چالاکی جددی تر هەیە لە خۆپیشاندانی یەك ملیۆنی
19/01/2026
بڕیارە بەیانی ، هەینی ، یەك ملیۆن کەس بێنە سەر شەقامەکان بۆ دەبڕینی بێزاری و ناڕەزایی لە حکومەتی داعشی سوریا و هاوپشتی لەگەڵ هەسەدە و کوردانی ڕۆژئاوا.
بێ گومان هەموو جۆرە چالاکییەك بەهاو گرنگی خۆی هەیە ، ئەم چالاکییەی کە لە سلێمانی، زۆنی سەوزدا دەکرێت ، گەر لە وڵاتانی ئەوروپا و تەنانەت بەغدادیش بەو قەبارە گەورەیەوە بکرێت زۆر گرنگە. نەك هەر ئەوە بەڵکو لە هەولێریش زۆر زۆر گرنگترە تاکو کردنی لە زۆنی سەوزدا ئەویش بە هۆی دوو هۆکار: یەك: شکاندنی ڕێچکەی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی کە هەتا پێش ئەمەی کە لە ڕۆژئاوادا ڕوی دا ، کردنی هەموو جۆرە خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەك مەحاڵ بوو . دووش: هەموان دەزانین کە پارتی دۆستی نزیکی ئەردۆگان و حکومەتی تورکیایە زیاتر لە دۆستی میللەتی کورد ، هەروەها بوونی پەیوەندی گەرم لەگەڵ حکومەتی سوریای داعش دا.
لەبری ئەو چالاکییەی کە بەیانی لە کوردستاندا دەکرێت بەو قەبارە گەورەیە ، دەکرا بە قەبارەیەکی سەد یەك لەوە بچوکتر بکرایە یا بکریت و کارایی و ئەنجامی باشی زیاتر هەبێت .
من چەند ڕۆژێك لەمەوبەر پۆستێكم لە فەیسبووك کرد کە دەبێت کوردان لە باشوور چی بکەن ؟ لیستی هەندێك چالاکی ڕاستەوخۆم کرد بوو کە لێرەدا دووبارەی ناکەمەوە . بەڵام دەکریت بڵێم دەتوانرێت شتی زیاتر و کارا تر بکرێت وەکو :
فشار خستنە سەر دەسەڵاتدارانی هەردوو لا تاکو هاوکاری جددی ڕۆژئاوا بکریت ، کردنەوەی سنور ، ڕێگەدان بە هەر کەس کە دەیەوێت بروات بۆ هاوکاری هەسەدە، هەڕەشە لە تورکیا بە هەڵوەشاندنەوەی کۆنتراکتەکانیان ، بە ڕێگە نەدان بە کۆمپانیاکانیان ، بە داخستنی پەیمانگا و قوتابخانەی فێربوونی زمانیان [ ئەگەر هەیان بێت] . ڕێگە نەدان بە هیچ درامایەکی تورکی لە پەخشکردنی . راگرتنی سەفەری هەر کەسێك بۆ گەشتوگوزار [ مەگەر بۆ نەخۆشی ] هەڵوەشاندنەوەی تاپۆی خانوو موڵکانێک کە بە تورکەکانی تورکیا فرۆشراوە ، یاساخکردنی هەموو جۆرە بازرگانی و ڕەدەڵ و بەدەڵێك لەگەڵ تورکیا ، هەڵپەساردنی ئەو پرۆژانەی کە تورکیا لە کوردستاندا دەیکات . کۆبوونەوە و گردبوونەوە لەبەردەم ئەو مزگەوتانەی کە مەلا داعش فکرەکان پێشنوێژی و خوتبەی هەینی لێدەدەن ، واژۆ کۆکردنەوەی ئەو خەڵکانەی کە دەچنە پێششنوێژیان بۆ لابردنیان و بۆیکۆتکردنیان [ من دژ بە گرتنیانم ، دەبێت ئیفلاسی فکریان پێ بکرێت نەك ئەزێتی جەستەیی و گرتنیان و ئەستوورکردنی زیاتری ڕکوکینەیان] . هەر مەلایەك سوکایەتی بە ژنان بکات بە هەمان شێوەی ئەوانەی پێشتر کە باسم کردن مامەڵە بکرێن. داواکردن لە دەسەڵات کە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نەدرێت بە دیمانەکردنی ئەو مەلایانە لە تی ڤی و ڕادوێ و ڕٶژنامەو گۆڤارەکاناندا . داوای راگرنتی پەخشکردنی جەزیرە و هەموو میدیا داعشەکان، دەستبەسەراگرتنی موڵک و ماڵی عەلی قەرەداخی تەنانەت ڕێکخستنەوەی زانکۆکەی بە بژاردکردنی هاوبیر و دۆستە نزیکەکانی و دانی بە دادگا بۆ ئەو تاوانەی کە کرویەتی و دەیکات کە پشتگیری داعش دەکات و ئاسایشی کۆمەڵگە دەشێوێنێت.
دانانی کات بە دەرس یاخود لە کاتی پشوە درێژەکانی منداڵانی قوتابخانە سەرەتاییەکان بۆ قسە کردن لەسەر مەترسی داعش و داعش فکران و توندرەوێتی و نەوتنەوە و ڕەتکردنەوەی ئەو ئایەت و حەدیسانەی کە پشتگیری توندوتیژی و تیرۆری فکر جیاواز دەکەن .
لەمانەش زیاتر دروستکردنی گروپ و ڕێکخراو لە گەرەکەکان و شوێنەکانی دیکە بۆ پشتگیریکردن و کارکردن لەسەر جێ بەجێکردنی ئەوانە کە لە سەرەوە ناوم هێنان ، بۆ دژایەتی کردنی داعش و هەڵوەشاندندەوەی فکری پوچگەراییان .