بەرزکردنەوەی حەوت وشە و سزاکەی

بەرزکردنەوەی حەوت وشە و سزاکەی

05/10/2025

ئەوانەی کە وا دەزانن کە ئازادیی لە بریتانیادا هەیە و حکومەتی پارتی کرێکاران ، لەیببەر، پارێزگاری لە مافی ئازدیی لە دەربڕین جموجوڵی موعارەزەی حکومەتەکە و سیستەمەکە دەکات و باشترە لە پارتی موحافیزینی بریتانی، با تەنها سەرنجێکی ئەم پۆستە بدەن و هیچی تر.

دوای شەڕەکەی ئیسرائیل و حەماس ، کە دواتر بوو بە کارەسات بۆ فەلەستینییەکان و هیچ بەهایەکی مرۆڤی و سروشت نەما و نەهێڵرا و بەربەرێتی حکومەتی ئیسرائیل و ئەمەریکا و بریتانیا و سەرجەمی حکومەتە ئەوروپییەکان و ناتۆ بە ئاشکرا و ڕوونی دەرکەوت ،  گروپێک بۆ پشتگیری فەلەستینییەکان و دژ بە شەر بە ناوی ‘ Palestine Action. ‘  دروست بوو .  یەکێك لە چالاکییەکانیان پێش مانگی تەموزی ئەمساڵ چەند کەسێکیان دزەیان کرد و چوونە ناو فڕۆکاخانەیەکی سەربازی و توانییان دوو تەیارەی جێتی جەنگی بە چەند پەڵەیەك بۆیاخی ڕەنگاو ڕەنگیان بکەن .

ئەمە بووە بیانویەك بۆ حکومەت و سیاسییەکانی بریتانیا کە یاسایەك دابنێن ئەو گروپە بە گروپێکی تیرۆریستی بدەنە قەڵەم و بیخەنە ڕیزی داعش و تالیبان و ئەلقاعیدە و و شەباب  و بوکوحەرام  و … تد هەموو چالاکییەکیان لێ قەدەخە بکەن.  بەڵام ئەم گروپە هەر کۆڵی نەدا و بە بەردەوامی خەڵکی دیکەیان پێوە دەنیشتەوە و زۆربەی ڕۆژانی شەمە خۆپیاشاندانیان دەکرد .

پۆلیس  هەر کەسێك دروشمی ( I oppose Genocide I support Palastine Action من دژ بە جینۆسایدم، من پاڵپشتی چالاکی فەلەستینی دەکەم ) هەڵگرێت ئیتر مافی گرتنی هەیە ،  واتە  ئەم حەوت وشەیە بڤەیە و مەترسی 12 ساڵ بەندیخانە وتۆمارکردنی ناوەکەی لە لیستی ڕەشدا بۆ دەستکەوتنی کار و زیادکردنی سزاکەی لە کردنی هەر تاوانێکدا لە داهاتوودا بە ناوچەوانەوەیە.

تاکو ئێستا نزیکەی 1500 کەس لەوانە کە ئەو دروشمەیان لە خۆپیشاندانەکاندا بەرزکردۆتەوە دەستبەسەر کراون.  دوێنی شەمە 488 کەسیان لە سێنتەری لەندەندا لێ دەستبەسەر کرن کە بچوکترینیان تەمەنی 18 ساڵ و گەورەترینیان 89 ساڵ بوو .

پاولا دۆدز یەكێك لەڕێکخەرەکانی چالاکییەکە  وتی: “بەسە بەس. پێویستە سەرنجمان لەسەر سەلامەتی خەڵک بێت لە کاتێکدا وڵاتەکە لە ئامادەباشییەکی بەرزدایە لە هێرشێکی تیرۆریستی و لەبری ئەوەی  ئەفسەرە پۆلیسەرکان  ڕادەکێشرێن بۆ ئاسانکاری ئەم ناڕەزایەتییە بێوچانە.  ئێمە کەوتوینەتە بەر هێڕشی دژایەتیکردنی تیرۆریزم .  ئەمە چۆن دەبێت ڕاست بێت؟”