داڕمانی سەرمایەداری و لابەلاکردنەوەی جیاوازی چینایەتی، بە تێپەڕینی ئەم قۆناخە ڕوودەدات کە وردە وردە دەوڵەت لەبەرچاو وندەبێت و کۆمەڵگە پێدەنێتە قۆناخی کۆمۆنیزمەوە.
پێداگرتنی ئەنارکستەکان لە دژایەتی دەوڵەت و دەسەڵاتدا ڕاستییەکی نکوڵی لێنەکراوە. ئەمەش هۆکاری بوونی بیانووە لای مارکسیستەکان تاکو ئەو تۆمەتە بخەنە پاڵ ئەنارکستەکان، گوایە ئەنارکستەکان ئایدیالستین نەك واقیعیی. ئەوان هەموو تێکۆشانی ئەنارکستەکان لە چوراچێوەی دژە دەسەڵات و دژ بە دەوڵەتدا دەبینن، نەك ململانێی چینایەتی و تەواوی پرنسپڵەکانی دیکەی ئەنارکیزم کە بزوتنەوەی ئەنارکستی بە درێژایی مێژوی، خەباتی بۆ کردووە.
خاڵێکی گرنگی تێڕوانینی مارکسیستەکان بۆ کێشەی چیانیەتی و کاتێك باس لەم ململانێیەش دەکەن قسەی ئەوان لەسەر بە تەنها ململانێی نێوانی کرێکاران و سەرمایەدارانە، یاخود کار و سەرمایە و ئەمەش زۆرجار لە بازنەی کرێکارانی پیشەسازیدا بەندکراوە. هاوکاتیش بناخەی هەموو ڕووداوەکانی مێژووش بۆ ئەو ململانێە دەگێڕنەوە. تەنانەت مێژوی ململانێی بەشەرییەت بە پلەی یەکەم بۆ مێژوی کێشەی نێوانی چینەکان دەگێڕنەوە، پرسی هیرراشی/ پلەبەندی کە بەردی بناخەی دروستبوونی چینەکانە فەرامۆش دەکەن وەکو ئەوەی مێژووی ململانێ لە مێژوی چینەکانەوە دەستی پێکردبێت. لای ئەوان بەلابەلاکردنەوەی پرسە چیانیەتییەکە، پرسی هیرراشی/ پلەبەندیش میکانیکیانە، ئۆتۆماتیکی نامێنێت و حەل دەبێت .
ئەو تێڕوانینەی ئەوان، نکوڵی کردنە لەو راستییە کە مێژوی ململانێی نێو کۆمەڵگەکان هەمو وەخت لە نێوانی چەوساوان و چەوسێنەراندا نەبووە، بەڵکو مێژوی بەیەکادان و شەڕە گەورەکان زیاتر لە نێوانی خودی چەوسێنەران و دەسەڵاتداران ودەوڵەتەکاندا بووە. هەموو جەنگەکانیش جەنگی دەسەڵات بوون نەك جەنگی چینایەتی، کێشەکانی نێو کۆمەڵگە، کێشە چینایەتییەکان وەکو تاکتیکێك بۆ ستراتیجییەتی بەدەستهێنانی جۆری جیاوازی دەسەڵات بەکارهێنراوە وەکو دەسەڵاتی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتیی … تد. بە واتایەکی دیکە مێژوی ململانێیکان هەر بە تەنها لە نێوانی کار و سەرمایەدا نەبووە، بەڵکو لە نێوانی خودی زاڵمان و دەسەڵاتداران و تیرە و هۆز و دەوڵەتاندا بووە. ئەم جەنگانەش بە هەزاران ساڵ پێش سەرهەڵدانی چینی کرێکاری پیشەسازی یاخود کرێکارانی هەندێك بەشی تر بوونیان هەبووە .
وەکو پێشتر وتم، مارکسیستەکان لە تۆمەتەکانیاندا کە دەیدەنە پاڵ ئەنارکستەکان نە کاتی خۆی بەڵگەیەکیان هەبووە و نە ئێستاش. زۆربەی ئاراستە یا نەریتە ئەناکستەکان نەك هەر بە قووڵی قسەیان لەسەر خەبات و ململانێی چینایەتی کردووە، بەڵکو زۆر چالاکانەش بەشدارییان کردووە وەکو ئەنارکۆ-سەندیکالیزم، ئەنارکیزمی کۆمەڵگەرایی، ئەنارکیست کۆمۆنیست. لەمەش زیاتر خودی بیرمەندانی ئەنارکستی وەك باکۆنین، کرۆپتیکن، مالاتێستا، گۆڵدمان و بێرکمان بەو پەڕی توانا و هێزی خۆیانەوە پشتیوانی بزوتنەوەی کرێکارانیان کردووە.
ئەنارکستەکان لە وەڵامی مارکسیستەکاندا سەبارەت بە دەسەڵات و دەوڵەت و دەوڵەتی کاتیی وتویانە و دەڵین ئەوەی لای ئەوان ناوی دەوڵەتی شۆڕشگێڕی لێنراوە لەناوناچێت، بەڵکو چینێکی نوێی حوکمڕانان دروست دەکاتەوە. دروستی ئەم قسەیەش بە عەمەلی و فیعلی لە دەوڵەتی بەلشەفی و هەموو دەوڵەتە کۆمۆنیست و بەناو سۆشیالیستەکاندا سەلمێنرا، هەر ئاواش سەبارەت بە خولقاندنی چینێك یا تۆێژاڵێکی نوێی دەوڵەتداران و لە پرسی ناوەندگەرایی و تێشکانی بزوتنەوەی کرێکارانیشەوە ئەوە سەلمێنرا. مێژوو سەلماندی کە دەوڵەتە سۆسیالیستییە ناوەندگەراییەکان بوونەتە دەسەلاتی بیرۆکراسی تاکڕەو لەبری دروستکەری کۆمەڵگەیەك کە کرێکاران تێیدا ئازاد بن.
ئەنارکیستەکان پێیان وایە خودی پلەبەندیی خۆی مەترسیدارە و دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی زاڵبوو بەرهەم دەهێنێتەوە. ڕزگاریی دەبێت لە ڕێگەی ڕێکخراوە جەماوەرییە ئاسۆییەکان و فیدراسیۆن و سەندیکا شۆڕشگێڕ و کۆموونە دیموکراسییە ڕاستەوخۆکانەوە ڕووبدات نەك لە ڕێگەی “دەوڵەتێکی شۆڕشگێڕی کاتییەوە.”
لێرەدا دوو خاڵی گرنگ هەیە :
یەك: ئەنارکستەکان دەزانن کە هیچ جۆرە گریمانێک نییە بۆ بوونی ئازادی تاك و کۆمۆنێتیەکان و کۆمەڵگەکان و یەکسانی ئابووری و دادوەری کۆمەڵایەتی لە هیچ قۆناخ و لە نێو هیچ جۆرە کۆمەڵیکدا ئەوەندەی دەسەڵات هەبێت ئیتر شێوەی دەسەڵات و ناوەرۆکەکەی هەرچی بێت. مێژو بە سەدان بەڵگەی لەم بارەوە نیشان داوە. کەواتە بوونی دەسەڵات ئەو پایەیە کە تەواوی نەبوونی ئازادیی و مەحرومی نایەکسانی ئابووری و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و زوڵم و زۆر لەسەری ڕاوەستاوە. لە بارێکی ئاوادا هەتا پایە سەرەکییەکە نەڕوخێت ئەوانی دیکە هەرەس ناهێنن .
دوو: ئەو گۆڕانکاریانەی کە دەکرێت و دەبێت بکرێن وەکو گۆرانکاری کۆمەڵایەتی، جەماوەریی، دەبێت ڕەگووڕیشەیی بێت لەم بارەدا دەبێت لە بنەوە و لە نێوەندی هەموو توێژاڵە کۆمەڵایەتییەکان دەستی بۆ ببرێت نەك لە سەرەوە. ئەم بابەتەش لای ئەنارکستەکان ڕوونە و دەزانن چۆن مامەڵەی دەکەن. هەرچی مارکسیستەکانە دەیانەوێت ئەو پرسانەی کە لە سەرەوە ناوم هێنان لە ڕێگەی دەوڵەتی وەك دیکتاتۆرێتی یاخود دەوڵەتی کرێکاری و پڕۆلیتارییەوە چارەسەر بکەن. بە حسابی ئەوان کرێکاران لە دابینکردنی دەوڵەتدا دەبێتە خاوەنی ئیدارە، خاوەنی هێز و یاسا ئەو کاتە سەراپای کێشەکان حەلکردنیان زۆر ئاسانە.
مێژوو نیشانی داوە لەوەتەی دەسەڵات دروست بووە کە دواتریش لە دەسەڵاتی دەوڵەتدا خۆی تۆکمە کردووە تا ئێستاش هیچ کاتێك دەسەڵاتێك، حکومەتێك نەبووە لە بری حەلکردنی کێشەکان زەقتر و تۆختری نەکردبێتەوە، لە سای ئەو دەوڵەتەدا هەمیشە خەڵکانێك هەبوون ئەگەر کەمایەتیش بووبن لەو مافانە بێ بەش و سەرکوت کراو بوون، زوڵمیان لێکراوە.
کەواتە بەرنامە و پلانی مارکسیستەکان و بنەماکانی مارکسیزم نەك هەر ناتوانێت پرسی ناکۆکی چینایەتی لابەلا بکاتەوە بەڵکو ئەو دەسەڵاتەشی کە دەیگرێتە دەست بەرەو توندوتیژی و دیکتاتۆرییەت دەبات، ئەمە چ جای ئەوەی بەرەو پوکانەوەی بەرێت و بگاتە دوا مەنزڵ کە کۆمۆنیزمە.
دوو پرسیار لێرەدا لەبارەی شێوازی ئابووری و شێوازی دەسەڵات دێنە پێشەوە کە کامیان چەقی کێشەی چینایەتین؟ ئایا دەسەڵاتگرتنە دەست بە پلەی یەکەم دێت و لەوێوە کێشە ئابوورییەکە و ململانێی چینایەتی لابەلا دەبێتەوە یاخود لە ڕێگەی نەهێڵانی دەسەڵات و دەوڵەت لە شانی ململانێی چیانیەتیەوە؟
بەڕای من ئەم دوو پرسییارە تەواکەری یەکدین، بێ کێشەی چینایەتی نایەکسانی ئابووری ڕوونادات. هەر ئاواش پرس و نایەکسانی ئابووریش لەسەر پایەی دەسەڵات وەستاوە، ئەوە نایەکسانییە کە دەسەڵاتی دروست کردووە ، ئەوەش دەسەڵاتە کە نایەکسانی دروست کردوە و دەیپارێزێت و بەردەوامیی پێدەدات. زۆر بە جوانی لە وێنەیەکی هەرەمیدا دەتوانین ئەمە ببینین. لەو وێنەیەدا دەتوانین بڵێین بنچینەی دەسەڵات لە بنی هەرەمەکەوەیە و ئابوری و پرسی ئابووری بە هەموو گرفتەکانییەوە لە لوتکەی هەرەمەکەدایە. ئا لەم بارەدا چەندێك لوتکەی هەرەمەکە بشکێنرێت، مادام بنچینە و دیوار و پایەکانی هەرەمەکە بە پێوەن هیچ درز و شکستێکی نەهێناوە ئەوە دواتر دەتوانرێت هەمان شتی لەسەر دروست بکرێتەوە بەڵام رەنگە لە شێوەیەکی دیکەدا بکرێت، چونکە پرسە چینایەتی و کێشە ئابوورییەکە هەر لەوێن و ئەوەی کە گۆرراوە جۆری دەسەڵاتەکەیە بۆ دیکتاتۆرییەت، دیمۆکراتییەت، لیراڵ، نیو-لیبراڵ، دەسەڵات و دەوڵەتی کرێکاری، پرولیتاریی .
وەکو وتم ئەم دوو پرسە تەواوکەری یەکترین بەهیچ شێوەیەك ناتوانرێت نەك هەر لە یەکیان دابڕیت بەڵکو چارەسەریشیان بێ یەك هەرگیز لابەلانابنەوە. ئەمەش خەباتی دوولایەنەی بەسەر ئەنارکستەکاندا سەپاندووە، واتە خەباتی دژە دەسەڵات و دەوڵەت و خەباتی چیانیەتی کە هەردووکیان لە شانی یەکدییەوە دەڕۆن بەڵام ئەوەش ڕاستییە کە هەتا دەسەڵات هەبێت پرسە ئابوورییەکە وەکو خۆی بە کێشەیی دەمێنیتەوە .
ئەم دوو لایەنەی خەبات لای ئەنارکستەکان هەردوکیان چەقی کێشەکانن. گەر کێشەی دەوڵەت و دەسەڵات چارەسەر نەکرێت ئەوە کێشەی ئابووری وەکو خۆی دەمێنێتەوە کە کێشەی ئابووریش وەکو خۆی مایەوە ئەوە کێشەی چینایەتیش وەکو خۆی دەمێنیتەوە، کە کێشەی چینایەتیش وەکو کێشە مایەوە، بە دڵنیاییەوە لەوێدا ڕاناوەستێت و کێشەکان گەورەتر دەبن و شەبەقی نێوانی چینەکان و کەلێنەکان فراونتر دەبن وەکو لەئێستادا بە باشی دەیانبینین.
دەسەڵات و دەوڵەت ئەو پایە گەورەیە کە سیستەمەکەی لەسەر ڕاگیراوە، سیستەمەکەش ئەو دامەزراوەیە کە لە ڕێگەی دەوڵەتەوە دەپارێزرێت و گەشە دەکات و زیاتر ڕیشەی خۆی لەناو کۆمەڵگەدا دادەکوتێت. سەرمایەداری بە بێ بوونی دەوڵەت نە هێزی هەیە و نە دەسەڵات، ئەوە دەوڵەتە کە ئەو هێزەی دەداتێ کە بەردەوام بەهێزتر بێت لە ڕێگەی یاسا و پۆلیس و سووپا و تۆڕی سیخوڕی و میدیا و دادگە و دامەزراوەکانی خوێندن و پەروەردەوە و پارێزگاری لێدەکات.
گەر دەوڵەت و هێز و یاساکانی نەبن هەرگیز هیچ کۆمپانیایەك، هیچ کارگە و دامەزاراوەیەکی سەرمایەداری ناتوانێت لە بەرانبەر مانگرتن و دەستبەسەراگرتن لە لایەن کرێکاران و بەکارهێنەرانییەوە بۆ ماوەیەکی زۆر کورتیش دەوام بکات. ئەوە یاسا و هێز و هەژموون و کۆنترۆڵی دەوڵەت و دەسەڵاتە کە ڕێگە نادات گۆڕانکاری ڕووبدات، سنور بۆ چالاکی و ئازادییەکان دادەنێت و دژ بە یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەوەستێتەوە .
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بڵێم گەر چی ئەنارکستەکان و مارکسیستەکان لەگەڵ چەمکی کۆمەڵگەی ناچیانیەتی، سۆشیالیستی یەکدەگرنەوە بەڵام چەقی جیاوازی و ناکۆکییەکانیان لە هەنگاوی یەکەم بۆ بەدیهێنانی ئەو کۆمەڵگەیە دروست دەبێت. لێرەدا دەبینین جیاوازییەکی گەورەیان هەیە کە لای یەکێکیان کێشەکە بە بەردەوامی دەمێنێتەوە و گەورە دەبێت و لای ئەوی دیکەیان لە ڕیشەوە حەل دەبێت. لای مارکسیستەکان خەباتی چینایەتی پێویستی بە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت هەیە، لای ئەنارکستەکانیش دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی دەوڵەت ستەمێکی نوێ دروست دەکات و خیانەت لە شۆڕش دەکات.